ژینگەیەک بۆ هیچ!

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

یەکەم/
زۆر بەیانیی یان هەرکاتێک لەسەر سفرەکەی ماڵەوە هەموومان کۆببینەوە، دایکم بەدەرفەتی دەزانێت هێرشەکانی! دەست پێبکات، تاکو ئیتر لەنوسین و قسەمان بخات لەسەر ئەم دۆخە ناجێگیرەی هەرێمی کوردستان

دایکم نەیبیستووە منی مامۆستا داوای موچەکەی خۆمم کرد سەرۆکی حکومەت وتی "خۆپیشاندەران دەمانچەو چەقۆیان پێیە، ئێمەیش بەهەمان شێوە وەڵامیان دەدەینەوە"

بەڵام بیستوویەتی چەندان ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی لەخۆپیشاندانەکانی هەولێردا لێیدراوەو هەڕەشەیان لێکراوە. دایکم خۆشخۆش دەیداتەوە بەگوێمدا و دەڵێت "نەتبینی چیانکرد لە سەردەشت و کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامەحەمە و .......کێیتر من ناوەکانیان نازانم؟"

واتە؛ دایکم جاران تەنها لەوە دەترسا کە لەبواری نوسیندا وەک ڕۆژنامەنووس شتێک بنوسم و لەسەر ئەو نوسینە تیرۆرم بکەن، ئەوا ئێستا پیشەی مامۆستاییەکەیشمی هاتەسەرو هەڕەشەی دەمانچەو چەقۆیشم لەسەرە.

دووەم/
برا ڕۆژنامەنوسەکەم، لەبەرئەوەی خۆی لەناو دۆخەکەدایەو دەزانێت ژیانی ڕۆژنامەنووسان لەم وڵاتە پارێزراونییە، زووزوو لێم توڕە دەبێت و دەڵێت "قسەی ڕەق مەکەو هێرش مەکەسەر کەس، ئەم ژینگەیە زەمانەتی هیچی تێدانییە"

کەچی براکەم خۆی هەواڵسازەو هەواڵ لەسەر ئەو قسەیەی ئاری هەرسین دەکات کە دەڵێت "ئێمه‌ی پارتی ئه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ چه‌قۆ ده‌مانچه‌، به‌رامبه‌ر ده‌مانچه‌ كڵاشینكۆف، به‌رامبه‌ر كڵاشینكۆف ئاڕ پی جی و به‌ تۆپ وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌ و پێویست بكات هه‌ر واده‌كه‌ین"

براکەم دەزانێت ژینگەکە شوێنی هیچ نییەو زەمانەتی هیچی تێدا نییە، بەڵام لەبەر تێپەڕاندنی ژیان، ناچارە خۆیشی کاری ڕاگەیاندن بکات.

سێیەم/
خوشکەکەم لەفەیسبووک هاوڕێمە، ئەو کاری بەسیاسەت و شتی مجڕڕەدو وشک نییە جگە لەخوێندنەوەی شیعرو دیزاین و فاشیۆن. بەڵام وەک خۆی دەڵێت "لەبەر من و گۆرانی برام، چاودێری نوسین و دیدارو کارەکانمان دەکات"

کاتێک خوشکەکەم نوسینێکی من دەبینێت پشتگیری لەحیزبێک دەکەم و دژی لایەنێکیتر دەنوسم، دەڵێت "تۆ بۆ دەمت ناگریت و بێدەنگ بیت؟!"

خوشکەکەم ئەو هەواڵەی لەسەر ژنەچالاکوانێکی هەولێر خوێندووەتەوە کاتێک هەڕەشەی سێکسی لێکراوە. زووزوو دەڵێت "ئەها ئەوەتا ئەم وڵاتە زەمانەتی هیچی تێدانییە، پەلاماری ژنان دەدرێت و هەڕەشەی سێکسیان لێدەکرێت"

خوشکەکەم نەک ناوێرێت بچێتەبەرەی ژنان و کچانی وڵاتەکەی، تەنانەت داوا لەمنیش دەکات بێدەنگبم.

ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەهەرێمی کوردستان ڕوویدا، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆهەر خێزانێک لینکێکیان بەجەنجاڵی ئەم ژینگە هیچەوە هەبێت.

هەر خێزانێک مامۆستایەک یان ڕۆژنامەنووسێکیان هەبێت، دەبێت بترسن لەپیاوە چەقۆکێش و دەمانچە هەڵگرەکانی دەسەڵات.


PM:04:19:01/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 5678 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی