سلێمانی دوای كۆرۆنا

‌پشتیوان جەمال

شەوی 1ی ئازاری ئەمساڵ بەرپرسانی ئیداری و تەندروستی شاری سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەواڵێكی ناخۆشی چاوەڕوانكراویان راگەیاند ئەویش تووشبوونی چوار كەس بوو بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی، بەڵام تا نووسینی ئەم وتارە كە تەنها 37 رۆژە، ژمارەی تووشبوانی ئەو ڤایرۆسە لەشاری سلێمانی زیاتر لە 110 كەسن، بەڵام چاكبووەكان ۸٥ كەسن و ئەوەی ئێستاش لەنەخۆشخانەن لەناو سەنتەری شارەكە تەنها 23 كەسن، ئەوانی دیكەش لەقەزا و ناحیەكان، كەواتە بەهەموو پێوەرەكان سلێمانی تائێستا لەقۆناغێكی پێشكەوتووە.

ئامارەكانی چاكبووەوەی كۆرۆنا لەناو شاری سلێمانی جێی دڵخۆشین كە ئەوەش بەپلەی یەكەم بۆ پابەندبوونی هاوڵاتیانی شارەكەیە بەڕێنماییە تەندروستییەكان و خۆگرتنیان لەماڵەكانیان لەڕۆژی 14ی ئازار و رۆژانی دواتر، لەهەمووشی گرنگتر پابەندبوونی تەواوی هاوڵاتیان و دوكانداران بوو لەقەدەغەی هاتووچۆی تەواو لە 50ی كاتژمێرەكەدا.

دەكرێت سەرەتا سوپاسی تەندروستی سلێمانی بكرێت بۆ ئەو پلانانەی لەبەرگرتن لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە كردی لەسەرەتای مانگی شوباتی رابردووەوە كە دەستی بەهۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان كرد، دواتر ئامادەكردنی نەخۆشخانەی تایبەت بۆ تووشبووان و پشكنینی گومانلێكراوان.

هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بەگشتی و شاری سلێمانیش بەتایبەت زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆی ململانێی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانەوە بەراورد بەشارەكانی دیكە باجی نەبوونی زۆر خزمەتگوزارییان داوە و هەندێجاریش بەمەبەست لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم شار و پارێزگایە لەزۆر پڕۆژەی ستراتیژی پشتگوێخراون بەنموونەش دروستكردنی شەقامی 100 مەتری، ئەگەر زۆر دووریش نەكەوینەوە پێشەنگ بوونی شاری سلێمانی تا ئەم ساتە لەكۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆنا.

ئەوەی مەبەستمە لێرەدا تیشكی بخەمە سەر، خزمەتكردنی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و پارێزگاكەیە بۆ دوای ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕانەوە كە هەردووكیان پێگەی بەهێزیان لەم سنوورەدایە، بەتایبەتیش سەركردایەتی نوێی یەكێتی كە نەوەیەكی گەنجن و بەوتەی خۆیان مەبەستیانە خزمەتی ئەم ناوچەیە بكەن، تكایە هەردوو لایەن بزانن ئیدارەی هاوڵاتیانی پارێزگا و شارێك دەكەن كە لەم پەتا جیهانییەدا (رۆشنبیر)ییان زیاتر دەركەوت، ئێوەش هیچ نەبێت بتوانن وەفایەكی ئەو "رۆشنبیری و هۆشیاری"یەیان بدەنەوە بەپتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانتان و خزمەتكردنی خەڵكەكەی، چونكە لەخۆڕا نییە ئەم پارێزگایە لەساڵی 2011ەوە پەرلەمانی كوردستان نازناوی (پایتەختی رۆشنبیری) پێبەخشیوە.

دەبێت هاوڵاتیانی ئەم پارێزگایەش بۆ هەمیشەیی بڵێن (بەگەنجی قارونی نادەین خاشاكی كوچە و كۆڵانی، بە دڵ هۆگری ئەم شارەین، ناژین بە بێ سولەیمانی)..


PM:06:01:08/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 2944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی