بەکارهێنانی ناڕەزایی جەماوەری بۆ بەرژەوەندیی سیاسی

‌بڵێسە جەبار فەرمان

دەوترێت سیاسەت بریتییە لە هونەری بەڕێوەبرن بەڵام لەم سەردەمەدا سیاسەت بووە بە هونەری دروستکردنی قەیران و قۆستنەوەی هەل.

خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین مافی هەموو تاک و گروپ و رێکخراوێکە، بەڵام تا دێت زیاتر و زیاتر ئەم مافە لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ مانەوەی خۆیان و گرتنەدەستی دەسەڵات.

بێگومان چەندەها جۆری ناڕەزایی دەربرین هەیە کە خۆی لە رێپێوان و گردبوونەوە و واژۆ کۆکردنەوە و بایکۆت و چەندەها جۆری تر دەبینێتەوە.

لە وڵاتانی ئەورپا ناڕەزایی جەماوەر چەندەها حکومەتی ئاڵوگۆڕ پێ کردووە و نەخشەی سیاسی پێ گۆڕیون و بۆتە هۆی دەستلەکار کێشانەوەی چەندەها وەزیر.

شەرابی فەڕەنسی و چەکی ئەتۆمی
لە ناوەڕاستی نەوەدەکان دژی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی فەرەنسا، هەموو ژینگە دۆستان و ئاشتیخوازان رژانە سەر شەقامەکان. ئەم خۆپیشاندانە جەماوەرییە لە لایەن حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە قۆسترانەوە و لە رێگای ناڕەزایی جەماوەرەوە هەوڵی بە دەستهێنانی دەسەڵاتیان دەدا.

هەرچەندە رێژەی خۆپیشاندەران لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا دەگەیشتە چەندەها ملیۆن بەڵام جاک شیراکی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی فەرەنسا ملکەچی خواستی خۆپیشاندەران نەبوو و یەکەم تاقیکردنەوەی کرد.

ئەمەش وای کرد بیر لە شێوازێکی تری گوشار بکرێتەوە بۆ سەر فەرەنسا بۆ دەستبەرداربوونی لە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی. بۆ ئەو مەبەستەش بایکۆتی واینی فەرەنسی کرا لە سەرتاسەری ئەوروپا لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

ئەمەش زەرەرێکی گەورەی بە ئابووریی ئەو وڵاتە گەیاند و حکومەتی ناچار کرد تاقیکردنەوەکانی رابگرێت.

ئەم سەرکەوتنە حزبە سەوزەکان و چەپەکان قۆستیانەوە و سەرتاپا دروشمەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکان بوون بە دروشمی دژ بە چەک و وزەی ئەتۆمی. لەو رێگەیەوە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکانی دواتری ئەو وڵاتانە.

بەشێکی زۆری ئەم حزبانە کورسی پەرلەمانی و وەزارەتی حکومەتەکانیان بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ چوونە ناو حکومەتەوە دروشمەکانی خۆیان لە بیرکرد و پشتیان لە خۆپیشاندەران کرد.

هەوڵەکانی ترەمپ سەری نەگرت
دیارترین بەکارهێنانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکای لە سەرەتای 2021 بەدیکرا. کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە دووبارەبوونەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا شکستی هێنا، هەوڵی دا لە رێگای پشێوی دروستکردن و خۆپیشاندانەوە لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە رێگای دروستکردنی ترسی لاوازبوونی ئەمریکا و دروستبوونی قەیرانی ئابووی و بێهێزی و لاوازی بایدنی بەتەمەن و بە جەستە نەخۆشەوە، توانی خەڵکانێکی زۆر بێنێتە سەرشەقام و گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروست بکات.

نانەوەی ئەو پەشێوییە تەنها بۆ بەرژەوەندی مانەوەی خۆی بوو لە رێگای داواکاری جەماوەر و خۆپیشاندانەوە.
بۆلسۆنەرۆ و سەرۆکی دادگا
دژ بە یەکن
نموونەیەکی تری خۆپیشاندان بۆ بەرژەوەندی سیاسی لە بەرازیل بینرا کاتێک سەرۆکی ئەو وڵاتە ساڵێک پێش هەڵبژاردن هەوڵی لابردنی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەدا بۆ مانەوەی خۆی لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری.

بۆلسۆنەرۆ (Bolsonaro) سەرۆکی ئێستای بەرازیل بە گوێرەی راپرسییەکان شانسی دووبارە دەرچوونەوەی نییە و لە هەڵبژاردنەکانی 2022 ی ئەو وڵاتە شکست دەهێنێت. سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئەو وڵاتە کە یەکێکە لە دژە سیاسەتەکانی بۆلسۆنەرو سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی 2022 دەکات.

لە رێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەوە لە دام و دەزگاکانی حکومەت بۆلسۆنەرۆ هەوڵی پەکخستنی دادگا و دامودەزگاکانی حکومەت دەدات و گۆڕینی سیستمی ئەلەکترۆنی لە هەڵبژاردنەکان و هەوڵی نانەوەی پەشێوی بۆ مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات.

خۆپیشاندان لە هەرێم،
وشەی پاکێج بوو بە وشەی ساڵ
وڵاتی عیراق و هەرێمی کوردستان زۆر حزب و لایەن ناڕەزایی جەماوەر و خۆپیشاندانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستەوە.

لە خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات کە لە سلێمانی دەستیپێکرد و چەند مانگێکی خایاند، جەماوەر دژی کەمی خزمەتگوزاری گردبوونەوەیان کرد. ئەم گردبوونەوەیە دواتر فراوانتر بوو و روخانی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کرایە داخوازی خۆپیشاندەران.

هەر حزب و لایەن و گروپێک پاکێجی ئامادە دەکرد و پێشکەشی حکومەتی دەکرد.
کار گەیشتبووە ئەوەی رێکخراوی چەند کەسی پاکێجیان دەنووسییەوە و پێشکەش بە حکومەتی دەکرد لە خۆی لە 28 خاڵ و زیاتریش دەبینییەوە.

بزوتنەوەی گۆران بووە یاریکەری سەرەکی لە بەردەرکی سەرا، ناوی سەرای سلێمانی گۆردرا بە سەرای ئازادی. لەو رێگەیەوە ئەو بزووتنەوەیە توانی کورسییەکی زۆری پەرلەمانی کوردستان و عیراق بەدەست بهێنێت.
ساڵانی دواتر بە چوونیان بۆ ناو حکومەت و دەستبەرداربوونیان لە ئۆپوزسیون دروشمی چوار ساڵ ئارامییان بەرزکردەوە. بەواتایەکی تر ئارمی شەقام و نەمانی خۆپیشاندان.

خۆپیشاندانی تشرین لە کارەوە
بۆ روخان
ئەوەی لە عیراق روودەدات بە هەمان شێوە بەکارهێنانی جەماوەری رەش و رووت و ماف خوراوە بۆ مەرامی سیاسی هەر جارە و لایەنێک و لەژێر دروشمێکدا بە هەزاران گەنج بە هیوایەکەوە دەهێنێتە سەر شەقام و دوای بەکارهێنانیان بە بێ هیوا دەیاننێرنەوە ماڵەکانیان.

خۆپیشاندانەکانی تشرین بۆ بەدەستهێنانی مافی دەستووری و سەرەکی بوو، لە مادەی 22 بەندی یەکەم دا هاتووە کە کار مافی هەموو تاکێکی عیراقییە.

ئەو گەنجانەی لە گۆڕەپانی تەحریر بوون و داوای هەلی کار و خزمەتگوزارییان دەکرد، بەڵام بەهەمان شێوەی ئەوەی هەرێم داخوازییەکان بە سیاسی کرا و روخانی حکومەتی و داواکاری هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بووە داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران.

شاراوە نییە کە ئەم داواکاریانە خواستی رەوتی سەدری لە دواوە بوو.

لە رێگەی پشتگیریکردنی خۆپیشاندەرانەوە سەدر خواستی بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەبوو و ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە زیاتر لە 100 کورسی بەدەستدەهێنێت.

دوابەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی و یەکلابوونەوەی رێژەی کورسییەکان، لایەنی تری سیاسی کە ئەنجامەکان بە گوێرەی خواستی ئەوان نییە، هەوڵی گۆڕینی ژمارەی کورسییەکانیان دەدەن لە رێگەی خۆپیشاندانەوە.

لایەنی براوە کە رەوتی سەدرە و زیاتر لە لە 70 کورسی بەدەست هێناوە باس لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و هێنانەدی خواستی خۆپیشاندەرانی تشرین دەکات و هەریەک لە لایەنەکانی فەتح و گروپەکانی حەشدی شەعبی دان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا نانێن.

ئەنجامەکان هەرچۆنێک بن، ژمارەی کورسی ئەم لایەن و ئەو لایەن هەرچەند بێت بە هیوا کردنی جەماوەر لەلایەک و ترساندنیان و دروستکردنی قەیران لەلایەکی تر خۆپیشاندانی تر دەخوڵقێنێت بۆ مەرامی سیاسیی سیاسییەکان و ئەم نەریتە نوێیەی حزبەکان کە لە عیراق دا بەردەوامی دەبێت.


AM:10:32:28/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی