بۆ کاک نێچیرڤان و کاک بەرهەم

‌رێبوار سیوەیلی


1. کاتێک من هاتمەوە ئەم وڵاتە ئێوە هەردووکتان سەرۆکی حکومەت بوون و هیچتان بڕواتان بە دوو ئیدارەیی نەبوو چونکە ئەوە دووربوو لە بەرژەوەندیی وڵاتەکە.

2. پاشان هەردووکتان و لە کێبڕکێی یەکتردا وەک دوو گەنج کارتان کرد بۆ ئەوەی کوردستان لە ڕەهەندی ئیداریی و ئابوورییەوە بگۆڕێت و کاری باش کرا. لەم قۆناغەدا گلەیی من ئەوە بوو کە نابێت لەسەر حسابی ڕەهەندی ئابووریی و بزنس کولتووری مەعنەوی و ڕۆحیی و پەروەردەیی لەبیر بکرێت.

3. هیچتان بە گوێتان نەکردین و هەوای کۆمپانیاپەرستن لێیدان و گەورەترین زیان بە کولووریی ڕۆحیی و پەروەردەیی ئێمە گەیشت تا ئەو ئاستەی لە سایەی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئێوەدا مرۆڤ ڕووی نەدەهات بە زمانی کوردییش بدوێت..

4. لەو کاتەوە لەگەڵ ڕەخنەگرەکانتان کەوتنە تۆران و ئاشتبوونەوە، تۆران و ئاشتبوونەوە و تۆران.. هاوکات لەگەڵ نەخوێندەوارترین ڕۆژنامەنووسەکان بوونە هاوسفرە.. هەرکەس لە دنیای خۆیدا..

5. بێ گوێدانە ئەوە ڕەخنانەی لێتان دەگیرا، من هەمیشە لەو باوەڕەدابووم کە وڵاتەکە پێویستیی بە کەسانی وەک ئێوە هەبووە و دەکرا ئێوە پێشڕەوی گەنجەکان و بەمەدەنیکردنی کۆمەڵگا و مافە شەخسییەکانی تاکەکەسەکان بن.. لە پێش هەموویانەوە پشتگیریتان لە ڕیفراندۆم وەک حەقیی نەتەوەیی و وەک مافی تاکەکەس بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی خۆی.

6. برادەران هەردووکتان لە تەمەندا بە پێنج شەش ساڵ لە من گەورەترن، بەڵام ڕێگەم بدەن وەک نووسەرێک "لە ئێستادا" ئەم پرسیارەتان لێبکەم: ئێوە لە کوێی ئەم پرۆسەیەدان و بۆچی ئەوەندە 
شەرمنانە لەم پرسەدا هاتنە دەنگ!؟


PM:02:34:23/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 6819 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی