دەستلەکارکێشانەوە

‌هوشیار عه‌بدوڵا


وەک هەموو شتە پێچەوانەکانی تر لەم هەرێمەدا خەڵک چاوەڕوانی ئەوەیە حکومەت کە توانای دابین کردنی مووچە و خزمەتگوزای نیە دەست لە کاربکێشێتەوە ، کەچی پەرلەمانتار دەستلەکار دەکێشێتەوە.

وەک ئازادی چۆن تاوانی زۆری بەناوەوە کرا خەریکە ئیستیقالەکردنیش تاوانی بە ناوەوە دەکرێت.

بەرپرسی قەیرانەکانی هەرێم دەسەڵاتی جیبەجێکردنە، حکومەتە، ئەو حکومەتەی پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێداوە، لە بری ئەوەی پەرلەمان خۆی ئیستیقالە بکات دەبێ متمانە لە حکومەت وەربگرێتەوە .

پەرلەمان بەرپرسە لە بێتوانایی ئەو حکومەتە، بەڵام حەل ئەوە نیە ڕابکات دەبێ یان چاکی بکات یان ئیقالەی بکات.

قوڕی ئەم حکومەتە پەرلەمان گرتویەتەوە ، پەرلەمانتاران دەنگیان داوە بە کابینەیە ناکرێ لەو بەرپرسیاریەتیە ڕابکەن.

بە ئیستیقالەی کەسێک پەرلەمانی کوردستان نابێتە ۱۱٠ کەس بەڵکو کەسێکی تر لە هەمان حیزب دەچێتە جێگەکەی و ڕەنگە فەرقەکە ئەوەبێت کە یەکێک شەش ملێۆن و نیوی تەقاعودی و پەرلەمانتارە نوێکەش بە موچەی تەواوەوە دەست بەکار دەبێت .

وەک چۆن لە پەرلەمانی عێراق تەمەنت نەبوبێتە ٥٠ ساڵ تەقاعود نابیت ئەگەر پەرلەمانی کوردستانیش یاسایەکی لەو شێوەیەی دەربکردایە ئەو ئیستیقالەکردنانە نەدەمان .

جارێ بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی کراوەدا خەڵک دەنگی داوە بۆ تۆ بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەو بەدیلەی لە جێگەی تۆ دێت کێ دەڵێ جێگەی متمانەی ئەو خەڵکەیە کە لە هەڵبژاردندا جگە لە قەوارە سیاسیەکە صەحێکی لە ناوەکەی تۆش وەک شەخص داوە بۆ ئەوەی تا چوار ساڵ نوێنەرایەتی بکەیت چۆن ماف بە خۆت ئەدەیت ئەو دەنگانە بدەیتە کەسێکی تر ؟!

تێبینی: ئامانجی ئەم نوسینە تانەدان نیە لە کەس و لایەنێکی دیاریکراو، بەڵکو ڕەخنەیە لە هەموو لایەنەکان لە مۆدێلی موزایەدە بە ناوی ئیستیقالەکردن کە ئەگەر ئەم خولە یەک حاڵەتی بەخۆیەوە بینیبێت ئەوە خولی ڕابردوو بە جوملە بوو، بەڵام ئەوساش و ئێستاش هیچ ناگۆرێ وەک وتم جگە لە قەبەکردنی لیستی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران


PM:04:49:09/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 7280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی