بۆ مووچه‌ چی‌ بكه‌ین؟

‌هوشیار عه‌بدوڵا


ئەو ماڵ وێرانیەی ئێستا یەخەی فەرمانبەر و هاولاتی کوردستان گرتوە بەرەنجامی شکست هێنانی ئەو بەرنامە و پلانەی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە هەوڵیداو ویستی بە ناوی ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ لە روی سیاسی و دارایی و ئیداریەوە هەموو خەلکی کوردستان و حیزبە سیاسیەکان بخاتە ژێر رکێفی خۆی و ملکەچیان بکات .

پارتی دەمێکە دەیەوێت لە رێگەی کارتی ئابوری و بەکارهێنانی کارتی دەوڵەتانی دراوسێوە ( هەرجارە و یەکێکیان) کش مات بە حیزبە سیاسیە نەیارەکانی بکات و کوردستان بکاتە گۆمێکی مردوی ئەوتۆ تەنها خۆی بتوانێت مەلەی تێدا بکات،بروانن ئێستا کێ سەرچاوەکانی داهاتی لەدەستە ؟! سەرنج بدەن کێ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ سەداو کلکایەتی هەیە !؟

ئەو بەرنامەیەی پارتی بەرنامەیەکی حیزبی بوو نەک نیشتیمانی، خۆی ئەندازیار و خۆی ئاگادار و هەرخۆشی بەرپرسی یەکەمی ئەو شکستەیە ، پارتی بەرادەیەک تەفەرودی بە مەسەلەی نەوتەوە کرد کە بۆ ئیتیفاقیەیەکی پەنجا ساڵی لەگەڵ تورکیا نەگەرایەوە بۆ پەرلەمان ، تەنانەت پرسە خەسوانەیەکیشی بە یەکێتی نیشتیمانی شەریک و هاوپەیمانی ستراتیژی ئەوێ رۆژێی نەکرد .

لە دوای ۲٠٠۳ ەوە تا ساڵی ۲٠۱٤ و هەتا ئەو کاتەی دەرهێنانی نەوت و ناردن و فرۆشتنی نەوت لەلایەن بازرگانە سیاسیەکانی کوردستانەوە زۆر بە زەقی نەکرا بە ئەمری واقیع ، ساڵانە بودجە و موچەی خەلکی کوردستان لە بەغدادەوە بە رێکی و بێ دواکەوتن دەگەیشتە کوردستان ، ئەوە لە کاتێکدا لە ساڵانی ۲٠٠۸ و زۆر پێشترەوە هەریم و بەرپرسەکانی لە هەردوو حیزبی دەسەڵاتی ئەوکاتە ، نەوتیان بە قاچاغ دەفرۆشت و بەغداد خۆی لێ نەبان و بێ ئاگا کردبوو ، بەڵام لە ۲٠۱۳ ەوە کاتێک وایلێهات بۆڕی بۆ تورکیا رابکشرێت و بە بۆری نەوت بفرۆشرێت بێ ئەوەی داهاتەکەی دیار بێت، بەغداد بێدەنگیەکەی شکاند. 

لە راستیدا ئێمە هەرزوو وتمان ئابوری سەربەخۆ و پیشەسازی لەنەوتدا، دەرچون لە هەموو مەترسی قۆڵبادانێک لە لایەن حکومەتەکانی بەغداوە ، وە رۆیشتنە سەر نەخشەی وزە گرنگە بۆ کورد وەک هەنگاوێکی ستراتیجی ، بەڵام ئەو هەنگاوە بە خەلکانێک و بە دەزگای نیشتیمانی و لەیەنگەلێک مومکین بوو کە بەرژەوەندەی نیشتیمان لەسەروی بەرژەوەندەی حیزبەوە ببینن ، ئایندەی نەتەوە لە ئایندەی بنەماڵەکان باڵاتر ببینن ، کەسانێك نەک لەو پارەیە پاشەکەوتیان نەکرد، نەک دامەزراوەی بەهێز و بانک و ژێرخانی ئابوری و کارگە و سەرچاوەی تری داهاتیان پێ فەراهم نەکرد ، بەڵکو وەک خەنجەر لە کا دان و بە سیاسەتی بە تاڵانبردن تەنها بوە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی کەم لەو بەرپرسە برسی و چڵیسانە دەولەمەند بکات و بیانکاتە ملیاردێری دۆلار، ئەو هەموو پارەیەی لە ۲٠٠٤ ەوە لە بەغدادەوە هات جیا لە داهاتی ناوخۆ و پارەی نەوتی فرۆشراوی نەوت واینەکرد پاشەکەوتێک یان دۆخێک دروست بکات کە بە ئەمڕۆژگارەی ئێستا نەگات و وا لە ئێستاشدا خەریکە بەهۆی ئەو سیاسەتەوە نەتەوەیەک لە بێ موچەیی و نەبونیدا بەدبەخت بکەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرسی ئەم دۆخەی ئێستایە لە بێ موچەیی و بێ پارەیی ، بەڵام لایەنەکانیتریش هەمویان جا هەیانە بە بەشداری و بونی پشک و دەمشیرین کردن و پیسخۆری و هەشیانە بە بێدەنگ بون لە دۆخەکە بەرپرسن لەوەی بەسەر هەرێمدا هاتوە بۆیە ئەرکی هەموانە چارەسەرێک بۆ دۆخی خەلک بدۆزنەوە .

سەیر ئەوەیە پارتی هەرێمی توشی ئەم دۆخە کردوە و کاتێک لایەنێک یان کەسێک باسی گەرانەوە بۆ بەغداد دەکات بە عیراقچێتی و دونیایەک تۆمەت تاوانباری دەکەن ، من هیچ باکم بەو تۆمەتانەی پارتی نیە چونکە پێم وایە پارتی دەبێت ئاخیر حزبی سیاسی بێت کە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری ببەخشیتەوە و بۆ من وەک نوێنەرێک ئەوە گرنگە خەلکی کوردستان موچەی بۆ بگەرێتەوە و لەم دۆخە قوتاری بێت بۆیە راشکاو و ڕون دەڵێم چارەسەر گەرانەوەیە بۆ بەغداد .

ئایا گەرانەوە بۆ بەغداد ئاسانە ؟! ئاسانە پردی متمانە دروست بکرێتەوە ؟! ئایا کاتێک دەلێین لەئێستادا دەبێ داوا لە بەغداد بکەین بۆ چارەسەر مانای دەستبەرداربونی خەم و ئەرکە نەتەوەییەکانمانە ؟! 

گرنگە رون بێت کە بەغداد وەک دەوڵەت دەتوانێ ئەو دۆخە داراییە تێبپەرێنێت کە بەسەر عیراقدا هاتوە و رێگا و یەدەگ و پارە و پلان و رێکاری زۆری لە دەستدایە(( کە لێرە جێگەی باسکردنیان نیە )) کە کارای ئەوەن ئەو ئەزمەیە ئیدارە بدات و تێیبپەرێنێت. 

بەرای من نە عبادی و نە هیچ بەرپرسێكی عیراق خوازیاری ئەوە نین جارێکی تر ئەرکی قورسی هەرێمیان بێتەوە ئەستۆ ، زۆر بە ئاسانیش دەڵێن هەرێم هەموو نەوتی خۆی دەفرۆشێت کوا پارەکەی؟! ئێمە لێمان قبوڵ ناکرێ لە نەوتی بەسڕە پارەی هەرێم بدەین .

نوێترین هەڵویست و لێدوان بەرپرسانی ئەمریکا و یوئێن ئەوەیە کە دەبیت هەولێر لەگەل بەغداد بگاتە رێکەوتن و پەیوەندیەکانیان باشکەن، واتا ئەوانەی پارتی بە دۆستی دەرەجە یەکیان دەزانێت پەنجەیان بۆ بە غداد درێژ کردوە و دەڵێن بفەرمون چارەسەر لەوێیە ! 

بۆ ئەوەی بەغداد بە قۆناغێکی نوێی لەگەڵ هەرێم رازیبێت ، گرنگە یوئێن و سەفارەت و کونسلخانە کاریگەرەکانی بەغداد و هەولێر بهێنرێنە سەر خەت کە ئەوان ریعایەت و هاوچاوی و سەرپەرشتی رێکەوتنێكی نوێی نێوان هەردولا بکەن بۆ نەوت بەرامبەری بودجە ، ئەگەر فشاری نێودەولەتی نەبێت بەغداد ئاسان ئەو کارە ناکات، بەڵام یەکێک لە چارەسەرەکان ئەو هەنگاوە دەبێت کە بێگومان دەبێت ئیدی پارتی ناچار بکرێت ئیلتیزامی تەواو بکات بەو ئیتیفاقیەوە ئەگەر نا ئەم دۆخە پڕ مەترسی و تراژیدیەی بێ موچەیی هەر درێژەی دەبێت.

گوزەرانی خەلک ئێجگار خراپە ، ئەم بێهیوابونەی خەلک هەر لەو لایەنە سیاسیانە نیە کە سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە بە تاڵان دەبەن لەو لایەنانەشە کە بێدەنگن لەو هەموو قۆرغکاری و بێدادیەی کە هەیە، بۆیە دەبێت ئەوانیش هەست بە بەرپرسیارێتی دوزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ ئەم دۆخە بکەن .

دۆخی کوردستان مەترسیدارە و لە تەقینەوەدایە دەبێت پلانی خێرا و جورئەتی گەورە هەبێت لەلایەن حیزبە سیاسیەکانی کوردستانەوە کە کۆتایی بە قۆرغکاری پارتی بهێنن و لە رێگەی فشاری نێودەولەتی و وڵاتانیشەوە بەغداد و هەولێر ناچار بکەن بە رێکەوتنێکی نوێ کە تیایدا نەوتی کوردستان لە بری تاڵان و بڕۆ ببێتە ئاسۆی چارەسەرێکی خیرا لانیکەم لەم دۆخە هەستیارەدا بۆ موچەی خەلکی کوردستان .

خستنەروی ئەو پێشنیارە بۆ چارەسەری دۆخی خەڵکە نەک قوتارکردنی دەسەلاتداران لەو گەندەڵی و بەدکاریەی کردویانە من قەناعەتی قوڵم بەوە هەیە ئەوان هیچ کات لە چارەنوسی رەشی خۆیان نە لەبەردەم خوا و نە لەبەردەم خەڵکدا قوتاریان نابێت، پێم وانیە ئەم وڵاتە تا هەتایە خۆری یاسا و دادپەرەوەری لێ هەڵنەیەت ، رۆژێک دێت مافی ئەو خەلکەیان بە هێزی یاسا و لێپێچینەوەی قانونی لێوەردەگیرێتەوە.


AM:11:08:22/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 5503 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی