ھەڤاڵانی شەرارە

‌ئاشتی عەبدوڵا


ھەڤاڵانی شەرارە

ئێمە، کۆمەڵێک کادیری ڕاگەیاندنكاری یەکێتی نیشتمانی كوردستان، وەك درككردن بەئەرك و بەرپرسیارێتیی سەرشان و پەرۆشییمان، بڕیارماندا بەیەكەوە لەپێناو کۆنگرەیەکی ئازادو نوێبوونەوەی یەكێتیدا، دڵسۆزانەو ڕاشكاوانەو دوور لەجیاكاریی لەسەر ئاستی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كار بكەین. لەچەند رۆژی رابردووشدا پەیامێکمان بۆ ئەم مەبەستە بڵاوکردەوەو بەگرنگیشمانزانی لەژێر ناوی ”شەرارە ” بەردەوامی بدەینە كارو چالاكی و هەنگاوەكانمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان.

بۆچی ناوی (شەرارە)مان ھەڵبژارد؟

لەسەردەمی هەستانەوەدا، ” شەرارە ” فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ ناساندنی شۆڕشی نوێ و یەکێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ ئەم دۆخە حزبیەی ئێستای یەكێتییش ، بێگومان بەهەمان ئەو نیەتە، بەڵام بۆ ئامانجێكی جیاواز كەخۆی لەئەنجامدانی كۆنگرەی نوێبوونەوەو ئازادو رێکخستنەوەی ناو ماڵی یەكێتیدا دەبینێتەوە، ئەو کۆمەڵە راگەیاندنكارەی یەكێتیی، لەڕێگەی خامەو فکرەوە لەژێر ناوی ”شەرارە”دا، خەبات دەکەین گوڕوتینێکی تر بدەینەوە بەحزبەکەمان بەپشتیوانیی کادیران و ھەموو ئەو هەڤاڵانەی ھەمان ئامانج و خەمی ئێمەیان ھەیە لەناو حزب.

--
ناساندنێکی کورتی رۆژنامەی «شەرارە»
لەدوای ھەرەسی ساڵی ١٩٧٥، کورد بەشێوازێکی تر شۆڕشی دەستپێکردەوەو لەھەلومەرجێکی سەخت ‌و دژواردا ھەڤاڵ مام جەلال، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەحوزەیرانی ھەمان ساڵدا دامەزراند.
بۆ شۆڕشێکی نوێ و لەو ھەلومەرجە دژوارەدا کەکورد پێیدا تێدەپەڕی و بۆ گەیاندنی گوتارێکی سیاسی نوێ و بانگەشەو ناساندنی شۆڕش، دەرکردنی رۆژنامەیەکی ناوەندیی بۆ دەستپێکی شۆڕش و ئەو قۆناغە زەرورەت بوو.
لە کۆبوونەوە بەراییەکانی دەستەی دامەزرێنەر، بڕیاری دەرکردنی دوو رۆژنامە درا، یەکێکیان بە عەرەبی ‌و ئەوی تر بەکوردی. بۆ ئەو رۆژنامەیەی کە نیاز وابوو بە زمانی عەرەبی دەربکرێ، مام جەلال ناوی "شەرارە"ی ھەڵبژاردو ھەر خۆی ئەو دروشمەی بۆ دانا، کە دەڵێ "لە پریسکەوە ئاگر ھەڵدەگیرسێ".

یەکەم ژمارەی "شەرارە" لە دیمەشق، لەدوای پێنج مانگ لە دامەزراندنی یەکێتی دەرکراو ھەڤاڵ مام جەلال خۆی لێپرسراوێتیی گرتە ئەستۆو رۆڵی سەرنووسەری دەبینی و سەرووتارەکانی رۆژنامەکەش بەقەڵەمی مام نووسران.

ھەڤاڵانی شەرارە


AM:11:03:02/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 3296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی