خەون بە گوندەكەمانەوە دەبینم

‌ئەرسەلان بایز



*خەون دەبینم، لە زۆربەی خەونەكانمدا دەگەڕێمەوە تەمەنی مناڵی‌و هەرزەكاری، خەون بە دێیەكەی خۆمان (كاریتان) دەبینمەوە. دەگەڕێمەوە نێو خانووە قوڕەكان. كۆڵانە تەسكەكان، یاری (خۆڵ)ە پۆكێنەو بازبازێن‌و تۆپی دەست‌و كڵاومستانێی شەوان. خەون دەبینم بە كێڵگەی گەنم‌و (شەغرە)ی پشتی كەرو هێسترو زبارەی دروێنەو بڕكردنی ڕەوسەی گەنمی سەر جۆخینان. ئارامی‌و ئاسایش‌و یەكڕیزیی‌و تەبایی، خەون دەبینم بە جەنجەڕو گێرەو دەستەوایی سواخ كردنی سەربانی پایزان.

*حكومەتی دێیەكەمان لە ڕیشسپی‌و پیاوماقوڵان پێكهاتبوو، بەڵام تەلاری حكومەتیان نەبوو. وەزیری پێشمەرگەو جەنگ‌و وەزیری بودجەو داراییان نەبوو، سوپاو پێشمەرگەو پۆلیس‌و دەزگای زانیاری‌و پاراستنیان نەبوو، كەرە شەل‌و كەرە بۆزو كەرە شین ئامرازی هاتوچۆ بوون. كەچی ئەمن‌و ئاسایش بەرقەرار بوو، شەوان تا بەیانی دەرگای هەموو ماڵەكان لەسەرپشت بوو كەسێك دەستی بۆ بزمارێك نەدەبرد، بۆیە خەڵكەكە ئاسودە بوون، چونكە هەموویان متمانەیان بەیەكتر هەبوو. بەو سادەییەی خۆیان كەس دەستی ئەویتری بانەدەدا. كەس چاڵی بۆ ئەویتر لێنەدەدا. هەموویان وەك یەك خێزان دەژیان. كەس چاوی لە ماڵی كەس نەبوو، چونكە دەروونیان پاك بوو. دێتە بیرم پایزێك چوار پێنج كەس دەستەوایی بان سواخ كردنیان لەگەڵ باوكم‌و مامم دەكرد، (ئەمین ئەحمەد قادر) چووە لای دایكم پێیوت:
-پلە مامز…!! (كاك بایز) دەڵێ: بۆ نیوەڕۆ بەشی هەشت میوان شلە ساوەرێكی بە تەماتەی باش دروست بكەن.
كاتی تەواو بوونی قوڕكارییەكە. (ئەمین) بە میوانەكانی وت:
-كەس نەڕواتەوە ماڵەوە (پلە مامز) خواردنی كردووە.
باوكم یەكسەر تێگەیشت‌و روویكردە (ئەمین)‌و پێیوت:
-ئافەرین… بەڕاستی پیاوەتیت كردووە.
*لە گوندەكەمان تیپی مۆسیقاو كۆنسێرتمان نەبوو. دەنگی ئاسایی سروشت‌و باڵندەكان خۆشترین مۆسیقا بوون. قوقەی كەڵەشێری بەیانیان، گمەی كۆترو جوكە جوكی سواندوكەو (پاساری) سەر گوێسەبانەكان، حەپەی سەگ‌و گارەگاری مریشكی هێلكەكەر، باعەباع‌و قاڕەقاڕی بەرخ‌و كارژۆڵەكان خۆشترین ئاوازی مۆسیقا بوون، بۆنی خاكی دوای یەكەمین رێژنە بارانی پایزان، بۆنی سۆتكەو مێخەكی سەرسنگ‌و بەرۆكی كچان، فێنكی شنەی شەماڵی سەرلەبەیانیانیش خۆشترین بۆن‌و ئامێری خوایی فێنككەرەوە بوون، تێكڕای خەڵكی گوند ئاسودەبوون، چونكە ناكۆكی‌و ململانێی ناشەرعی لەنێوانیاندا لەسەر كۆمپانیاو نەوت نەبوو. كەس چاوی لەماڵی كەس نەبوو، خەڵكەكە بەبەشی خۆیان رازیبوون (مەولود ئەحمەد قادر) گێڕایەوە:
شەبەقیەك رۆیشتم بۆ جووت، دوای چوار پێنج كاژێر جووتكردن، بە هیلاكی هاتمەوەو زۆرم برسی بوو، كاتێ گەڕامەوە ماڵەوە عەیشێ (ئایشێ) نانی دەكرد، منیش لەبرسێتی بەلادا دەهاتم. نەمتوانی چاوەڕوانی چالێنانی (عەیشێ) بكەم، بۆیە چووم لەتەنیشتی دانیشتم. هەر ئەو نانی كردو منیش بە وشكی بێ (چا)و بێ ئاو خواردم سەرەنجام پاك لەپاك دەرچووین.
*ئەو ساڵانە ئایینی ئیسلام زۆر سادە بوو، خەڵكەكە خەریكی نوێژو رۆژووی خۆیان بوون، هێشتا حزبە ئیسلامییەكان دروست نەبووبوون تاكو پێیان بڵێن قاچت وا دانێ‌و وا دامەنێ، دەستت وا بگرەو وا مەگرە، مەچۆ سەرگۆڕی مردوو، ئەوسا هیچ موسڵمانێك لەپێناوی بەرژەوەندیی حزبایەتی موسڵمانێكی تری (تەكفیر) نەدەكرد. ئەوسا لەگوندەكەمان تەنیا حزبەكانی شیوعی‌و پارتی هەبوون، بەڵام وەكو ئەمڕۆ نەبوو بووەهۆی لەیەكترترازانی شیرازەی برایەتیی جووتیارەكان.


AM:09:15:05/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 3972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی