رۆژێکیش بۆ پێشمەرگە ‌

‌ لوقمان مصطفی صالح

واخەریکە 9٥ ساڵ بەسەر یادی دروستبوونی سوپای شومی عیراقدا تێدەپەڕێت كە 1/6/1921 ئەو سوپایە بەهاوكاری بەریتانیا بیناد نرا. بۆ ئەو مەبەستەش ساڵانە لەسەرتاسەری عیراق و هەرێمی كوردستان دەكرێتە پشوی رەسمی .

خەڵكی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی‌و عیراق بەگشتی، نەهامەتی و ماڵوێرانی زۆریان بەدەست ئەو سوپایەوە چەشتووە، كە ناوی؛ سوپای عیراقە؛ لەیادی دروستكردنی ئەو سوپایەشدا ڕەخنەی ئەوەدەگیرێت چۆن دەبێت یادی سوپایەك بكرێتەوە لەجیاتی ئەوەی بەرگری لەخاك و شكۆمەندی گەلانی عیراق كردبێت بەدرێژایی مێژوو ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە؟

هەموو تاکێکی کورد ئەوە دەزانێت کە سوپای عیراق سوپایەكی داپڵۆسێنەرو نانیشتمانی بووەو خەڵكی كوردستان هیچ كاتێك خێری لەدەستی ئەو سوپایە نەبینیو، بۆیە نابێت یادی سوپایەك بکرێتەوە، كە لەجیاتی بەرگری لەدانیشتوانی وڵاتەکەی بکات، بەپێچەوەوانەوە بەردەوام خەریكی داپڵۆسین‌و كوشتن‌و بڕینی خەڵكی بێدیفاع بووەو هەر لەسەر دەستی ئەو سوپایە گەورەترین جینۆساید بەرامبەر بەكورد كراوە.
رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقیش بەردەوام ئەم سوپایەیان بۆ مەرام‌و بەرژەوەندیە سیاسەیەكانی خۆیان بەكارهێناوەو گەورەترین كارەساتیش لەسەردەمی رژێمە تۆتالیتارێکەی سەدام حسێندا ئەم سوپا وەحشیگەرە بەسەر كوردیدا هێناوە، لەئێستاشدا هاووڵاتیی كورد مافی خۆیەتی داوابكات لەجیاتی ئەوەی یادی سوپای عیراق بكرێتەوە، رۆژێك بۆ یادی پێشمەرگە دیاری بكرێت.

لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقیش سەرەڕای ئەوەی كوردو پێكهاتەكانی تر بەشداریان لەبینادنانەوەی سوپاكە كردووە، بەڵام تائێستاش ئەو سوپایە مۆركی تایفی‌و مەزهەبی بەسیمایەوە دیارە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كە ئەم سوپایە هەرگیز سوپایەكی نیشتمانی نەبووە .

هەر لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق‌و دروستكردنەوەی سوپا واپێویست بوو رێژەی كورد لەو سوپایەدا 17% كەمتر نەبێت بەڵام بەپێی تازەترین زانیاری رێژی ئێستای كورد لەسوپادا ناگاتە 2% ، هەر تاکێکی کورد بدوێنی ئەوەت پێدەڵێت کە یادكردنەوەی سوپای عیراق بەپێویست نازانێ، چونكە هەرگیز ئەو سوپایە گوزارشتی لەپاراستنی كەرامەتی پێكهاتەكانی عیراق نەكردووە.

ئەوەی پێویستە لەم قۆناغەدا، ئەوەیە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخرێت و ببێتە جێگەی شانازی هەموو لایەنێك نەك شانازی بەسوپایەوەكەوە بكەین جگە لەناهەمەتی بۆ گەلانی عیراق هیچ بەرهەمێكی تری نەبووە.

سوپای عیراق  لەجیاتی ئەوەی شكۆمەندی خۆی و خەڵك بپارێزیت بۆتە داردەستی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق، لەهەموو وڵاتان سوپا شكۆمەندی خۆی هەیە، بەڵام بەداخەوە سوپای عیراق لەدروستبوونیەوە تائێستا نەیتوانیوە شكۆمەندی خۆی خەڵك‌و پێكهاتەكانی عیراق بپارێزێت.

دەبێت سەركۆنەی  سیستمە سیاسیەكانی عیراق بكەین كە سوپایان وەك پێكهاتەیەكی گرنگ بەکارهێناوە، هەمیشە وەسیلەیەك بووە بەدەستی سیستمە خراپەكانی دەسەڵاتدارێتی لەڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقەوە.
پێویستیەکی هەنوکەییە كە رۆژێك بۆ پێشمەرگە دیاری بكرێت و لەو رۆژەدا شكۆمەندی و خەباتی پێشمەرگە بەرزبنرخێنرێت‌و بكرێتە پشوو چونكە ئێستا ناو و ناوبانگی پێشمەرگە لەتەواوی جیهاندا دەنگی داوەتەوە، ئەمە جگەلەوەی رۆڵێكی باشی لەخەباتی شاخدا دژی رژێمە سەركوتكەرەكانی عیراقدا بینوە .
سوپای عیراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، لەپێناوی پاراستنی دەسەڵاتە دیكتاتۆرە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق و بۆ سەركوتكردنی گەلانی عیراق و كوردستان دامەزراوە، هەمیشە هاووڵاتیانی سەركوت كردووەو سەرو ماڵی خەڵكی بەتاڵان بردوو، .تاوانی ئەنفال و زیندەبەچاڵكردنی 182 هەزار هاووڵاتی كوردو ئاوارەبوونی زیاتر لەیەك ملیۆن كەس لەكۆڕەوەكەی ساڵی 1991 بۆ سنورەكانی ئێران و توركیا لەسەر دەستی ئەو سوپایە بووە.

هەر بۆیە جێی شەرمە سوپای عیراقی بەسوپای خۆمان بزانین و ڕۆژێكی بۆ دابنێین، جگە لەوەش پێویستە سوپاسالاری عیراق داوای لێبوردن لەگەلانی عیراق بكات، بەهۆی ئەو كارەساتانەی لەسەردەستی سوپاكەی بەسەر پێكهاتەكانی عیراقدا هاتن.

لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان ساڵانە ئەم رۆژە دەكاتە پشووی رەسمی، بەڵام تا ئێستاش لەلایەن بەشێك لەفەرماندەو پلە باڵا سەربازیەكانی ئەو سوپایەوە هەڕەشە لەكورد دەكرێت، ئەمە جگەلەوەی لەعیراقدا چەندین هێزو میلیشیای شیعە دروستبووە كە زۆرجار بونەتە هۆی پەشێوی‌و ئاڵۆزی لەپارێزگاكانی تری عیراق، مەترسی ئەم میلیشیا شیعانە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدا كە هەڵوەشانەوەیان بۆتە ئەستەم، هەرچەند حەیدەر عەبادی چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی كردووە رێگە بەهیچ میلیشیایەك نادات لەبەریەكیان هەڵدەوەشێنێتەوە.  بەپێی یاساو بەهیچ شێوەیەك 6ی كانون لەناو ئەو رۆژانەدا نییە كە پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی كردوویەتییە پشوو.

دەبێت کۆدەنگیەک دروست بکرێت بۆ رەتکردنەوەی ئەو یادە شومە كە بەهیچ شێوەیەك لەهەرێمی كوردستان یادی دامەزراندنی سوپای عیراق نەكرێتەوەو لەبەرامبەریشدا رۆژێك بۆ پێشمەرگە دیاری بكرێت.
لەپەرلەمانی كوردستان هیچ یاساو بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی رۆژی 6ی كانونی دووەمی هەموو ساڵێك بكرێتە پشوو. هەموو ئەو پشووانەی كە پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی بڕیاری لەسەردراوە دیارو ئاشكرایەو بەهیچ شێوەیەك 6ی كانون یادی دامەزراندنی سوپای عیراق لەو ئەو پشووانەدا نییە كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری لەسەر دراوە، هەرچەندە پشووەكان لەعیراق زۆرن و سنووریان تێپەڕكردووە بەڵام ئێمەی كورد هیچ خێرێكمان لەسوپای عیراق نەدیوە بۆ ئەوەی یادی بكەینەوە.


AM:10:32:10/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 6974 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی