ڕێفراندۆمچێتی وەك ئەخلاق

‌رێبوار سیوەیلی

1. كانت، فەیلەسووفی ئەڵمانی نووسیبووی: "بەو جۆرە ڕەفتار بكە، كە حەز دەكەیت ڕەفتارت لەگەڵ بكرێت". هەروەها: "بەو جۆرە ڕەفتار بكە، كە ڕەفتارەكەت ببێتە یاسایەكی گشتی".
2. ڕیفراندۆم ڕەفتارێك بوو بۆ وەدیهێنانی ئازادی. بۆیە ڕەفتارێك بوو بە ئاراستەی ویستی ئازادیی بۆ هەموو كەس و نەتەوەیەك. مرۆڤی كورد لە ڕیفراندۆمدا بەو جۆرە ڕەفتاری نواند، كە ڕەفتارەكەی ببێتە یاسایەكی گشتی بۆ ئازادبوونی مرۆڤ و مرۆڤایەتی. 
3. مرۆڤی كوردستانی لە ڕیفراندۆمدا، توانی ببەخشێت و بەو جۆرە ڕەفتار بكات، كە هەر مرۆڤێكی مەدەنی و هەر هاووڵاتییەك لە جیهاندا، وا بزانێت كە بەناوی مرۆڤایەتییەوە، ڕەفتاری نواندووە. چونكە هیچ مرۆڤیك لە دنیادا نییە ئازادیی خۆی ڕەتبكاتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی لەودیو ئازادییەوە، جگە لە فۆرمێك كۆیلایەتی، دەستبەسەری و چوونە ژێر سایەی ستەمكاری، هیچ شتێكی دیكە نییە. 
4. پێویستە ڕیفراندۆمچییەكان شانازیی بەم ڕەفتارە مرۆڤانە و مەدەنیانەیەوە بكەن، كە جگە لە بە یاساكردنی ئازادیی بۆ گشت مرۆڤایەتی، هیچ شتێكی دیكەی لە پشتەوە نەبوو. 
5. ڕیفراندۆم بە دەستكەوتی كۆنكرێتی و مادیی وسیاسییدا بەها بۆخۆی بەدەست ناهێنێت، بەڵكو دەستكەوتی سەرەكیی ڕیفراندۆم بریتیبوو لە هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی یاسایەكی گشتی بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی كات و شوێن، ڕەنگ و ڕەگەز، ئایین و كولتوور و...
6. ئەمە جەوهەری شانازیی ڕیفراندۆمچێتی ئێمەیە: هەوڵماندا بەهای ئازادیی بخەینە سەرووی هەموو دەستكەوتێکی مادیی و سیاسیی و ڕەگەزییەوە. كوردستانییەكان بە دەنگدانیان بۆ ڕیفراندۆم، گوتیان: ئێمە چاكەی گشتیی و مرۆڤایەتیمان دەوێت. ئەمەش نەتەوایەتی كوردی، خستە ئەودیوی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمێكی ڕەگەزپەرستانەوە..


AM:08:41:27/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی