هەنگاوەكانی قوباد تاڵەبانی

‌پشتیوان جەمال

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكات كوڕی دووەمی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم ماوەیەی رابردوودا زۆرترین سەردانی بۆ ناوچەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا كە دەكرێت چەند خوێندنەوەیەكی بۆ بكرێت.

قوباد تاڵەبانی لەم مانگەدا چەند پڕۆژەیەكی لەشاری سلێمانی كردەوە و سەردانی چەند دامەزراوەیەكیشی كرد، هەروەها سەردانی ناوچەی چەمچەماڵ و راپەڕینیشی كرد، راستە ناوبراو وەكو بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی ئەو دامەزراوانەی كردووە، بەڵام سەردانەكانی هەم سیاسین و هەمیش خزمەتگوزاری و هەمیش بانگەشەیەكی پێشوەختەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە.

قوباد تاڵەبانی هەمانكات سەركردەیەكی یەكێتییە و پارێزگای سلێمانیش جێی ململانێی یەكێتی و گۆڕانە و پارێزگاری سلێمانیش لە پشكی گۆڕانە، تاڵەبانی كوڕ  بەو سەردانانە ئاماژەیەكی سیاسی بە گۆڕان وت كە سلێمانی تەنها موڵكی ئەوان نییە، بەڵكو یەكێتیش بەشێكە لێی، هەروەكو چۆن لە كاتی كردنەوەی پڕۆژەی شانۆی رۆمانی لە سلێمانی كە پێشتر لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە بەردی بناغەی دانرا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە موڵكی سلێمانییە نەك تەنها كەس و لایەنێك.

لەدوو هەفتەی رابردوودا بە بڕیاری بەرپرسانی سلێمانی، كورسییەكانی ناوچەی سەهۆڵەكەی سلێمانی كە ئێواران گەنجان و نوسەر و رۆشنبیران تێیدا دادەنیشتن لابرا، ئەوەش تاڕادەیەك لەسەر پارێزگاری سلێمانی حساب كرا كە پشكی گۆڕانە، بەڵام زۆری نەبرد قوباد تاڵەبانی ئەو هەلەی قۆستەوە و خۆی سەردانی ئەو شوێنەی كرد و كورسییەكانی دانایەوە.

بەشێكی دیكەی سەردانەكانی قوباد تاڵەبانی پەیوەندی بەململانێكانی نێو حزبەكەیەتی كە بەرەو كۆنگرەی چوارەم هەنگاو دەنێن و یەكێتی گەرەكیەتی گۆڕانكارییەكی زۆر لە سەركردایەتییەكەی بكات و خۆیان وتەنی گەنج ببنەوە، بۆیە دوور نییە ناوبراو چاوی لە پۆستی كەسی یەكەمی حزبەكەی بێت و بۆ ئەو مەبەستەش نمایشەكانی خۆی دەست پێكردووە.

لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عیراق، قوباد تاڵەبانی دەستی بە گەڕان بۆ ناوچەكانی كوردستان كرد بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بۆ حزبەكەی، توانیشی تاڕادەیەك سەركەوتوو بێت، چونكە بەوتەی گەنجانی یەكێتی، قوباد جگە لەوەی كوڕی جەلال تاڵەبانی رەمزی یەكێتییە، رووخسارێكی خۆشەویست و نوێی حزبەكەیانە، هەر ئەوەش بەڕوونی لە كاتی دیاریكردنی سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەركەوت كە سەرەتا ئەرسەلان بایز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دانرا، بەڵام زۆری نەبرد لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كادیرانی یەكێتی هەڵایەكی گەورەیان دروستكرد و دوای چەند كاتژمێرێك یەكێتی بە فەرمی قوباد تاڵەبانی دیاریكرد. 

هەرچەندە تائێستا بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلول ئەنجام بدرێت و تادێت دەنگۆكانی دواخستنیشی زیاتر دەبن، بەڵام قوباد تاڵەبانی كە سەرۆكی لیستی حزبەكەیەتی و وەكو خۆیشم پێموایە یەكێتی باشترین بژاردەی هەڵبژارد بۆ سەرۆكی لیستەكە، ناوبراو لەئێستاوە كەوتۆتە هەڵمەتێكی پێشوەختەی رانەگەیەندراوی هەڵبژاردن كە مەبەستیەتی ئەگەر هەڵبژاردن كرا یەكێتی بكاتەوە بە هێزی دووەم.  

زیاتر لە ساڵێكە قوباد تاڵەبانی لەچاوپێكەوتنی میدیاییدا دەرنەكەوتووە، بەڵام هەفتەی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی نێت تیڤی كە تایبەت بوو بە ژیانی كۆمەڵایەتی خۆی دەركەوت، ئەوەش تەواوی تۆڕە كۆمەڵاتییەكانی تەنی و دەكرێت بڵێین هەنگاوێكی دیكەی كارە باشەكانی ناوبراو بوو، ئەمە جگە لەوەی جەژنی قوربانیشی كردە دەرفەتێكی دیكە بۆ بەسەركردنەوەی سەركردەكانی یەكێتی و هاوڵاتیان لە سلێمانی و هەولێر.

لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، هەنگاوەكانی قوباد تاڵەبانی وەكو سەركردەیەكی گەنج رەنگە بتوانێت بۆ داهاتووی خۆی سوودی لێ ببینێت هەم بۆ پێگەی لەنێو حزبەكەی و هەمیش بۆ داهاتووی لە حوكمڕانی كوردستان.


PM:12:46:24/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 6903 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی