بەخێربێنەوە بەخێربێنەوە

‌دڵشاد عەبدولڕەحمان


ئێوارەیەکی زستانی ساڵی حەفتاوحەوت بوو ،وەک هەموئێوارەیەکی تردوای تەواوبونی وانەکانمان لەزانکۆی سلێمانی ،لەگەڵ هاوڕێی زانکۆم کاک تەهای مام سادق ی شێخ عیسا (کەلەدوای ڕاپەڕینەوە خۆشی بوە بەشێخ تەها) بەرەوبەردەرکی سەرا هاتینەخوار.ویستمان بچینە کتێبخانەی گەلاوێژو زێوەر کەکەوتبونە بەرانبەر بازاڕی عەسری لەسەرشەقامی مەولەوی. 

ئەو زەمانە ڕۆژانە زۆربەی خوێندکارانی زانکۆومامۆستاوفەرمانبەران ئێواران ڕوویان دەکردەئەوکتێبخانانە تابزانن گۆڤارەکوردیەکانی وەک بەیان وڕۆژی کوردستان وئەوانی تر، یان چ کتێبێکی تازەبابەت کەوتۆتەبازاڕەوە،ئاخر ئەوێ دەمێ خەڵک تامەزرۆی خوێندنەوەبوو. ئەوکات شۆستەو شەقامەکە بەموحاجەرەی ئاسن لەیەک جیاکرابونەوەو فولکەگەورەکەی بەردەرکی سەراش مابوو.کەگەیشتین، بینیمان خەڵکێکی زۆر خۆیان بەموحاجەرەکاندا داداوەو سەیری ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازیانەیان دەکرد کە بەشەقامی مەولەویدابەرەوشەقامی پیرەمێردوسجنی گەورە ڕێ یان گرتبوەبەر، دوای ئۆتۆمبێلەکان پڕکرابوون لەوخێزانە کوردانەی کەلەخواروی عێراقەوە گەڕێنرابونەوە. 

ئەوخێزانانە بریتیبون لەخێزانی ئەوماڵەکوردانەی کەدوای هەرەسی ۱۹۷٥ لەسەر بەشداریکردنیان لەشۆڕشی ئەیلول بەرەوخواروی عێراق گواسترابونەوە.ئێمەش شوێنی خۆمان لەسەرپەرژینەئاسنینەکەکردەوە ودوای تۆزێک لەبەرخۆمانەوە دەستمان کرد بەووتنی بەخێربێنەوە بەخێربێنەوەو تۆزتۆز دەنگمان بڵندتر دەکرد تادەوروبەر بەتەواوی گوێیان لێمان بوو، ئیتر هەرئەوەمان زانی سەرجەم خەڵکە خۆهەڵخستوەکەی سەر محاجەرەکان بەدەنگی بەرز دەستیان کرد بەووتنی بەخێربێنەوە بەخێربێنەوە . 

هەندێکی پێچوو خەڵکەکە بازیان بەسەر محاجەرەکاندا داوچونە ناوباخچەبچکۆلەکەی چواردەوری فولکەی سەراو ئیتر لەهەرچوارلای فولکەکەوە خەڵک تێک چڕ ژاو دروشمی بەخێربێنەوە بوو بە ئەی ڕەقیب وهوتافی شۆڕشگێڕی.پیاوەکانی ڕژێم بەبەرگی مەدەنیەوە کەوتنە ناوخەڵکەکەو ئیتر هەوڵی کپکردنەوەی خەڵکەکەیان دەدا بەترساندن وهەوڵی گرتن. خەڵکەکەش بەهوتاف ودروشم بەرەو شەقامی پیرەمێرد بەئاڕاستەی سجنی گەورە وهەندێکیش بەئاڕاستەی شەقامی سابون کەران کەوتنە ڕێ وبووبەخۆپیشاندانێکی جەماوەری خۆڕسکی گەورە. 

ڕەنگەهەڵەنەبم ئەگەربڵێم ئەوە یەکەم خۆپیشاندان بوو دوای هەرەس لەدژی ڕژێم لەناوجەرگەی شاری سلێمانیدا ئەنجام درابێ.دوای ماوەیەک خەڵکەکە بۆخۆڕزگارکردن لەگیران وداپڵۆسین لەکۆڵانەکانی سابون کەران ومەڵکەندی و دەوروبەری پۆلیسی ئالیات بڵاوەیان لێکرد.چەند پیاوێکی ڕژێم ئێمەیان دەستنیشان کردبوو، ئێمەش لەناوئاپورای خەڵکەکە خۆمان وون کرد بەرەوسابونکەران ولەوێوە خۆمان گەیاندە ئەسحابەسپی ولەوێوە من چاوم بۆپاسەکانی گەڕەکی خەبات دەگێڕا کەماڵمان لەوگەڕەکە بوو، بەڵام پاس نەمابوو ئیتر لەگەڵ دووسێ کەسی تر تەکسیەکمان بەهاوبەشی گرت وبەرەوماڵ بوینەوەو کاک تەهای ئەوزەمان و(شێخ تەهای ئێستا)بەرەوماڵەوەیان لەگەڕەکی ڕزگاری ملی ڕێگای گرتەبەر.ڕۆژی دواتر دەنگ وباسی خۆپیشاندانەکە بەتەواوی شاردا بڵاوببوەوەو وورەوهێزێکی بەرگری باشی بەخەڵک بەخشی .سڵاو لەوڕۆژانەی کەسەرەڕای هەرەس وبەهێزی وغروری ڕژێم بەڵام خەڵک بەئومێدو ورەیەکی بەرزەوە هەموو دەرفەتێکیان دەقۆستەوە بۆپیشاندانی ڕق وقینی پیرۆزیان بەرانبەر ڕژێم ودارودەستەکەی.

تێبینی ئەو هاوڕێیانەی لەوئێوارەیەدابەشداری ئەوخۆپیشاندانەبوون دەکرێ بەشداری باسکردنی بکەن چونکە لاپەڕەیەکی پڕشنگداری خەباتی جەماوەری سلێمانی یە.


PM:08:43:12/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 4108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی