ئێمه بێلایه‌نین؟
ئازاد عوسمان
(دڵشاد ئه‌نوه‌ر)ى هاوڕێمان پۆستێكى كردوه كه په‌ڕیوه‌ته‌وه سه‌رباسێك كه سهرئهكێشێت بۆ پرسێكى ورد تر، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ى "بێلایه‌نییه".
ئه‌م پرسیاره زۆرجار روبه‌ڕومان ده‌بێته‌وه: ئێوه بێلایه‌نن؟
ئایا ئێمه بێلایه‌نین؟
به قه‌تعی وه‌ڵامه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه: نه‌خێر ئێمه بێلایه‌ن نین!
ده‌مێك له نیشتماندا ماف و كه‌رامه‌تى مرۆڤ بشكێنرێت و یاری به چاره‌نوس و داهاتویه‌وه بكرێت، ده‌مێك ده‌زگاكانى وه‌كو كۆمپانیای بنه‌ماڵه‌یی و حیزبیی ته‌ماشا بكرێت و سته‌م له بری ئازادیی ده‌رخواردى خه‌ڵكه‌كه‌ى بدرێت، بێگومان ئێمه بێلایه‌ن نین.
بێلایه‌نى هی ئیسنانی ترسنۆكه، هی كه‌سێكه روئیا و دونیابینی نەبێت و نه‌توانێت بڕیار بدات، یان هی ئه‌وانه‌یه كه بۆ ئه‌وه‌ى زه‌ره‌ر له پهزهكانیان نه‌كه‌وێت، ده‌نگێ ناكه‌ن.
كاتێك شه‌ڕه‌كه وه‌ستانه‌وه‌یه دژى كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك و عه‌قڵیه‌تى مرۆڤكوژ و رۆژنامهنوسكوژ و ئازادییكوژ، چۆن ئه‌توانین بێدەنگ بین بەپاساوی ئەوەی ئێمە بێلایه‌نین؟!
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى مێژویان سیخناخكردوین به كوشتوبڕ و وێرانى، ئێستاش ده‌یانه‌وێت داهاتومان به‌هه‌مان ده‌رد به‌رن، ده‌كرێت بێلایه‌ن بین؟
ئێمه ئه‌گه‌ر بێلایه‌ن بین، ئه‌وا ئیشوكار و كاسبی تر هه‌یه بیكه‌ین غه‌یری رۆژنامه‌نوسیی. ئێمه بۆیه رۆژنامه‌نوسین هه‌تا به‌گژ ناعه‌داله‌تى و نایه‌كسانى و داپڵۆسین دا بچینه‌وه، خۆئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت، ئه‌م رێگه پڕ ئاڵۆزیه ناگرینه به‌ر.
به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ى بڵێین بێلایه‌ن، ده‌ڵێین سه‌ربه‌خۆین. به‌و مانایه‌ى ئه‌ندام یان هه‌وادار یاخود فهرمانوهرگرى هیچ حیزب و لایه‌ن و تەکەتول و بەرپرسێکی سیاسیی نین. به‌ڵێ دڵمان بۆ هه‌ندێك ئایدۆلۆژیا و بیروڕای سیاسی لێده‌دات، هەندێکجار رامان کۆک یان نزیک دەبێت لەگەڵ ئاراستەیەک دا و وه‌ك هه‌ر تاكێكى تر ناوه‌ناوه گوزارشت له راكانى خۆمان ده‌كه‌ین چ به گوتار و وتار بێت، یان چ به ده‌نگدان و چالاکی مەدەنی بێت.
ئه‌و وه‌سفه‌ى ئێمه حه‌زمانه پێمانى بێژن، ئه‌وه‌یه كه "رۆژنامه‌نوسی سه‌ربه‌خۆی پیشه‌یین"، به‌و مانایه‌ى كاره‌كه‌مان به له‌به‌رچاوگرتنى بنه‌ما پیشه‌ییه‌كانى كارى رۆژنامه‌وانى و میساقی شه‌ره‌فی كاركردنى رۆژنامه‌وانى "كه له كۆمێنت دا وێنه‌یه‌كى ئه‌وه‌ى رادیۆى ده‌نگ داده‌نێم كه وه‌كو كارمه‌ندێك سوێندمان خواردوه پابه‌ندى بین"، بۆ خزمه‌تى مرۆڤ و دیموكراسی و بهرهوپێشهوهبردنى كۆمه‌ڵگا بهكاردێنین.
له‌كاتێكدا سه‌ربه‌خۆیی خۆمان ده‌پارێزین و نابینه بوقی هیچ حیزب و لایه‌نێك، تاسه‌ر ئێسقانیش داكۆكی له مافه بنه‌ڕه‌تى و ئازادییه بێچهندوچونهكانى مرۆڤ ده‌كه‌ین.
ئیتر تاچه‌ند له‌مه‌دا ئامانجمان پێكاوه یان سه‌ركه‌وتو بوین، ئه‌وه بابه‌تێكى تره.
ئازاد عوسمان بەڕێوبەری ڕادێۆی دەنگ لە گەرمیان
PM:12:46:24/09/2018
ئه‌م بابه‌ته 2550
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی