سعودیە و قەتەر، تورکیا و گەڕانەوە بۆ لای ئەمریکا !

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

دوای نزیکەی سێ ساڵ لەتێکچوونی پەیوەندییەکانی سعودیە و قەتەر (20 _ 5 _ 2017)و دەرهێنانی قەتەر لەئەنجومەنی هاریکاری یەمەن لەلایەن سعودیەوە و جیابوونەوەی قەتەر لەئەنجومەنی کەنداو کە ساڵی (1981) دامەزراوە، پاشان سزادانی هێڵی فڕۆکەوانی قەتەر و بەرتەسککردنەوەی جوڵە ئابوورییەکانی قەتەر لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت کەنداو، دواجار سعودیە و قەتەر چونەوەسەر مێزی گفتوگۆ، ئەم دانیشتن و ڕێککەوتنە دوای ئەوە نایەت قەتەر پاکبووبێتەوە لەتۆمەتی تیرۆر کە سعودیەو شا محەمەدو ئەمریکا خستبوویانە پاڵ قەتەر وەک سەرچاوەی ماددی تیرۆر، بەڵکو ئەم ڕێککەوتنە دوای جوڵەیەک و کرانەوەیەکی لەبەرچاوی ئیسرائیل دێت کە بەڕووی ناوچەکەدا کراوەتەوەو قەتەر نایەوێت چیتر لەدەرەوەی ئەم بازاڕە گەورەیەی خۆرهەڵات بێت، قەتەرییەکان پێیانوایە بۆ دەبێت ئەم بازاڕە گەورەیە بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل هەبێت، ئەی بۆچی بۆ قەتەر نەبێت؟!

ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە شتێکی نامۆ نەبوو، بەو پێیەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداویش چالاکییەکانی هەڵپساردبوو، کەواتە چاوەڕێی ئەوە دەکرا سعودیەو قەتەر جارێکیتر وەک دوو وڵاتی خاوەن نەوت نێوانیان باش ببێتەوە و ڕێککەوتنی نوێ واژوو بکەن. بەڵام ئەوەی کە گورزی کەمەرشکێنی بەردەکەوێت لەم ڕێککەوتنە نوێیەی سعودیەو قەتەر دەوڵەتی تورکیاو خودی ئەردۆغانە. نێوانی تورکیا لەگەڵ سعودیە گەلێک خراپترە لەنێوانی سعودیە لەگەڵ قەتەر، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەک لەدوای تێکچوونی نێوان سعودیە و قەتەر دەوڵەتی تورکیا هێزی سەربازی ناردە قەتەرو پەیامی توندی نارد بۆ سعودیەو ئەو وڵاتانەی کە قەتەر و تورکیا وەک دوو دۆستی نزیکی تیرۆر لەسوریاو عێراق تۆمەتبار دەکەن، لەلایەکیتریشەوە تورکیا شەڕێکی میدیایی توندی لەگەڵ سعودیە دەستپێکردووە لەدوای کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی (جەمال خاشوقچی) لەتورکیا و بەردەوام تورکیا لەڕێگای سیناریۆکانییەوە و هەرجارەی بە کۆمەڵێک بەڵگەوە دەیەوێت سعودیە و خودی محەمەد بن سەلمان تێوەبگلێنێت لەو ڕووداوەدا، تەنانەت لەساڵیادی تیرۆری خاشوقچیدا ئەردۆغان بەتەنزەوە وتی: مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی داکۆکی لەڕۆژنامەنووسان بێدەنگن لەم تیرۆرکردنە.

لەناو دیمەنی ئەم ڕێککەوتنە نوێیەی سعودیەو قەتەردا، ئەوەندەی تارمایی ئیسرائیل دەبینرێت هێندە تارمایی دەوڵەتی تورکیا نابینرێت. ئەم ڕێککەوتنە پێماندەڵێت هەم سعودیە دەیەوێت قەتەر بەئاراستەی ڕێککەوتنی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل ببات و  لەپێناو ئاشتکردنەوەی قەتەر تەزحیەی گەورە بدات، هەم قەتەریش پێی باشە چیتر لەو دوورەپەرێزی و گۆشەگیریەدا نەمێنێتەوەو ناچارە نێوانی لەگەڵ سعودیە چاک بکات. ئەو هەڵپەو ڕاکەڕاکەی سعودیە لەناوچەکەدا بۆ ئەمریکاو ئیسرائیلی دەکات زنگی دڵنیاییە بۆ قەتەر کە بەتەنها ناتوانێت دژی جوڵەکان و کرانەوەی ئیسرائیل ببێتەوە لەناوچەکە. لەم سێکوچکە بەرژەوەندخوازییەی (ئیسرائیل، سعودیەو قەتەر)دا، تورکیا واهەست دەکات هەم هێزی داکشانی لەدەستداوە بەرەو ئاسیاو کەنداو، هەم هێزی ئەوەیشی نەماوە بەرەو ئەوروپاو خۆرئاوا هەڵکشێت، ئەمەش بەپلەی یەکەم هێزی زیاتر دەداتە بانگەشەکانی عەلی باباجان کە ناوەناوە دژی ئەردۆغان دەڵێت "تورکیا دەروازەکانی لێداخراوەو ئێستا لەناو تونێلێکی تاریکدایە".

دواین ئەگەرێک بتوانێت تورکیا لەکەناری شکستێکی حەتمی بگێڕێتەوە ئەوەیە؛ ئیسرائیل تورکیا بگێڕێتەوە بۆ بەرەی ئەمریکاو تورکیا تەواوی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ دژەکانی ئەمریکا وەک (کڕینی چەک لەڕوسیا)و (مامەڵەکردن بەنەوتی ئێران) هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش گەلێک قورس دەبێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە ماوەیەکی کەمدا تورکیا ناتوانێت لەخەیاڵدانی ئیسرائیلدا هەموو ئەو مێژووی دژایەتییە بسڕێتەوە کە لەدوای دەسەڵاتدارێتی بەعسییەکانەوە لەعێراقدا تورکیا دژی ئیسرائیل هەیبووە، چونکە لە1948 تاکو 1979 تورکیا لەدیارترینی ئەو وڵاتانەبووە کە پشتیوانی دەوڵەتێکی بۆ ئیسرائیل کردووە، بەڵام لەدوای ساڵی 1979 کە تێیدا (سەدام حسێن) دەگاتە لوتکەی دەسەڵات و دەرکەوتنی ڕۆحی باڵای (ئوممەی عەرەبی) ئیتر تورکیا لە پشتیوانی دەوڵەتی ئیسرائیل پەشیمان دەبێتەوەو بەشێوەیەکی بچڕبچڕی مێژوویی پشت دەکاتە ئیسرائیل و ڕوو لەعێراق، لەمێژووی نزیکیشدا هاوپەیمانی ئێران _ تورکیا _ ڕوسیا، بەجۆرێک لەجۆرەکان تورکیای لەبەدیهێنانی خەونێک بێبەشکردووە ناوی گەڕانەوەو دۆستایەتی نێوان ئەمریکاو تورکیا بێت.

هیچ وڵاتێک لە ناوچەکەدا نییە لەدوای ئێران هێندەی تورکیا دژی ڕێککەوتنی سعودیەو قەتەر بێت، چونکە تورکیا نەک تەنها ڕووە ئابووری و جیۆسیاسییەکەی ناوچەکەی بۆ گرنگە، تەنانەت ئەوەشی بۆ گرنگە چۆن هێڵی سوننی ناوچەکە لەبەرەیەکدا کۆبکاتەوەو سەرچاوەکەیشی لەتورکیاوە هەڵبقوڵێت وەک چۆن هیلالی شیعی لەئێرانەوە دەپژێت بەعێراق و سوریاو ئوردن و وڵاتانیتری سەر هیلالەکەدا. بۆیە ئەم ڕێککەوتنەی سعودیە و قەتەر هەر هێڵ و مەبەستێکی لەپشت بێت لەسوودی تورکیا نییەو دژی دەبێت.


PM:12:01:09/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی