لەناو کۆنگرەی یەکێتیدا ھاوکێشەکان چۆن یەکلادەبێتەوە؟

‌ئاشتی عەبدوڵا


بڕیاردان لەڕۆژی دیاریکردنی کۆنگرە، جێی دەست خۆشیە، بەڵام جارێ خۆشحاڵی نا! 
تێڕوانینی لۆژیکیانە بۆ ئەم قۆناغە پێویستیە و دیقەت و راستگۆیی و رەخنە لایەنێکی گرنگی سەرکەوتنی کۆنگرە دەبێت، لەم روانگەیەوە پێمان وایە کەخۆشحاڵی کادران و یەکێتیەکان لەشێوازی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی ئازاد و دیموکراسیدا رەنگدانەوەی دەبێت و زەرووریەتی باروودۆخی یەکێتی وا دەخوازێت، کە کۆنگرەیەک بێت بۆ نوێبوونەوە و پێداچوونەوە، ئەمەش بەشیعارو وتار نابێت، بەڵکو لە ئەداو پراکتیزەکردنی دیموکراسیەت و باوەڕی تەواو بۆ زەروورەتی نوێبوونەوە دەبێت.

گریمانە نیە گەر بڵێین لەدوای بڕیاردان لەبەستنی کۆنگرە، ئەرکەکان قورسترن و نیەتی راستەقینە لێرەوە دەست پێدەکات، وردبینی و دیقەتی زیاتر و ھۆشیاری کادران لەئێستاوە دەیان جار  ئەرک و بەرپرسیارێتیە بۆ قۆناغی داھاتوو.
لەئەرزی واقعدا دەبینین، تای کۆنگرە چۆن بەرزبۆتەوەو ھەریەکەو لەلایەک ھەڵپەیەتی، زۆرێک بە رووپۆشی دیموکراسی و مشتێ شیعاری بریقەدارەوە لەگۆڕەپانەکەدا وەک یاریزانێکی دۆڕاو دەیەوێت بە فاوڵ و لادان لەیاسای یارییەکە گۆڵی خۆی بکات. زۆرێکیتر بەپلان و بێ دەنگی دەیەوێت وەک دارتاشێک دەسەک و قاچی کورسیە کۆنەکان نوێ بکاتەوە.
بەشێکیتریش کە خواستی ھەقیقی بۆ نوێبوونەوەو دیموکراسی ھەیە لەمەیدانەکەن .

لەھەموو ئەم ئاماژە و بۆچوونانە گرنگتر، ئەوەیە ئاخۆ لەناو کۆنگرەدا  چۆن ئەم ھاوکێشانە یەکلادەبێتەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ کاتی خۆی جێدێڵین و ناکرێت پێش رووداوەکان بکەوین، بەڵام ناشکرێت خۆشخەیاڵ بین و پێمان وابێ ، کە تەوافق رەتکرایەوە و بێ تەفاھوم داخڵی پرۆسەکە دەبن، ئەمە واقیعە و نکۆڵی لێ ناکرێت، نەک تەنھا یەکێتی، بەڵکو تەواوی حزبە سیاسیەکان بێ بەش نین لەم حاڵەتە. لەھەرێمی کوردستان و بگرە ناوچەکەش بەگشتی دیموکراسی ھەرگیز بەمانا ھەقیقیەکەی خۆی و بەپراکتیکی کاری پێ ناکرێت . بەو مەنتیقەی ئاماژەی پێکرا، دەکرێت قسە لەسەر تەفاھوم بکرێت، بەڵام تەفاھومێک بۆ یەکێتی بێت نەک یەکێتی بکرێتە قوربانی تەفاھوم و ئیعتیبار بۆ ئەشخاس.

ئەگەر زیاتر واقیعەکە وێنا بکەین دەبێ بەگشتی قسەیەک لەسەر سیاسەت کردن بکەین، بەو مەفھومەی دەکرێت لەدوو لایەنەوە ببینرێت، یەکەم دانانی پلان و ھەڵسەنگاندن و روئیای فراوان بۆ داھاتوو. دووەم ھونەری مامەڵەکردن لەگەڵ ئەرزی واقیعدا، بەو مەرجەی لەھەردوو لایەنەکەدا بەرژەوەندیە باڵاکان  بچووک نەکرێتەوە بۆ بەرژەوەندی کەسی.



PM:04:17:14/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 5944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی