پشووی غەدیر..پێشنیارێكی جێگە مشتومڕ

‌یاسین ته‌ها

ڕۆژی 19ی ئەم مانگە (نیسانی 2024) موقتەدا سەدر لە یەپامێكدا كە بەناوی "خودای محەمەد و عەلی" دەستیپێكردووە، پشتئەستوور بەوەی ناوی ناوە "زۆرینەی نیشتمانی میانڕەو"، داوا دەكات بە یاسایەك، 18ی هەموو مانگێكی حاجیان (ذي الحجة)، بكرێتە پشووی فەرمی، ئەمەش هاوتای "ڕۆژی غەدیرە". 

سەدر لە داواكەیدا هانی باڵە سیاسییەكەی دەدات (ڕەوتی نیشتمانی شیعی) كە هەموو رێگایەكی ئاشتیانەوە یاسایی بگرنەبەر بۆ تێپەڕاندنی پشووی "غەدیر" لە پەرلەمان، بە دوای ئەوەشدا "موحسین مەندەلاوی" سەرۆكی ئێستای "ئەنجومەنی نوێنەران"، پرۆژە یاسایەكی لەوبارەیەوە لە پەرلەمانتارێكی نزیك لە سەدرییەكانەوە وەرگرت و خستییە ڕێككاری یاسایی، ئەمەش بووەتە هەوێنی مشتومڕێكی قووڵ لە نێو چالاكانی هەردوو پێكهاتەی شیعەو سوننە لە عێراق پاش ساڵانێك لە ئۆقرەیی و ئاشتەوایی كۆمەڵگایی. 

سەرچاوە متمانەدارەكانی هەردوو ئایینزای شیعەو سوننە لەوەدا كۆكن؛ پاش حەجی ماڵئاوایی(١٠ك/٦٣٢ز)، پەیامهێن لە ناوچەیەك كە پێی دەوترێت "غەدیری خوم"، وتاری داوە بۆ حاجیان و جەختی لەوەكردووەتەوە: ئەو مەولای هەركەس بێت ئەوە عەلیش بە هەمانشێوە (من كنت مولاه فعلي مولاه)، بەڵام هەردوولا لەبارەی ماناو ڕاڤەی ئەم فەرموودەیە ناكۆكی و ناجۆری و دژیەكی زۆریشیان هەیە. 

سەرچاوە و گێڕانەوە شیعییەكان ئەم پێشهاتەی "غەدیر" و فەرموودەكە بە بناغەو سەرچاوەی تیۆریای "ویلایەت" دادەنێن كە تێیدا "عەلی كوڕی ئەبو تالیب"ی ئامۆزا و زاوا و كەسی نزیكی پێغەمبەر كرابێتە دەمڕاست و پێشەواو جێگرەوە لە پاش ئەو، بەڵام دواتر "غەدری لێكراوە". بەلای سوننەكانیشەوە فەرمووەدەكە جگە لە سەلماندنی خۆشەویستی "عەلی" هیچ ئاماژەیەكی لەوچەشنەی تێدا نییە شیعە دەیڵێن و جێنیشینی (خیلافەت) بەجێهیڵراوە بۆ شورا، ئەوەشی لە "سەقیفەی بەنی ساعیدە" ڕوویدا لە پاش ئۆغری پەیامهێن لە دانانی ئەبوبەكر بە جێنشین، هیچ خەوشوخاڵێكی تێدا نییە و ئەوە هەق و ڕاستییە شەرعییەكەشە.

بە پێچەوانەی گێڕانەوە شیعییەكان لە بیروباوەڕی باوی سوننەدا "باشترین كەس لە پاش پەیامهێن ئەبوبەكر پاشان عومەرە"، بەڵام لە بەراورد لە نێوان "عوسمان و عەلی" دەرفەت و بوارێكی بچووكی تێدایە جێگۆڕكێییان پێ بكرێت ئەویش لە فەزڵ و چاكەدا نەك ڕیزبەندی خیلافەت، ئەمەش كۆڕای قوتابخانە سوننەكانی لەسەرە و بەلای ئەوانە هیچ كات "عەلی" لەپێشر نییە لە ئەبوبەكر (الصدیق) و عومەر (الفاروق)، ئەمەش خاڵی بەریەككەوتنە لەگەڵ "غەدیر". 

هەندێك لێكدانەوە هەنگاوەكەی سەدر دەخنە چوارچێوەی "مزایدة"كردن بەسەر ڕكابەرە شیعەكانی لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر پابەندی بە سرووت و پرسە شیعییەكان، هەندێكی تر دەیگێڕنەوە بۆ كاریگەریی دوورەپەرێزی و دابڕان و نەخوێندنەوەی لێكەوتەی پێداگرییەكە لەسەر بە پشووكردنی غەدیر، لە بەرامبەریشدا هیچ لە شیعە ڕكابەرەكانی تا ئێستا بە "بەڵێ" یان "نەخێر" لەسەر ئاستی فەرمی و ئاشكرا وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام باوەڕێك هەیە تێپەڕاندنی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و لادانە سێكسییەكان" لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە وەڵامی "مزایدة"ی سەدر بێت، ئەوەش هەیە ئەم یاسایەی تر لەبارەی لەشفرۆشی كۆدەنگی ئیسلامی و كۆمەڵگایی زیاتری لەسەرە. 

كێشەی بەجەژن و بە پشووكردنی "غەدیر" تەنیا لەوە نییە بۆنەیەكی جێگە مشتومڕ و ناكۆكییە لەنێوان دوو پێكهاتە مەزهەبییە سەرەكییەكەی عێراق بەڵكو دوو ئاڵۆزی گەورەی تێدایە:

_  بە فەرمیكردنی شرۆڤەی شیعی بۆ "غەدیر" لەسەر ئاستی دەوڵەت، دژی چیرۆك و ڕیوایەتی سوننەكانە بۆ عەقیدە و مێژووی پاش سەردەمی پەیامهێن. 

_  لێشاوێك فەتوای نێو سەرچاوە دێرین و نوێیەكانی شیعە بەردەستن لەسەر ئەوەی هەركەس بڕوای بە ویلایەتی "عەلی" نەبێت كە سەرچاوەكەی "غەدیر"ـە ئەوە لەبەرەی بێبڕوایانە و یان لانیكەم باوەڕەكەی مۆڵەقە و بەر سۆز و بەخشینی خودا ناكەوێت، بەم پێیەش ئەگەر سوننەكان بە "غەدیر" ڕازیبن بە جۆرێك لە جۆرەكان دەشێت وەها لێكبدرێتەوە كە دەچنە ژێرباری تەكفیركردنی خۆیان!  

لەم كێشمەكێشە كراوە ئاڵۆزەدا چارەسەرێكی سێیەم هەیە كە "غەدیر" لە پارێزگا شیعەكان بكرێتە ئاهەنگ و پشوو لە ڕێگای ئەنجومەن خۆجێییەكانەوە، بەبێ ئەوەی لەسەر ئاستی دەوڵەت بگشتێنرێت، بەڵام هەندێك لە شیعەكانی تر دەڵێن: چما ئێمە بۆ "نەورۆز" و سەری ساڵی زاینی و بۆنە ئیسلامییەكانی تر پشوومان قبوڵە بەڵام كە نۆرە هاتوەتە سەر بۆنەكەی ئێمە لە زۆر لاوە ڤیتۆ بەرزكراوەتەوە! 

مشتومڕی غەدیر كە ئێستا ناوەندی میدیایی و سیاسی عێراقی پێوە سەرقاڵە، یەكێكە لە دەرهاویشتە و قەیرانەكانی نەبوونی دیدگا بۆ بەرێوەبردنی وڵاتی فرەچەشن و فرەپێكهاتە، چونكە ئەگەر ئەمە تێپەڕێت چەندین بۆنە و ڕۆژی تری پڕ ئیشكال هەیە دەشێت ببنە هۆكاری پێكدادان و بەریەككەوتن لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكان، ئەمەش پێویستی بە عەقڵ و سەلیقە و بەرنامەی جیاكردنەوەی سایدەكانە بەجۆرێك هەر پێكهاتە و بازنەیەكی كلتووری و ڕۆشنبیری لە عێراقدا مافی پابەندییان بە باوەڕ و سرووتی خۆیانەوە هەبێت لە فەزای تایبەتدا، بەبێ ئەوەی هەوڵبدەن بیگشتێنن بەسەر هەموویدا و بیكەنە پشوویەكی فەرمی و گشتی بە تۆپزی.


PM:02:26:29/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی