وەڵامێک بۆ ئاری هەرسین

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



 ئاری هەرسین ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لەئێستادا کە سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەییە!، لەژێرناوی "پارتی و یەپەگە" دەنوسێت " ئینجا بەندە نە محامی پارتیم و نە وتەبێژیشیم، بەڵام ئەگەر پارتی سوپای بەعسی بۆ کوردستان ھێنابێت، بەقەدەر ھێنانی سوپای پاسداران لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە تاوانبارە، یەپەگەش ئەبێت بەو مەنتیقە سەیر بکرێت".

ئاخر کارەساتی حیزبی لێرەدا دەخوڵقێت کاتێک کەسێکی ئاوها دەخرێتە پەرلەمان. من تێناگەم تۆ ئەندامی پەرلەمان بیت و بەم دواییانەیش لیستێکی سێبەرت ڕاگەیاندبێت، ئەی نابێت بزانیت چۆن قسە دەکەیت؟.

ئەی نابێت وەزیفەکەت کە شوناسێکی سێبەرە و ناوت ناوە "لیستی نەتەوەیی" کارت لێبکات و وریای نوسینەکانت بیت چی دەنوسیت و ئاراستەی کێی دەکەیت؟

بەڕێز. پارتی دیموکراتی کوردستان سوپای عێراقی هێنا بۆ شەڕی براکوژی یان شەڕی پاسدار؟ بەڕێز دەتوانیت سەیرێکی ڕۆژنامەی "العیراق"ی ۲ی ئەیلولی ۱۹۹٦ بکەیت بۆ ئەوەی ڕاستی ڕووداوی هێنانی سوپای عێراقت بۆ باشووری کوردستان لەزاری "مەسعود بارزانی"یەوە بۆ دەربکەوێت "هەرچەند باشیش دەزانیت ئەم دوو ڕووداوە زۆر دوورن لەیەکەوە"، تاکو کەس نکۆڵی لەخیانەتێکی وانەکات و بەراورد نەکرێت بەداستانی عەفرین.

بەڕێزت دیارە نازانیت ڕێککەوتنی یەپەگە و سوپای سوریا چۆن کراوە؟ ئەگینا بەدێڕێکیش نزیک نەدەبویتەوە لەباسێکی ئاوها.

سوپای سوریا بەبێ ڕازیبوونی یەپەگە بۆی نییە فیشەکێک لەعەفریندا بتەقێنێت و شەڕ بکات، کەچی جەنابیان دەتانەوێت بڵێن هەمان وێنەی خیانەتی ٣١ئابە؟! 

ئەی بەڕاست ژمارە و چەک و تانکی هێزی بەعس بۆ هەولێر، هەمان ژمارە و چەک و تانکی سوپای سوریایە بۆ عەفرین؟
بەڕێز هەرسین، پێمبڵێ لەسەر دەستی سوپای سوریا لەعەفریندا چەند کورد کوژراوە بەهاوکاری هێزێکیتری کوردی وەک یەپەگە؟ پێمبڵێ یەپەگە بەهێزی سوپای سوریا کام هێزیتری کوردی لەعەفرین دەرکردووە؟ تاکو پێتبڵێم لەسەردەستی سوپای عێراق و بەعس و سەدامی دیکتاتۆرو بەهاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان چەند ڕۆڵەی کورد و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەهەولێر و شەڕی ناوخۆی براکوژیدا، کوژران یان بێسەروشوێن کران و یەکێتیان لەهەولێر دەرکرد نەک یەکێتی سوپای پاسدار بهێنێتە هەولێر.

پێمبڵێ کام سەرکردەی یەپەگە لێدوانی بۆ ڕۆژنامەیەکی سوریا داوەو براکوردەکەی خۆی لەعەفریندا بەخائین و نیشتمانفرۆش لەقەڵەمداوە؟ 

بەڕێز. ٣١ی باب لەفەرهەنگی ئێمەدا جێگیرە کە شەڕی براکوژیە، بەڵام ئەگەر تۆ لەڕوانگەی پارتییەوە بڕوانیت کە یەپەگە لەگەڵ سوپای سوریا شەڕی برا تورکەکانتان دەکات، ئەوە شتێکیترەو بەنیسبەت ئێوەی پارتییەوە ڕاستە! نەک ئێمە کە لەدەرەوەی پارتین.

بەڕێزم لیستە نەتەوەییەکەت باش!. تۆ لەجێگەی ئەو نوسینە بەراوردکارییە پڕ هەڵەیە کە دڵنیام هیچ بنەمایەکی "هونەری بەراوردکاری ـ سیاسەتی بەراوردکاری ـ ئەدەبی بەراوردکاری" تێدانییە، دەتتوانی باسی ٣٥ ڕۆژ داستانی عەفرینمان بۆ بکەیت. تاکو بمانوتایە بەڕاستی خاوەن پارادایم و دیدێکی نەتەوەییە. بەڵام باش تێتگەیاندین هێشتا بەو لۆژیکە دەدوێیت کە دوێنێ لەدێگەڵەو لەڕابردوویشدا لەسێمێلکا !! و فیشخابوور !! دا ڕێگە لەنوێنەری کانتۆنەکانی خۆرئاوا دەگرت بۆئەوەی داخڵی هەرێمی کوردستان نەبن، یان بەپێچەوانەوە.

بەڕێز هەرسین . ئەوەی ناوی خیانەتە، هێشتا هاوشێوەی ٣١ی ئاب لەمێژووی کورددا بوونی نییە. یەپەگە خیانەتی نەکردووە تاکو بنوسیت "پارتی و یەپەگە". خیانەتێکی وەها هەر شایانی پارتی و پارتییە نەک یەپەگەو یەکێتی نیشتمانی کوردستان. ئەمەش هەڵچونی کەسیم نییە، بەڵکو دەوڵەمەندی مێژووی ٤٢ ساڵی یەکێتی و بەرخودانی یەپەگە دەریدەخات.


PM:01:48:26/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 7154 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی