دروستبوونی بەرەیەكی فراوان جگە لەپارتی، پێویستی هەنووكەییە

‌پشتیوان جەمال

رووداوی رۆژی 7ی ئایاری 2020ی پەرلەمانی كوردستان كە تیایدا بەدەنگی پەرلەمانتارانی پارتی و پێكهاتەكان پارێزبەندی لەسۆران عومەری پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی سەندرایەوە، ئاماژەیەكی مەترسیداری لەسەر دۆخی داهاتووی سیاسی كوردستان جێهێشت كە دەبێت لایەنەكانی دەرەوەی پارتی بەدەر لەجیاوازییەكانیان، بیر لەدروستكردنی بەرەیەكی فراوانی سیاسی بكەنەوە.
 
پارتی مافی خۆیەتی شانازی بە 45 كورسی بەدەستهاتووی پەرلەمانی كوردستانەوە بكات كە (سەرەڕای تێبینییەكان) لەدوایین هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمان بەدەستی هێنا، مافی خۆیشیەتی هاوپەیمانی لەگەڵ هەر هێز و لایەن و پێكهاتەیەكدا بكات بۆ دروستكردنی زۆرینە، بەڵام لەبەرامبەردا دەبێت لایەنەكانی دەرەوەی پارتی ئیدی لەو راستییە تێبگەن كە پارتی دەیەوێت بەكرداریی، كوردستان بەرەو كەمبوونەوەی بەهاكاتی دیموكراسی ببات، بۆیە دەبێت لایەنەكانی دیكە رێگری لەو هەوڵە بكەن.

دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی و هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێ بۆ سەركردایەتی ئەو حیزبە كە بەشێكی زۆریان بە "دژە پارتی"ییەكان ناسراون "سەرەڕای بوونی تێبینیش لەسەر سەركردەكانیان"، بەڵام پێدەچێت ببنە ئومێدێك بۆ ستۆپكردن بەپارتی لەهەندێك وێستگە و گەڕانەوەی باڵانسی هێز لەكوردستان، هەروەها كاركردنی ئەو سەركردایەتییە نوێیە لەگەڵ سەركردایەتی گۆڕان كە نفوز و پێگەیان لەناوچەی سلێمانییە، هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ ناوچەی سلێمانی و هەمیش داهاتووی سیاسی لەكوردستان.

ئەگەر بێینە سەر باسی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن (نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتوی ئیسلامی) دەكرێت بڵێین خراپترین دۆخی سیاسی دوای هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، دۆخی كاركردنی پێكەوەیی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنە كە لەهیچ وێستگەیەكی كاركردنی سیاسییدا پێكەوە نین، هەرچەندە چەند جارێك جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەزاری عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەكە ئامادەیی كاركردنی لەگەڵ ئەو دوو هێزەی دیكە دەربڕیوە، بەڵام دیارە تائێستا ئەو دوو لایەنەی دیكە ئامادەیی كاركردنیان دەرنەبڕیوە، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا پەرتەوازەییەكی زۆر بەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە دیارە كە سەرەنجام دەچێتە خانەی خزمەتكردن بەلایەنەكانی دەسەڵات بەتایبەتیش پارتی.

یەكێك لەو پرسە گرنگانەی پێدەچێت لەم خولەی پەرلەماندا تاوتوێ و یەكلایی بكرێتەوە دەستوری كوردستانە كە پارتی لەهەڵبژاردنی 2018ەوە بۆ ئەم پرسە زۆر هەوڵیدا ببێتە زۆرینە تا بتوانن دەستوریش بەدڵی خۆی تێپەڕێنێت، هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە پارتی دەتوانێت بەزۆرینە ئەوەش تێپەڕێنێت، بەڵام بەو پێیەی دەستور رەهەندێكی نیشتمانی هەیە پێدەچێت لەم مەسەلەیەدا نەتوانرێت زۆر پێداگیری لەسەر خواستەكانی بكات و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ گوێگرتن لەلایەنەكانی دیكەش.

بۆ ئەم خولەی پەرلەمان تازە لایەنەكانی دەرەوەی پارتی (یەكێتی، گۆڕان، سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن) ناتوانن لەدژی هیچ پڕۆژەیەكی پارتی بوەستنەوە، چونكە دەتوانرێت وەك پرسی سەندنەوەكەی پارێزبەندی سۆران عومەر بەزۆرینە تێی پەڕێنێت، بەڵام گرنگە لەئێستاوە ئەو لایەنانە بەرەیەكی فراوانی ناڕەزایی بەرامبەر پارتی دروست بكەن هیچ نەبێت پارتی سڵ بكاتەوە لەوەی ئەو بەرەیە بەرامبەریەتی، چونكە بیرمان نەچێت ئەو لایەنانە 53 كورسییان هەیە و ئەگەر شیوعیش بێتە پاڵیان دەبنە 54 كورسی كە ئەو ژمارەیە نزیكە لەژمارەی كورسییەكانی پارتی و هاوپەیمانەكانی كە 57 كورسین، بەڵام ئەوەی گرفتی سەرەكی بەردەم دروستكردنی ئەو بەرە ناڕەزاییە و دروستكردنەكەی زەحمەت كردووە وەك كوردەواری دەڵێت ئەوانیش زۆربەیان پێكەوە دانویان ناكوڵێت.


PM:10:15:10/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 3116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی