لەدەستدانی هەلە مێژووییەكان

‌ئەرسەلان بایز

سمیر عطالله) وای نووسیبوو رۆژنامەی شرق الاوسط، ژیان دەرفەت و هەلە، وڵاتان وەكو مرۆڤەكان، گەلێ‌ جار دەرفەت و هەلی مێژووییان بۆ هەڵدەكەوێت. ئەوانە براوەو بەختەوەرن كە هەلەكان دەقۆزنەوەو ناهێڵن لەدەستیان بچێت، بەڵام بەختەوەری پێویستی بەپێشبینی و روانینی ئاسۆی ئایندەو حیساباتی وردو، نیاز پاكی هەیە. ئێمە گەلێكین لەسەر كەلاوەی رووخاوی هەلە لەدەستچووەكان دەگرین، پێویستیش بەوە ناكات دەرفەتی هەلە لەدەستچووەكان بژمێرین، چونكە هێندە زۆرن لەژماردن نایەن.

بەناوبانگترین لەدەستدانی هەلی مێژوویش، ئەوەبوو كە ( جۆن فۆستر دالاس) وەزیری دەرەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەساڵی (1954) لەكۆنگرەی چارەسەری ئاشتی شەڕی ڤێتنام لەدەستیدا. كۆنگرەكە بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا لەسەرانسەری ڤێتنام، لەباكوورو باشوور هەڵبژاردنی ئازاد بكرێت كەچی (دالاس) ترسا لەوەی نەوەكا كۆمۆنیستەكان هەڵبژاردنەكە ببنەوەو هەردوو ڤێتنام یەكبگرنەوەو دەوڵەتێكی نوێی كۆمۆنیستی دابمەزرێنن. بۆیە لەكۆبونەوەكە كشایەوە.

ئەو ملهوڕییە، ئەو كورت بینیە، بووە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێكی گەورەی درێژخایەن. كە زیاتر لەچوار ملیۆن مرۆڤ كوژران. ئەمریكا زیاتر لەشەست هەزار سەربازی كوژرا. بەدەیان ملیار دۆلار زیانی ئابووری بەركەوت. دواتر پانتایی شەڕەكە گەورەتر بوو دەوڵەتانی (لاوس) و (كەمبودیا)ی هاوسێی ڤێتنامیشی گرتەوە. شەڕەكە وایلێهات بوو بەشەڕی ( بەوەكالەت)ی یەكێتی سۆڤیەت و چین لەگەڵ ئەمریكا. باری ئاسایشی جیهانیش كەوتە مەترسییەوە.

دوای ئەو هەموو ساڵانەی شەڕ، دوای ئەو هەموو ماڵوێرانی و قوربانی و بەهەدەردانی ئابوورییە، دوای ئەو هەموو ساڵانەی شەڕو ماڵوێرانییە. سەرەنجام شەڕەكە بەشكستی ئەمریكاو سەركەوتنی ڤێتنام و یەكگرتنەوەی هەردوو بەشەكەو دروستبوونی دەوڵەتێكی نوێی كۆمۆنیست كۆتایی هات.

دیارە چەند ساڵێك پێشتریش فەرەنسا لەگۆلاوەكانی (هیندی-چینی) بەشكستێكی شەرمەزارانە كشابۆوە، ئەمریكا سودی لە ئەزموونی شكستی سەربازیی فەرەنسا وەرنەگرت. وایاندەزانی شەڕی پارتیزانی ڤێتنامیەكان بە ئاسانی لەبەردەم هێزە گەورەو كاریگەرەكەی ئەمریكا بەچۆكدادێت…! بەڵام تێڕوانین و حیساباتی ئەمریكا هێندەی ئاسمان و ڕێسمان ناڕاست و هەڵە بوو.

شەڕ تەواو بوو هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا شكستیان خواردو كشانەوە. بەڵام لە دوای خۆیان ناوچەكەیان كرد بە بێستانی مین و بۆمب. تاكو ئەمڕۆش ڕۆژانە دەیان مین و بۆمب لە ژێر قاچی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەتەقێتەوەو دەبنە قوربانی پاشماوەی ئەو شەڕە.

ئێستاش ڤێتنام بۆتە مەڵبەندێكی گرنگی گەشتیاران و بازاڕێكی گەورەی وەبەرهێنانی ئابوری ئەمریكا.

(ئاخۆ ئەبێ‌ سەركردە سیاسیەكانی گەلی كورد بە درێژایی مێژوی پڕ لە هەورازو نشێوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، چەندین دەرفەت و هەلی زێڕینی لەباریان بۆ هەڵكەوتبێ و نەیان قۆزتبێتەوەو لە دەستیان دابێت…؟؟!!.)
(تۆ بڵێی «ی.ن.ك» لەم كۆنگرەیەدا هەڵەیەكی كوشندە نەكات و هەرچی هەیەو نیە لە دەستی بدات…؟ تۆ بڵێی جەمسەرەكان دڵیان بە خۆیان و خوێنی شەهیدان و «ی.ن.ك» و گەلی كورد بسوتێ و ڕێگای ژیرانە بگرنە بەرو ئەم هەلە بقۆزنەوەو كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بگرن..؟! كۆنگرەیەك كە «ی.ن.ك» بخاتەوە خانەی خۆیەو دڵی ئەندام و دۆست و لایەنگرەكانیش خۆش بكات…)


PM:04:13:15/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 2944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی