مودێرنێتە و سیاسەتوانەکانی !

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

مۆدێرنێتە و گڵۆباڵ تاکو ئەو ڕادەیە جوان نییە کە مرۆڤ بەهەر شێوەیەک خۆی پێدا هەڵبواسێت، هەر جوان بێت و قبوڵ کراوبێت. مرۆڤی مۆدێرنێتە ناشیرینترین! جۆری مرۆڤە بە بەراورد بە سەردەمەکانیتری مرۆڤ. چونکە ئەو مرۆڤەی هەوای مۆدێرنێتەی بەرکەوتبێت، مرۆڤێکی پڕ غروری ناکامڵە!

کاتێک دەچینە بەرەی مۆدێرنێتەوە، واتە دەچینە جەنگی ڕوخاندنی بەها باڵاکانی مێژووی ڕابردووەوە. مۆدێرنێتە قودسییەتی مرۆڤ دەست کاری دەکات و لەبری دادانەوەی پەردەی پیرۆزی مرۆڤ، ئەو دەیەوێت مرۆڤ بۆ خۆی کۆشکێکی ڕووناک و یەک ڕوو یەک پەنجەرەبێت کە بەئاسانی ببینرێت.

یەکێک لەناشیرینییەکانی مۆدێرنێتە ئەوەیە ناگەڕێتەوە بۆ شایستەیی و باڵایی و فروق فەردی تاک، بەڵکو مۆدێرنێتە کارگەی ئامادەکردن و فڕێدانە کۆمەڵگەی هەموو جۆرە مرۆڤێکە بەبێ بیرکردنەوە لە جیاوازی کەسی و شایستەیی.
ئەوەی ئێستا لە جیهاندا دەبینرێت لەنمونەی (دۆناڵد ترامپ) و (بۆریس جۆنسن) دەستی مۆدێرنێتەیە کە پێی عەیب و شوورەیی نییە ئیدی جیهان لەلایەن مرۆڤی نیوە! یان مرۆڤی ناکامڵەوە! بە ڕێوە ببرێت. لەم وێنەیەدا مۆدێرنێتە و گڵۆباڵ دەیەوێت پیرۆزیەت لەمرۆڤ وەربگرێتەوە لەڕێگەی ناردنی وێنەگەلێک لەمرۆڤی ناکامڵ بۆ نوێنەرایەتی جیهان.

ئەوەی مۆدێرنێتە فڕێیداوەتە کێڵگە ئەوروپی و ئەمریکییەکەی سیاسەتەوە، دەمێکە بە شێوەیتر فڕێیداوەتە کێڵگە سیاسییە ناتەواوەکەی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە.

چی ناشیرینکردنێکی مرۆڤ و بەهاکانێتی؛ نوێنەرانی گەل لەپەرلەمان و حکومەت و دەسەڵات تۆمەتباری ئەخلاقی و دزی و ...هتد بن، بەڵام بەناوی (ئازادی هەڵبژاردنەوە) وەک بەرهەمێکی میپالی مۆدێرنێتەو گڵۆباڵ قبوڵبکرێن ؟

ئەگەر ئازادی هەڵبژاردن و مافی وەرگرتنی پلەو پۆست و دەسەڵات و دیموکراسی خۆیان کردەیەکی جوانن، ئەوا مەرج نییە بکەرەکانی و هەڵسوڕێنەرەکانی تائەو ئەندازەیە جوان بن هەموو تەرحکردن و لێدوانێکیان شایانی گوێلێگرتن بێت. 

تۆی بیسەر ڕۆژانە گوێ لە بەشێکی نوێنەرە سیاسییەکانی ئێمە لەناو دەسەڵات و پەرلەمان بگرە و لێیان وردبەرەوە، جا بزانە چی مرۆڤێکی ناکامڵ لە زانستی سیاسی و ڕۆشنبیری و ...هتدمان هەیە، کە هەندێکیان شەڕی نەیارەکانمان بە زۆری وەچە خستنەوە دەکات و هەندێکیتر شەڕی گەبەقی بە زۆری کراس دەکات و هەندێکیتریش شەڕی دەرکەوتن بە تەجمیل و هەندێکیتریش بە جۆری ماشێنەکەی.

پێت سەیر نەبێت مۆدێرنێتە هەموو دیوەکانی جوان نییە. ئەوەی ئێستا لەئاستی جیهانی چاوەڕێ دەکرێت ئیتر ئەوە مرۆڤە وشیارو بەتواناکان نیین دەیانەوێت سیاسی بن و پۆست وەربگرن، بەڵکو ئەوە مرۆڤە ناتەواوەکانە! ویستی بەسەرۆکبوون و دەسەڵات وەرگرتنیان هەیە.


PM:05:43:17/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 2712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی