سیاسەت و کۆنترۆڵکردنی ژینگە

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

"سیاسەت" و "ژینگە" هەمان وێنەی درەخت و زەوییە لە کاری باخداری دا، وەک چۆن هەموو زەوییەک بۆ بەرهەمهێنان و درەخت چاندن دەستنادات، بەهەمانشێوە هەموو ژینگەیەک بۆ سیاسەت و سیاسەتکاری گونجاو نییە و بەئاسانی بێڵکاری! سیاسی تێدا ناکرێت، بەڵام هەم سیاسەت و هەم ژینگەیش دەتوانن کاریگەرییان بۆسەر یەکتر هەبێت. هەمیشە سیاسەت ئەو هێزە سیحریەیە کە هێزی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و تاکی گەلێک زۆرە. لەم هاوکێشەیەدا هەم سیاسەت دەتوانێت کۆنترۆڵی "ژینگە بەپێناسە کۆمەڵناسییەکەی" بکات و هەم ژینگەش دەتوانێت هەموو هێزی کۆنترۆڵکردنی سیاسەت بخاتە دەرەوەی خۆی.

ژینگە؛ بەهەموو ماناکانییەوە، لەخۆرئاواوە بۆ خۆرهەڵات، ناچونیەک و جیاوازە. هەندێک ژینگە کۆنترۆڵکردنی ئاسانە لایەن هێزی سیاسی و ئابوورییەوە، بەڵام هەندێک ژینگەیتر هەمیشە تەقینەوەی ناوخۆیی هەیە دژی ئەو هێزانەی دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت بگوترێت ئەسڵەن ئەوەی لەخۆرهەڵاتدا هەیە ژینگەی تەواونییە یان زەرووریەتی مرۆڤایەتی نەیخوڵقاندووە، بەپێچەوانەی ژینگە خۆرئاواییەکەوە کە لەژینگە گشتییەکەوە تاکو ژینگەی خێزان و ژووری تاکەکان ژینگەیەکە کۆنترۆڵکردنی لەلایەن هەر هێزێکی دەرەکییەوە چ هێزی دینی مەسیحیەت و کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئیسلام بێت، یان چ هێزێکی ئابووری و سیاسی بێت، کۆنترۆڵکردن و تەسلیمبوونی ئەستەمە.

ئەگەر سیاسەت و پارتایەتی کۆنترۆڵی ژینگەی گشتی کردو لە ژینگەی گشتییەوە شۆڕبووەوە بۆ ژینگەی خێزان و تاک، ئەوا تەواوی هێزە دینی و ئابووری و وەرزشی و ...هتد، دەبنە موڵکی سیاسەت و هەموویان دەچنەژێر ڕکێفی ئەم هێزە سیاسییەوە. کۆنترۆڵکردنی ژینگە بەهێزی ئاینی و حیزبایەتی لەئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست و کۆتایی سەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەدا کۆتایی هات، لەفەرەنسادا ئیمانوێڵ کانت و هاوڕێکانی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەڕزگارکردنی ژینگە هەبوو لەدەسەڵاتی دینی مەسیحیەت و دادگاکانی پشکنین و دواتر گوازرایەوە ئەڵمانیاو پاشان بۆ وڵاتانیتری ئەوروپی، بۆیە لەو مێژووە بەدواوە کۆنترۆڵکردنی ژینگە لەئەوروپادا لەلایەن هەر هێزێکی سیاسی یان دینی یان ئابوورییەوە ئەستەمە، بەڵکو دوو هێزیتر نزیکەی لەوەی ژینگەی ئەوروپی داگیربکات وەرزش و سێکسە.

لەژینگەی خۆرهەڵاتیدا، ئاسانترین شت بۆ کاری پارتایەتی و بەردەوامی سیاسەت، کۆنترۆڵکردنی ژینگەیە بەسیاسەت. لە خۆرهەڵاتدا وەک خۆرئاوا نییە تائەندازەیەک هێزی ئابووری و سیاسەت دووربن لەیەکترو تێکەڵ نەبووبن، بەپێچەوانەوە لە خۆرهەڵاتدا هێزی سیاسی لەهەر وڵات و ژینگەیەکدا لای هەر هێزو چەند پارتێک بوو، ئەوا هێزی ئابووری ئەو ژینگەیەش لەلای ئەو پارتانە دەبێت، بۆیە زۆرجاران دەبینین لەخۆرهەڵاتدا ئەگەر حیزبەکان بەهێزی سیاسی نەتوانن کۆمەڵگا و ڕووبەری ژینگە گشتییەکە داگیر بکەن ئەوا هێزی ئابووری دەخەنەگەڕ لەبرسیکردنی تاک و میللەتدا، لەم ڕێگەیەوە وادەکرێت لەمیللەت و موچەخۆر و فەرمانبەران کە چاویان لەدەستی حیزب بێت نەک دەسەڵاتی دەوڵەت و حکومەت.

لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا، ژینگەی گشتی و ژینگەی خێزان و تاک، کۆنترۆڵکراوە بە سیاسەت، هەموو مەجلیس و دانیشت و بەرنامەیەک قسە لەسەر سیاسەت و ئابووری و موچەیە، چونکە عیراقیش بەو پێیەی لەناو ژینگە خۆرهەڵاتییەکەدایە، هێزی ئابووری وڵات لەلای حیزبەو موچەخۆران چاویان لەپارتەکانە موچەیان بداتێ نەک دەسەڵاتی دەوڵەت، لەم بارەدا دەبینین کە دەسەڵات هێزی ئابووری کۆنترۆڵ کرد وەک سەرچاوەی موچەی هاوڵاتیان ئەوا بەسیستماتیکانە توانیویەتی کۆنترۆڵی کۆمەڵگاو ژینگەی گشتیش بکات.


AM:11:43:14/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 3172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی