تەمەن و هەوڵ و ئامانج

‌ ئه‌رشه‌د ته‌حسین

تەمەن لە دەست خۆت دایە،  ئەگەر دەتەوێت پڕی بكەیت لە بەختەوەریی فەرموو ئێستا دەست پێ بكە، لە هەموو دەرفەتەكان كەڵك وەربگرە و هیچ دەرفەتێك لە دەست مەدە، زۆر و كەمی  تەمەن گرنگ نییە، چەندێتی تەنها ژمارەیە و هیچی تر نییە، چۆنیەتی تەمەن و چۆنیەتی ژیانكردن گرنگە، بیهێنە پێش چاوی خۆت  رابردوودا چەند خەون و حەسرەتت، چەند خولیا و ئاواتت هەبووە و چەندیان بەدیهاتوون، دەتویست چی بیت و چۆن بیت، ئێستا چیت و چۆنیت؟، رێك بۆ ئێستاش هەمان شتە، دەتەوێت لە داهاتوودا چۆن بیت و ببیت بە چی ئێستا هەوڵی بۆ بدە و هەنگاوی بۆ بنێ، ئێستا هەنگاوی داهاتووت بنێ و بەرەو ئاوات و ئامانجەكەت هەوڵبدە.

سەركەوتن و شكستەكانت بەرهەمی بیركردنەوەكانتن، ناكرێت بەبێ بیركردنەوە هەنگاو بنێیت، گەرچی ئەوە یاسای ژیانە، هەمیشە سەركەوتنت پێ نادات، شكست خۆی لەخۆیدا بەشێكە لە ژیان و دەبێت ئەزموونی بكەین، چونكە تا ئەزموونی نەكەیت هەستی پێ ناكەیت ئایا ئەمە شكستە یان سەركەوتن و ناتوانی جیاوازی لە نێوانیان بكەیت، لەگەڵ ئەوەش دا شكستی راستەقینە وەستانە لە خاڵێكی دیاریكراو، ئەوانەی بەردەوامن هەر دەگەن بەسەركەوتن چونكە بەردەوامیی خۆی لەخۆیدا سەركەوتنە.

زۆر و كەمی تەمەن مرۆڤ مەزن ناكات، گەرچی لەرووی جەستەییەوە گەورەیی بە جەستە و رووخساری ببەخشێت، مرۆڤی مەزن ئامانجی مەزنی هەیە و  لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكەیدا تەمەن و هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ، تەمەنی پڕ لە ئامانج و مرۆڤی هەوڵدەر ئارامیی و توانا لە ناخی مرۆڤ دا دروست دەكات، هێزی مرۆڤ بەندە بە رادەی ئارام گرتن و بەردەوامیی و مەزنی ئامانجە بەدیهاتووەكانییەوە.


AM:08:40:07/02/2023

ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی