١٢ ساڵ لەمەوبەر راچەڵەکینێک روویدا

‌بڵێسە جەبار فەرمان

دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان  تەنھا ئینشقاقێک نەبوو لە نێوان حزبێکی سیاسی دا، بەڵکو راچەڵینێک بوو بۆ ھەموو کوردستان.
ئەم ئینشقاقە، بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگای بردە ئاستێکی تر. رەخنەگرتن لە کاری حکومەت و بەدواداچوون بوون بۆ ھەموو کار و پرۆژەیەک بوو بە نەریت. نەریتێکی پۆزەتیڤ.

بێگومان ھیچ حکومڕانیەک، حکومرانیەکی تەندروست نابێت گەر ئۆپۆزسیۆنی نەبێت. دروست بوونی گۆڕان خالی ئەرێنی و نەرێنی ھەبوو کە نامەوێت لێرەدا ئاماژەیان پێ بدەم.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە  تێکڕای حزبەکان بە حزبی فەرمان ڕەواو ئۆپۆزسیونەوە بە عەلمانی و ئیسلامیەوە ھەمووی لێکچونی زۆریان ھەیە. حزبەکان تێکرا بانگەشەی ھەمان شت ئەکەن و ھەمووشیان ھەمان رەخن و گلەیی و گازندەگان لە حوکمرانی ھەیە.

لە گوتار و بەرنامە و پرۆگرامیان دا ھیچ جیاوازیەک لە نێوانیان بەدی ناکرێت.
ئەوەی ئێستا میلەت و ھەرێم پێویستی پێیەتی بوونی ئۆپۆزسیۆن و خیتابی جیاواز نیە، بەڵکو بونی پلانێکی نیشتمانیە، دیاریکردنی رەوتی نەتەوەییە بۆ ئایندە.
ئەمەش تەنھا بە دروشم و رەخنە نابێت، بەڵکو دەبێت ھەموو حزبەکان بۆ لەمەودوا نەخشەڕێگاو پلانی ستراتیجی نیشتمانیان ھەبیت.

هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان بەبێ داڕشتنی هێڵی نیشتمانی و بوونی گوتارێکی روونی سیاسی نوێ، و نەخشەڕێگا بۆ پەرەپێدان و پێداچونەوە بە ھەموو کەرت و سێکتەرەکانی وابەستە بە کۆمەڵگا، دەستکەوتی لە چەند کورسیەک زیاتر هیچی نابێت.


AM:10:21:26/07/2021

ئه‌م بابه‌ته 1640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی