ڕیفراندۆم؛ ئەو کەتنەی من بەشدارنیم تێیدا

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەر تاکێکی ئەم وڵاتە شانازی بەڕیفراندۆمەوە بکات ئەوپەڕی ئیفلاسی سیاسی و تێنەگەشتنە لەواقیعی لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم. چ کۆمیدیایەکە ئێستا سەرانی ڕیفراندۆم دووبەرەن، یەکێکیان دەڵێت ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەت نەبوو، بەرەی دووەم تائێستایش دانامرکێنەوە و داوای ڕیفراندۆمیتر دەکەن و دەڵێن ئەگەر دەوڵەت لەگوندێکیشدابێت با ڕایبگەیەنین.

سێ ساڵ پێش ئێستاو لەئێستاشدا، شانازی بەو دیوەی ڕیفراندۆم دەکەم کە دەنگم بە "بەڵێ" نەداوە و بەشداری ئەو کەتنەنیم. چونکە ڕیفراندۆم ئەو هەڵەیە بوو کە هەندێک کەس وەک پرۆژەیەکی بەسەردا سەپاو ئەنجامیاندا و هەندێک کەسیش تائێستا وەک پرۆژەیەکی ئیستیسماری بەسەریەوە گەشە دەکەن.
وەک بینیمان هێشتا کورد نەگەیشتبووە سێیەمین ساڵیادی کەتنەکە، ڕیفراندۆم لەبیرکراو سەرانی ڕیفراندۆمچی شانازی بەعێراقەوە دەکەن. ئێستا ئەوانەی دەچنە بەغدا بۆ ڕێککەوتن هەموو شتێکی ڕیفراندۆمیان لەبیرکردووە.

دوای سێ ساڵ لەکەتنی ڕیفراندۆم، ئێستا چەند دیوێکی ئەم پرسە ڕوونبووەتەوە، ئێمە ئێستا لەوە بەجوانی تێدەگەین شتێک نییە بەناوی (تاپۆی ڕەشی ڕیفراندۆم) بەڵکو کەتنێک هەیە بەناوی (پیلانی هەرێمی بۆ ڕەنگڕێژکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەژێر ناوی ڕیفراندۆمدا) بەڵام سەری نەگرت و شکستی هێنا. لە دەیان وتارو نوسینیتریشدا وتوومانە: ئەم کەتنە سەری بگرتایە هەموو باشووری کوردستان دەچووەسەر تورکیا، ئەوکات نەک ئێمەمانانی "نەخێر بۆ ڕیفراندۆم" دەمانتوانی لەسایەی ڕیفراندۆمدا ئازادانە بژین بەڵکو دەبێت یان بماندایەتە شاخ یان ڕووماندەکردە وڵاتێکیتر.

لەدوای سێ ساڵ لەشکستی ڕیفراندۆم، ئێستا دەتوانین بڵێین:

یەکەم: ڕیفراندۆم جگە لەلوعبەیەکی تورکیا هیچیتر نەبوو. لاوازترین بڕوا ئەوەیە بگوترێت ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەتی کوردی بوو! ئەمە ئەوپەڕی لوتکەی جەهلە. چونکە دەمێکە ئەم بڕوایە بەتاڵ بووەتەوەو هەر خۆیان بوون ڕایانگەیاند ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەت نییە.

دووەم: هەموو ئەوانەی ئێستاش پشتگیری ڕیفراندۆم دەکەن، دەیانەوێت یەک حەقیقەت بشارنەوە ئەویش داپۆشینی هەڵەکەی خۆیانەو نایانەوێت بچنەژێرباری عەیبەیەکی لەم شێوەیە.

سێیەم: خاڵی لاوازی کورد ئێستا لەدەستی بەغدایە. کارەساتە تا دوێنێ "بای بای عێراق" بەرزبکەیتەوەو ئێستا بەغداد بە قوڵایی ستراتیژی کورد بزانیت. ئەم هەڵبەزو دابەزە لەگەڵ بەغداد گەیشتۆتە ئاستی ڕادەستبوونی یەکجاری.

چوارەم: پێویستە نەک کارتی ڕیفراندۆم بۆ جاری دووەم بەرزبکەینەوە بەرامبەر بەغداد، بەڵکو پێویستە سەرانی ڕیفراندۆم بدرێنە دادگا لەئاست ئەو ماڵوێرانی و کارەساتانەی بەهۆی ڕیفراندۆمەوە بەسەر کەرکوک و کوردو کوردستانیان هێنا.

بۆ هەر کەسێک لەئێستادا لەحەقیقەتی پرسی ڕیفراندۆم تێگەشتبێت دەزانێت بەهەڵەدا براوەو یاری بەشعوری کراوە، ئێستا نەک شانازی بەڕیفراندۆمەوە ناکات بەڵکو داوای لێبووردنیش دەکات و ئامادەدەبێت بچێتەبەردەم دادگای گەل.

میللەتێک بەهیلاکدا برا و لەسەر کارتێکی بێئەرزش دەنگیدا بە (بەڵێ بۆ دەوڵەتی کوردی) کەچی دوای چەند مانگێک ئەم خەونە مێژووییەی میللەت بەتاڵکرایەوەو سفر بەدەست مایەوە.

تاکو ئەوکاتەی میللەت چووەسەر سندوقەکانی دەنگدان، بەهیچ کەسێک نەوترابوو کە ئەم ڕیفراندۆمە بۆ دەوڵەت نییە، بەڵام لێکەوتەکەی ڕیفراندۆم هێندە بەهێزبوو لەبیری ئەوانی بردەوە سەرانی ڕیفراندۆم قسەیان لەسەر جۆری دەوڵەتەکەیش کردبوو!

کەواتە؛ حەقمە نەک شانازی بە "نەخێر بۆ بەڕیفراندۆم" بکەم بەڵکو لەلایەک شانازی بەوەوە دەکەم من بەشدارنیم لەم کەتنەدا و هەرئەوکات بایی هێندە عەقڵمان خستەکار ئەم بابەتە سیحرێکەو هیچیر، لەلایەکیتریشەوە شتێک نییە ناوی سەنەدی ڕیفراندۆم بێت و ئەم قسە ناوبۆشانە ئیفلاسی سیاسییەو تائەبەد دەوڵەت بەم تاقمە کاربەدەستانەی کورد دروست ناکرێت.


PM:01:34:23/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی