قوباد تاڵەبانیش وەک باوکی ڕەحمەتی!

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

شەش ساڵە پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەلای (قوباد تاڵەبانی)یە، لەم شەش ساڵەی کاری ئیداری و کارگێڕیدا بەڕێز قوباد تاڵەبانی وا وێنای وەزیفەکەیی کردووە بەیەک ڕۆحی کوردانەی نەتەوەییانەی دڵسۆزانە و دوور لەجیاوازی ناوچەیی کاری کردبێت. بەڵام لەم شەش ساڵەدا ئەوەندە ماندووە بەدەست سیاسەتی هەڵەی هەولێرەوە، پێدەچێت بەم زوانە! "ئەگەر پارتی پابەندی ڕێککەوتن نەبێت لەگەڵ بەغدا" ئەویش وەک باوکی ڕەحمەتی کە چۆن ماندوو بوو لەسیاسەتی کۆنی سەرکردایەتی پارتی و لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەدی خەزووری پارتیان جێهێشت، ئاوها قوباد تاڵەبانیش کابینە ئەمنییەکەی! پارتی جێبهێڵێت و ستۆپێک بەو ملهوڕییەی پارتی بکات و (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەتەنها لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکات لەپێناو هاوڵاتیانی کوردستان.

ئێستا کە شۆمۆندۆفێری ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قوباد تاڵەبانی دەیئاژوێت، تەکانێکی بۆ پێشەوە داوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەموو ئەو پێگە سیاسی و ناوبانگەی کورد لە زەمەنی (مام جەلال تاڵەبانی)دا هەیبوو، لەسایەی ڕیفراندۆم و سیاسەتە هەڵەو چەواشەکارییەکانی هەولێردا لەدەست دراو پێگەی کورد لە دۆخێکی نەخوازراودایە.

بەمەش ئەگەر پارتی بابەند نابێت بەبڕیارەکان و ڕێککەوتنەکانی قوباد تاڵەبانییەوە لەگەڵ بەغدا و بەربەست بۆ دەستکەوتەکانی قوباد تاڵەبانی دابنێت، ئەوا لەلایەک هاوڵاتیان و میللەت مافی خۆیانەو ڕاستیش دەکەن ڕەخنە لە قوباد تاڵەبانی و هاوسەرۆکان و یەکێتی و تەنانەت (بەندەیش وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربە یەکێتی) بگرن و گلەییمان لێبکەن، لەلایەکیتریشەوە پێویستە کاک قوبادیش بەهەمان شێوەی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد ئەو حکومەتە بداتەوە پارتی و حکومەتی سلێمانیی پێکبهێنێت.

ئەوەی پارتی ناوی ناوە خیانەتی 66 و جیابوونەوەی سەرۆک مام جەلال لەپارتی، دەرئەنجامی ئەو هەڵەو ملهوڕیانەی هێزی بارزانییەکان بوو دژی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد، مام جەلال هەرگیز لەخۆشیدا یان وەک ئاشبەتاڵێک لەپارتی دیموکراتی نەڕوانیووە کاتێک لەڕیزەکانی پارتی هاتەدەرەوە، بەڵکو ماندووبوو لەدەست ئەو حیساب نەکردن و تاک بڕیارییەی لەلای هەندێک کەسی باڵی سەرکردایەتی پارتی هەبوو بەتایبەت مەلا مستەفای کۆچکردوو دژی مەکتەبی سیاسی ئەوکات کە مەم جەلال و هەڤاڵەکانی بوو.

دەبێت ئەم کشانەوە و جیابووەنەوەی مام جەلال لەپارتی ببێتە ئەزموون بۆ هەموو یەکێتییەکان و لەوە تێبگەن کەس وەک مام جەلال نەیتوانیووە ستۆپ بە پارتی بکات، بۆیە تائێستایش برینێکەو لەجەستەی پارتیدا ساڕێژ نەبووە.

لە مام جەلالەوە تاکو قوباد تاڵەبانی وێنەکە کەمێک جیاوازە و دەقیق ناچنەوەسەر یەکتر، بەڵام پارتی خاوەن هەمان سیاسەت و تێڕوانینی خۆیەتی، ڕۆژگارێک دژی مام جەلال بوون چونکە مام جەلال وەک ئەوان بیری نەدەکردەوەو هەرچی ئەوان دەیانویست مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد بەڵێیان بۆ نەدەکردن، ئەمڕۆیش قوباد تاڵەبانی هەڵگری دیدێکە بەهیچ شێوەیەک لەدیدی پارتی ناچێت بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، دیدی قوباد تاڵەبانی زیاتر دیدێکە لەدیدو فکرو فەلسەفەی باوکییەوە نزیکە، ئەمەش لای پارتی قبوڵ کراونییە، بۆیە بەردەوام بوونی پارتی بەم شێوەیە ئەوەی لێچاوەڕێ دەکرێت قوباد تاڵەبانیش لەحکومەتی هەرێم بکشێتەوە و وێنە مێژووییەکە دووبارە ببێتەوە.


PM:03:23:05/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 2368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی