"من لاهوریم"

‌پشتیوان جەمال

پێش ئەوەی تۆی خوێنەر ناوەڕۆكی ئەم وتارە بخوێنیتەوە دەمەوێت پێت بڵێم وەك رۆژنامەنووسێك تائێستا بەشێوەی تایبەت لاهور شێخ جەنگیم نەبینیوە و لەمیدیاكانیشی كارم نەكردووە، بەڵام ناكرێت لەم قۆناغەدا باسی هەندێك مەسەلە نەكرێت كە وایانكردووە لاهور شێخ جەنگی زیاتر "گەورە" بكرێت بێگومان لەلایەن پارتییەوە.

دوای كۆتایی هاتنی كۆنگرەی چواری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێی تاڕادەیەكی گەنج بۆ سەركردایەتی ئەو حیزبە، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر نیگەرانی پێوە دیار بوو، دواتریش كاتێك لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، وەك براوەی یەكەم و دووەمی كۆنگرە بوونە هاوسەرۆكی یەكێتی، پارتی زیاتر ئاگریگرت بەتایبەتیش بۆ لاهور شێخ جەنگی.

دیارە بەشێكی ئەو تووڕەبوونەوەی پارتی بۆ لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی بەو  قسانەوە هەیە كە لەماوەی رابردوودا ناوبراو بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەدژی پارتی كردوونی و وەك دەوترێت هەندێجار ئەو قسانەی لێدان بووە لە "رەمز"ەكانی پارتی، یان لەڕووداوی 16ی ئۆكتۆبەر كە پارتی پێیوایە لاهور شێخ جەنگی رۆڵی گەورەی تێدا بینیوە.

ئەگەر زۆریش دوور نەكەوینەوە لەبەهاری ئەمساڵدا و كاتێك سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بوو، شەڕێكی میدیایی قورس لەنێوان ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و حكومەتی هەرێم و دەزگای دژە تیرۆر دروستبوو، كار گەیشتە ئەوەی بەئاشكرا ناوی لاهور شێخ جەنگی هێنرا و دژە تیرۆریش بەتوندی وەڵامی دەدایەوە.

ئەوەی مەبەستە لێرەدا باسی بكەم رووداوەكانی ئەم هەفتەی رابردووە دوای خۆپیشاندانەكانی شاری دهۆك كە لەبەرامبەر داواكردنی مووچە كە مافێكی سەرەتاییە دەیان كەس لەمامۆستا و موچەخۆر دەستگیركران، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو پارێزگاری دهۆك دیسان باسی لاهور شێخ جەنگی كردەوە و وتی "بەشێكی ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی هاندراون!"، لەلایەكی دیكە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئەگەر بەڕاست یان وەك تەنز بێت وا بڵاوكراوەتەوە گوایە پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان وتویەتی "پەتای كۆرۆنا لەلایەن لاهور شێخ جەنگی لەئێرانەوە هێنراوە بۆ كوردستان!"، ئەمە جگە لەوەی رۆژانەش لەلایەن میدیا سێبەر و پەیج و پەرلەمانتارانی پارتی بەردەوام رەخنە و تەنانەت جنێویش بەلاهور شێخ جەنگی دەدرێت، یان ئێستا وەك تەنز دەوترێت كە بەردێكیش لەئاسمان بكەوێتە خوارەوە پارتی دەڵێن دەستی لاهوری تێدایە.

وەك پێشتریش باسمكرد مەبەستم نییە لەم وتارەدا پشتگیری لەسیاسەتەكانی لاهور شێخ جەنگی بكەم و ئەسڵەن لەگەڵ زۆر كاریشی نیم، بەڵام بەجددی دەبێت بپرسین بۆچی پارتی بەرامبەر لاهور بەو شێوەیە مامەڵە دەكات؟؟!!، باشە پارتی ناپرسیت بەو كارانە و ناوهێنانی، لاهور زیاتر گەورە دەبێت لەلایەن ئەندامانی حیزبەكەی كە وایان لێ بێت بڵێن "هەموومان لاهورین"، هەمیش لەلایەن خەڵك لاهور گەورەتر دەبێت؟؟!!، لەهەموشی سەیرتر قسەكەی پارێزگاری دهۆكە لەناوهێنانی لاهور شێخ جەنگی كە بە "مەبەست" ناوی هێنا، چونكە خۆی سیاسییە و باش دەزانێت ئەگەر مەبەستی نەبێت ناوی ناهێنێت.

ئەگەر تێبینی بكرێت لەمامەڵەی پارتی بەرامبەر لاهور شێخ جەنگی بەئاشكرا هەست دەكرێت باڵێكی پارتی كە بە باڵی مەسرور بارزانی و بە باڵە "توند"ەكەی پارتی ناسراون لەڕێگەی میدیا و پەیج و بەرپرسەكانییەوە بەرامبەر لاهور شێخ جەنگی توندن، دەنا باڵی نێچیرڤان بارزانی نەرمترن، بەڵام گرنگە لەمەودوا ئەو باڵەی پارتیش نەرم و هێمنانەتر مامەڵە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بكەن، چونكە وەك دەوترێت ئێستا لاهور بۆتە ئەمری واقیعی یەكێتی و بۆ دەیان ساڵی دیكەش دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بكەن.



AM:01:12:24/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 5344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی