سەربەخۆیی و ئازادی و یەکسانی، تەواوکەری یەکترن

‌ته‌حسین قادر

کاتی خۆی من دوو جار زیندانی سیاسی بووم لای ڕژێمی بەعس. کاتێک لە ئیسخباراتی ھەولێر و ئەمنی سلێمانی بووم، زیندان پڕ بوو لە کورد بە زۆربەی لایەنەگرانی حیزبە ،سیاسییەکانەوە، ھەموو لەسەر کوردبوون گیرابوین، ھەست و ھەڵوێستی کوردایەتی و خۆشەویستی نێوانمان پتەو تر دەبوو. بەڵام کاتێک بردیانم بۆ ئەمنی عامەی بەغدا، دەیان زیندانی عەرەب ( بە شیعە و سونە) و تورکمان و ئاشوری و پێکاتەکانی ترم ناسی، ھەموو لەسەر تێکۆشان دژی ڕژێم و فاشیزم گیرا بوون. لەوێ ھەستی نێونەتەوەیی و مرۆڤایەتیمان زەقتر بووەوە.

کاتێکیش لە دوای ڕاپەڕین بۆ جاری سێھەم لەسەر جیاوازی بیروڕا لەگەڵ چوار ھاوڕێی تر زیندانی سیاسی کراین، ئازاری جنێو و ئەشکەنجەی ناوخۆ ..گرانتر و کاریگەری رۆحی و دەروونی زۆر سەختتر بوو لەسەرمان لە ھی داگیرکەران!

مرۆڤ ھەموو یەکسانن و پێویستە باوەڕیان بە یەکسانی ڕەھای نێوان نەتەوەکان، زبان، ئایین و ئایینزا، بیرەڕای جیاواز و توخمەکانی ژن و پیاو ھەبێت. بۆیە کورد و گەلی کوردستان مافی ڕەھای ھەیە لە وەرگرتنەوەی ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ تیایاندا. بەڵام کام دەوڵەت؟ دەوڵەتێک ببێتە قەڵای ئازادی بیروڕا، لانکەی یەکسانی ھەموو پێکھاتە ئەتنی و ئایینی ژێندەرەکانی، ببێتە ئامرازی ھێنانەدی یەکسانی و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتییەکانی.

دامەزراندنی دەوڵەت خۆشی ھەنگاوی یەکەمە و ڕێگەخۆشکەر و ئاسانکەری ھێنانەدی ھەموو ئامانجکانی ترە.

ئەم دەوڵەتە نەک دژایەتی تورک و فارس و عەرەب نییە، بەڵکوو گەورەتریین خزمەت بەوانیش دەکات ھەتا لە بەڵای داگییرکاری کوردستان رزگاریان بێت، رژێمە رەگەزپەرست و گەندەڵ و دواکەوتووەکانییان نەتوانن چیتر بیانووی شەڕی کوردستان بە خراپی بەکاربێنن بۆ عەسکەرتاری و زیاتر دیلکردنی نەتەوەکانییان.
فەیلەسوف و بیرمەندی گەورە ( کارل مارکس)  دەمێکە وتویەتی:

ڕەگی چەوسانەوەی کرێکاران لە بەریتانیا لە داگییرکردنی ئێرلەندەدایە، ئیسماعیل بێشکچی مەزنیش باوەڕی بەوە ھەیە کە خراپترین حوکمی کوردی بۆ کوردستان لە ھی باشترین حوکمی تورک و عەرەب و فارس باشترە و سەربەخۆیی کوردستان کلیلی سەربەخۆیی راستەقینەی ھەموو گەلانی ناوچەکەیە.


PM:02:03:18/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 7824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی