وەزیری خوێندنی باڵا لەنێوان وەزیفەو فەیسبوکدا

‌د.سەروەر عبدالرحمن عمر

بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا دەكرێ بەڕێزتان وەك وەزیر پێناسەیەكی زانكۆی كوردستان بۆ مامۆستایان و خوێندكاران و ئەكادیمیان و ئینجا خەڵكی كوردستان بكەن؟ دەكرێت پێمان بڵێی ئەم زانكۆیە حكومیە یان ئەهلی؟ دەكرێت پێمان بڵێی تاچەند ئاگاداری بودجەی ئەو زانكۆیە هەی و چەندی لە حكومەت وەردەگرێت و جیاوازیەكەی لەگەل زانكۆ حكومیەكانی تر چەندە و چەندیش لە خوێندكاران وەردەگرێت لە بری خوێندن و بە چ یاسایەك وەریدەگرێت؟

دەكرێ پێمان بلێی كە تا چەند ئەو زانكۆیە بڕگەو مادەكانی یاسای ژمارە (10) سالی 2008 ی وەزارەتی خوێندنی باڵای جێبەجێ كردوە؟ دەكرێت پێمان بڵێی ئەم زانكۆیە تاچەند پەیوەست بووە بە یاسای ژمارە (9) ی سالی 2014 ی هەمواری یەكەمی وەزارەتی خوێندنی باڵا كە پەرلەمان تەنها و تایبەت لەبەر ئەم زانكۆیە پەسەندی كرد، چەندی لێ جێبەجێكردووە؟ دەكرێ پێمان بلێی كە لە وەرگرتنی خوێندكاران، لە كردنەوەی بەش و كۆلیژەكان، لە كرێی خوێندن، لە ستافەكانیان، لە پۆستەكانی سەرۆكی بەش و سكولەكان و پۆستی سەرۆكی زانكۆدا تا چەند رەچاوی یاسای وەزارەتەكەت كراوەو پێشێل نەكراوە؟

دڵنیام نەك هەر وەلامی هیچ كام لەو پرسیارانەت لانیە، بەڵكو ناتوانیت پرسیاریش بكەی كە بۆچی رەوشەكە بەم شێوەیە دەگوزەرێت لەو زانكۆیەدا، لێشت ناگرم چونكە ئەوە بەوەزیفەی خۆتان نازانن! ئەگەر بەراستی خۆتان بە وەزیری خوێندنی باڵا بزانیایە دوای ئەوەی ئەمڕۆ كورەكەی نێچیرڤان بارزانی كە بەفەرمی لە ئاهەنگی دەرچونی خوێندكارانی زانكۆكەدا وەك سەرۆكی زانكۆ ناسێنراو خۆیشی ناساند، بەبێ ئەوەی هیچ كام لە مەرجەكانی تەمەن، خزمەت، بڕوانامە، نازناوی زانستی، پسپۆری و شارەزایی تیابێت، هەڵوێستێك، ناڕەزاییەك، نیگەرانیەك، قسەیەك، ورتەیەكتان دەبوو، بەلام نەمانبیست!

بەڕێز جەنابی وەزیر باشتر وایە ئەوەندەی خەریكی سەردان و رەسمی سێلفین، سیستەمی وەزارەت و زانكۆكان راست بكەیتەوە، مشورێكی یاسای وەزارەت بخۆی كە پێویستی بە هەموارە، یا پێویستی بەوەیە یاسایەكی تایبەت بە خوێندنی باڵای هەرێم پەسەند بكرێت، ئەو هەموو سیستەمی ماستەر و دكتۆرا راست بكەیتەوە باشترە، ئەوەندەی خەریكی خۆدەرخستنی فەیسبوكن ئەو پاشاگەردانیەی لە زانكۆ ئەهلیەكاندا هەیە، ئەو هەموو بازرگانی و گەندەڵی و كارە نایاساییانەی هەندێك زانكۆی ئەهلی كردوویانە لەپەنای زانست و خوێندنی بالاوە رابگریت، ئەو بەهەدەردانی بودجەیەی هەیە لەهەندێك شوێن و ئەو نەبوونی و پەك كەوتنەی هەندێك شوێنی تر بەپێچەوانەوە چارەسەر بكەیت، ئەو هەموو هەماهەنگی و پەیوەندیە ناجۆرەی كە هەیە هاوسەنگ بكەیتەوە.

بۆ هەر یەك لەو بابەتانە دەیان بەلگەو دەكۆمێنت لەبەردەستن، تا ئێستا نەمانویستووە لە راگەیاندن بلاوی بكەینەوەو دەرفەتێكمان بۆ بەڕێزتان هێشتبوویەوە، ئەگەر نەیەیتە دەنگ لەئاست ئەوهەموو تالانی و بێ نرخ كردنەی كەبەرامبەر زانكۆكان و زانست و ئەكادیمیان دەكرێت لە هەرێمدا، خەلك ناچار دەبێت لەراگەیاندندا بلاوی دەكاتەوەو دەرگای دادگاكانیشتان لێدەگرن!


AM:08:54:31/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی