لە چینەوە ، ئاشتیەک بە قەبارەی جەنگ

‌هونەر تۆفیق



دیدێکی مارکسیانە هەیە بۆ لەناوبردنی سیستەمی ئابووری سەرمایەداری کە لینین تەعبیری دەکات بە سەرمایەداری بە ڕوخاندنی نرخی دراو( پارە) لەناو دەبرێت پارە وەک کاغەز هیچ بەهایەکی نیە ، بەڵام کاتێک دەبەسترێتەوە بە ماڵوموڵکێکەوە بەها پەیدا دەکات . سەرەتای هەیمەنەی دۆلار لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانەوە ڕێکەوتنی نیودەوڵەتی بوو بۆ بەستنەوەی دراو بە زێڕەوە . ئەمریکاش زۆرترین زێڕی دنیای لای خۆی کەڵەکەکردبوو . لەسەرەتا حەفتاکانەوە تاکلایەنە ئەمریکا پشتیوانی زێڕی لە دۆلار کردەوە .

 هیچ وڵاتێکیش لەدۆست و دوژمن نەیتوانی پەرچەکرداری هەبێت ، چونکە ئەمریکا نرخی دۆلاری بەستبوویەوە بە نرخی نەوتەوە . لەو کاتەوە بازڕی نەوت تەنیا بە دۆلار کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت . هەر وڵاتێکیش ویستبێتی بەجیا لە دۆلار مامەڵە بەنەوتەوە بکات بەر نەفرەت کەوتووە وەک عێراقی سەردەمی سەدام ، لیبیای قەزافی ، ئێران . جەنگی ئۆکرانیا روسیای هاندا بەبەبێ دۆلار نەوت و غازەکەی بفرۆشێت . لەماوەی ئەمساڵی جەنگەکەدا چەند دەوڵەتێکی تر غیرەتی بازرگانیکردنیان لەگەڵ دەرەوەدا بەبێ دۆلار کراوەتەوە وەک میسر و جەزائیر و نێجیریا . نزیکبوونەوەی چین و سعودیە و یەکێک لە بەرنامەی ڕێکەوتنیان ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیانە بە دراوەکانی خۆیان بەبێ دۆلار .

 پرۆژەی ئاشتی نێوان سعودیە و ئێران ، سبەینێ سەردانی سەرۆک کۆماری چین بۆ مۆسکۆ و پێدانی پرۆژەی ئاشتی چینی بۆ جەنگی ڕوسیا و ناتۆ ، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی وڵاتانی کەنداو لەچین لەگەڵ ئێران ، هەمووی دەڕژێتە پرۆژە ئابووریەکەی چینیەکانەوە کە لە ڕێگای ئاوریشمی نوێوە دەست پێدەکات و ڕاگەیاندنی جەنگێکی ئاشتیایە بە قەبارەی خستن و کوشتنی دۆلاری ئەمریکی وەک پرەنیسبە مارکسیەکەی دژە کەپیتالیزم ، بەڵام نەک لەپێناو هێنانەدی مەدینە فازیلەکەی مارکسدا ، بەڵکە تەنیا وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ هەیمەنەی ئەمریکا . لە ئەگەری ڕوونەدانی جەنگی ئاشتیەکەی چینیشدا ، ئەوکات جەنگە حەقیقیەکەی جەمسەرەکان بە دڵنیایی ڕودەدات .


PM:02:11:23/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی