لیستەكەی گۆڕان و چەند سەرنجێك

‌پشتیوان جەمال

بزووتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان ئاشكراكرد، بەڵام لیستەكە نەك بۆتە جێی تێبینی زۆری لایەنگر و دەنگدەرانی گۆڕان و هاوڵاتیان، هەندێكیش تووشی شۆك بوون بەوەی حزبێكی گەورەی وەكو گۆڕان دوای پێنج ساڵ لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 21ی ئەیلولی 2013، بەڵام ئەمجارە ئەو كاندیدانە پێشكەش بكات!!

لیستەكە جێی هەڵوێستە لەسەركردنە هەم لەڕووی سەرۆكی لیست و هەم لەڕووی كاندیدانی، تا نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان لە ژیاندا بوو پەرلەمانتارانی پێشوو لە پەرلەمانەكانی عیراق و كوردستان خۆیان كاندید نەدەكرد كە ئەوە نەریتێكی جوان بوو، بەڵام هەر لە دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا و بە بیانووی جۆراوجۆر ئەو نەریتە نەما، وا گریمان پەرلەمانتارانی پێشوش بۆیان هەیە خۆیان كاندید بكەنەوە، بەڵام بۆچی دەبێت بكرێن بە سەرۆكی لیست!! ئایا ئەو حزبە كە هێزی دووەمە و دەیەوێت گۆڕانكاری ریشەیی لە كۆی سیستەمی كوردستان بكات ئەگەر دوای پێنج ساڵ نەتوانێت رووخسارێكی نوێ و كاریگەر بكاتە سەرۆكی لیستەكەی، ئایا دەتوانێت ئامانجە گەورەكانی دیكەی بەدەست بێنێت؟

ئەگەر سەرنج بدرێت لەو 100 كاندیدەی گۆڕان، من بێ هیچ دوو دڵییەك تەنها 10 كاندیدی باشیان بە شیاو دەزانم بڕۆنە پەرلەمانی كوردستان، ئاخر لە هیچ لیستێكدا بووە شەش میدیاكارت ببنە كاندید؟! بیانووی ئەوەش لەبەرئەوەی رووخساری میدیایین و دەتوانرێت دەنگیان پێ كۆبكرێتەوە، كە ئەوەش قسەیەكی بێمانایە، چونكە هەندێك لەو كاندیدە میدیاییانە ئەسڵەن نازانن ئەلف و بای سیاسەت چییە تا رەوانەی پەرلەمان بكرێن، جگە لەوەش ئەوەندە كاریگەر نین تا سەرنجی خەڵك بەلای خۆیاندا رابكێشن.

شۆكێكی دیكەی ئەو لیستە كاندیدكردنی گۆرانیبێژێكی میللی بەندبێژە، رێزم بۆ ئەو گۆرانیبێژە هەیە كە رەنگە لە بوارەكەی خۆیدا توانای هەبێت و گوێگری باشیشی هەبێت و لەڕووی گۆرانیشەوە خزمەتی بە گۆڕان كردووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە بۆ پەرلەمان كاندیدی بكەیت، بەڵام ئەگەر گۆڕان كەسی دەست نەكەوتووە ئەوەیان شتێكی دیكەیە!!

گومانی تێدا نییە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عیراق ساختەكاری لە گۆڕان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكەش كرا و كورسییان لێ كەمكرایەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەر گۆڕان كورسییەكانی لە 24 كورسی كەمبۆوە كە بێگومان بەهۆی پەیدابوونی هێزی تازەوە كورسییان كەم دەكات، پێویست ناكات بەرپرسانی گۆڕان پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ لایەنێك رابكێشن، بەڵكو رەخنە لە خراپی لیستەكەی خۆیان بگرن كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان دەبێت.

    


PM:04:09:31/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 6025 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی