پەرلەمان ماڵی یەکەمی پارتی!

‌عەبدوڵای‌ مەلا نوری‌


لە رابردودا بە پلەی یەکەم یەکێتی بە پاشکۆیەتی و لاوازی خۆی دەرفەتی تەواوی بۆ گەورەکردن و بەهێزکردنی پارتی لە زۆربەی جومگەکانی حکومڕانی و دەسەڵاتدا رەخساند. 

لەم خولەی پەرلەماندا، گۆڕان درێژەی بە کارە کۆنەکەی یەکێتی بۆ پارتی دا.

بۆ پارتی جۆری سیستەم گرنگ نیە، بەڵکو دەسەڵات گرنگە. 

کام سیستم هێزو دەسەڵات و سەقامگیری و هاوسەنگی بۆ بنەماڵەی بارزانی و پاشان پارتی دەستەبەر بکات، ئەوە سیستمێکی دڵگیرو پەسەندە.

لە سەردەمێکدا کە پارتی لە پەرلەماندا زۆرینەی رەهای نیە، هەر لەم کاتەدا کە بەرژەوەندی بنەماڵەو حیزب وا دەخوازێت مەسعود بارزانی وەک تاکمەرجەع لە لوتکەی دەسەڵاتدا بێت، ئا لەم کاتەدا سیستمی سەرۆکایەتی دڵخوازی پارتیە. 

لەم قۆناغەدا لە پاڵ پارتیدا ئەو لایەنەی تر کە گۆڕوتین و هێز دەبەخشێتە پرۆژەکەی پارتی یەکێتیە. یەکێتیە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بە دەسەڵاتێکی رەهاو پێگەیەکی بەهێزەوە بۆ مەسعود بارزانی دەشەرعێنێ، یەکێتیە کەمپینی هەڵبژاردن بۆ بارزانی دەکات، یەکێتیە ویلایەتی مەسعود بەرزانی درێژ دەکاتەوە، یەکێتیە سەرچاوەی هەمەڕەنگکردنی شەرعیەتدان بە پرۆژەکەی پارتی، کە لە مەسعود بارزانیەکی دەسەڵاتداردا خۆی دەبینێتەوە.

لەم قۆناغەدا راستە لە پاڵ مەسعود بارزانیدا نێچیرڤانی برازاش هەیە، بەڵام نێچیرڤان جگە لە سێبەری مەسعود بارزانی هیچی تر نیە. 

واتە بون و نەبونی نێچیرڤان بارزانی لە پرسە گرنگەکاندا جێی بایەخ نیە.

وەلێ لە قۆناغێکی تردا کاتێک ژمارەی کورسیەکانی پارتی لە پەرلەماندا هەڵدەکشێ و، پێشتریش مەسعود بارزانی لە بەشداری دەسەڵاتە فەرمیەکان دور کەوتوەتەوەو، پێویستی و هاوکێشەو هاوسەنگی هێز لە ناو پارتیدا گۆڕانی بە سەردا هاتوە، لەم کاتەدا بەرژەوەندی پارتی و بنەماڵە وا دەخوازێت نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی پێکەوە وەک دوانەی دەسەڵاتدار بێنە پێشەوەو، پێکەوە کارەکەی مەسعود بارزانی تەواو بکەن. لەم قۆناغەدا ئەم دوانە هیچیان سێبەری ئەوی تریان نیە، بەڵکو پێویستی بنەماڵە وا دەخوازێت لە هەردوکیاندا پێگەو دەسەڵاتەکانی مەسعود بارزانی بەرجەستە بکرێت.

ئیدی ئەم پێشهات و گۆڕانکاریە نوێیە پێویستی پارتی لە سیستمی سەرۆکایەتیەوە، لە هەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو خەڵکەوە دەگۆڕێت بۆ درۆی سیستمی پەرلەمانی و، درۆی لێکتێگەیشتن. کە لە بنچینەدا ئەمە نەک لێکتێگەیشتن نیە بەڵکو پرۆژەو تاکتیکی ئەم قۆناغەی پارتیە بۆ درێژەدان بە حاکمیەتی خۆی لە فۆرمێکی تردا.

لە قۆناغی یەکەمدا کە یەکێتی شەرعیەت بە دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی بارزانی و سەقامگیری پارتی دەدات، لە قۆناغی ئێستادا ئەوە گۆڕانە پرۆژەو هەیمەنەی پارتی و بنەماڵە لە ژێر ناونیشانی سیستمی پەرلەمانیدا بۆ پارتی درێژە پێدەدات. 

ئەم شوێنگۆڕکێیەی یەکێتی بە گۆڕان جگە لە تاکتیک و گۆڕینی ئامرازەکانی درێژەدان بە حکومڕانی مۆدێلی پارتی لە ژێر ناوی جیاجیادا هیچی تر نیە!

گۆڕان و پارتی لە رابردودا لە پرسە جەوهەریەکانی حکومڕانیەکی خەڵکسالاردا خاڵی هاوبەشیان زۆر کەمبو.

بەڵام کاتێک خەونی گۆڕان لە پرۆژەی بەدیلی حکومڕانیەوە دەگۆڕێت بۆ خەونی شوێنگرتنەوەی یەکێتی و پاشکۆیەتی پارتی ، ئیدی ئەم پاشەکشێیەی گۆڕان ئۆتۆماتیکی یەکسانە بە رازیبون بە براگەورەیی و هەیمەنەی پارتی، یەکسانە بە دروستبونی خاڵی هاوبەش لە نێوان پارتی و گۆڕاندا، رازیبونە بە یاساو رێساکانی حکومڕانی بەوجۆرەی پارتی نەخشەی بۆ دەکێشێ.

بۆ گەیشتن بە شوێنەکەی یەکێتی ئاسانترین رێگا ئەوەیە، ئەوەی پێشتر یەکێتی بۆ پارتی دەکرد ئێستا گۆران بیکات.
پارتی کاتێک هەست بەم پاشەکشەیە دەکات لە هێزێکی رادیکاڵی وەک گۆراندا، بێگومان ئیدی چاوی لەوەیە گۆڕان بکات بە بەدیلی یەکێتی. 

چونکە بەمە جگە لەوەی لە ئاستی حکومرانیدا بۆشایی یەکێتی بۆ پارتی بە هێزێکی تەڕو تازە پڕ دەکاتەوە، هاوکات تەسلیم بونی هێزێکی رادیکاڵ واتە بێهیواکردنی خەڵک، واتە کوشتنی روحی بەرانگاربونەوەو نەخێرکردن لە ناو هاوڵاتیاندا.

لەوەها دۆخێکدا بۆ پارتی چەندە تەسلیمبونی گۆران وەک حیزب بۆی گرنگە، هێندەو زیاتریش کپبون و بێهیواکردنی خەڵکی ناڕازی و کوشتنی دەنگی زیندوی شەقام گرنگەو، سەقامگیری زیاتر بۆ حکومڕانیەکەی جوت ئامۆزا دەستەبەر دەکات.

بەشداری و بێدەنگی زۆرینەی فراکسیۆنەکان لە دانیشتنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی بە قازانجی پارتی، ئاماژەیەکی رونن بۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە حکومڕانی ڕەهای ئەو حیزبە.

بەڵام تەمەنی ئەم دۆخە نوێیە چەند درێژ دەبێت، ئەمە پرسێکی ترەو پێموانیە زۆر بڕ بکات.


AM:11:03:27/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 5088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی