تۆ بڵێی ئەمجارەیان راست بێ‌

‌کاوان ئەبوبەکر



لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە، واتە لەساڵی ( 2003) ەوە چەندینجار هەواڵی كوشتنی عزەت ئیبراهیم ئەلدوری جێگری سەرۆكی پێشووی عیراق‌و جێگری (مەجلیسی قیادە سەورە)‌و سكرتێری ئێستای حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە، لەلایەن هێز‌و راگەیاندنە عیراقی‌و ئەمریكی ‌و هاوپەیمانەكانییەوە راگەیەنرا.. تەنانەت جارێكیش وێنەكانیان بەمردووی بڵاوكردەوە، كەچی دواتر دەركەوت ئەو نەبوو.

ئەگەرچی ئەم پیاوە لەدوای روخانی رژێمەكەیی‌و هەڵوەشاندنەوەی حیزبەكەی بەشێوەیەكی فەرمی، محەلی لەئیعرابدا نەما‌و مان‌و نەمانی وەك یەك وابوو، كەچی لەرووی ئیعلامییەوە زۆر گرنگی پێدەدرا، تەنانەت ئەمریكییەكان بڕی (10) ملیۆن دۆلاریان وەك پاداشت ئەدا بەو كەسەی زانیارییان لەبارەیەوە بداتێ‌، بەڵام ئەو لەچەندین بۆنەدا بەتایبەت بۆنەكانی (7)ی نیسان كە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی بەعس بوو، بەدەنگ ‌و رەنگ دەرئەكەوت‌و وتاری ئەخوێندەوە.

ئەمڕۆ حیزبی بەعس كە نازانرێت كێن، ئایا ئەندامانی پێشووترن، یاخود ئەندامی تازە‌و نەوەی لایكن، هەواڵی مردنی ئەم پیاوە تەمەن (78) ساڵەیان بەخەسارەتێكی زۆرەوە بڵاوكردەوە، دیسانەوە كەسیش نازانێت خەسارەتی عیزەت دوری چی بووە‌و كێش خەسارەتی كردووە.

ئەم پیاوە نازانم شانسی هەیە یان هەرخۆی كەسێكی موهیمە، ئاخر كاتێك خوێندكار ئەبێت لەمەكتەبی رۆژ دەرناچێت‌و بەناچاری ئەچێتە مەكتەبی شەو، لەوێش بەلەقەلەق ئەنجا هەر دەرناچێت‌و فەسڵ ئەكرێت، بۆیە بەناچاری‌و لەبەر بژێوی ژیانی دەست ئەكات بەسەهۆڵ فرۆشتن، لەگەڵ ئەم ئیشە نوێیەیدا هەرلەخۆیەوە ئەبێتە ئەندامی حیزبی بەعس‌و هەر لەخۆشییەوە ئەبێتە سەركردە‌و تا وایلێدێت ئەبێتە دووەم سەركردەی بەعس دوای سەدام.

جگە لەوانەش ئەم پۆستانەش وەرئەگرێت بەبێ‌ ئەوەی شارەزایی لەهیچیاندا هەبێت: 

1ـ جێگری سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، "لەژیانیدا فیشەكێكی بۆ خۆشیش نەتەقاندووە، نەك هەر ئەوە لەبەر لاوازی لەش‌و لاری تەنانەت توانای هەڵگرتنی كڵاشینكۆفێكی نەبووە".

2ـ وەزیری كشتوكاڵ.

3ـ وەزیری ناوخۆ.

4ـ جێگری سەرۆكی عیراق.

5ـ جێگری مەجلیسی قیادەی سەورە.

دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان ساڵی 1991، لەرۆژانی سەرەتاكانی راپەرینەكەدا، ناوی عیزەت دوری كەوتە ناوناوان‌و هەواڵی دەستگیركردنی وەك دەستكەوتێكی گەورە‌و بۆ بەرزكردنەوەی ورەی خەڵك بڵاوبۆوە، تەنانەت خەڵك هەبووە سوێندی خواردووە كە بەچاوی خۆی عیزەت دوری لەقەفەزێكدا بینیووە، دواتر كە هەواڵە زانرا فەیكە‌و راست نییە، وترا ئەوە مەیمون بووە لەقەفەزەكەدا‌و شێوەی لەدوری چووە، هاوڵاتیانیش لەسەر شەقامەكان هاورایان ئەكرد :"عیزەت دوری گیراوە، سەدام پشتی شكاوە".

ئەمجارەیان پێدەچێت هەواڵی مردنی راست بێت، ئەگەرچی گرنگ‌و جێی بایەخی هاوڵاتیان نییە، هەرچەندە لەساڵی 2015 دا حیزبی بەعس هەواڵی مردنی بڵاوكردەوە‌و هەرخۆشی هەواڵەكەی بەدرۆ خستەوە.

عیزەت دوری لەساڵی 1942 لەپارێزگای سەڵاحەدین (تكریت) لەدایكبووە‌و لەماوەی ژیانیدا (5) ژنی هێناوە‌و باوكی (11) كوڕ‌و (13) كچە.


AM:09:01:27/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی