كوڕانی شار دەتوانن چی بكەن؟

‌هونەر تۆفیق



یەكێتی نیشتمان گرێ ی جێگرەوەی سكرتێری حیزبەكەی لەپاش كۆچی دوایی تاڵەبانی بە هەڵبژاردنی هاوسەرۆك تێپەڕاند . مەترسیدارترین و قورسترین پرسی ئەو حیزبە ، دانانی جێگرەوەی تاڵەبانی بوو لەنێوانی هەڵبژاردنی نەوەی شاخ و نەوەی شاردا .

تا ئێستا ناتوانین بڵێین قۆناغی نەوەی شاخ كۆتایی پێهاتووە كە غروری شەرعیەتی شۆرشگێڕیان لەماوەی ٢٩ ساڵی ڕابردوودا ، خۆیان و حیزبەكە و خەڵكیش پێیانەوە لەناو قەیرانی سیاسی - ئابووری سەختدا دەگوزەرێن .

بەهۆی كەڵەكەبوونی ئەو قەیرانانەوە ، نەوەی شاری دوای سەردەمی شاخ ، زیمامی ئوموری حیزبەكەیان گرتەدەست . وەك خۆیان لەزمانی لاهوری شێخ جەنگیەوە ئەمڕۆ گوتیان : ئەركەكەیان قورسە . دەبێت شاریانە بیر لە گرفتەكانی خەڵك و كۆمەڵگە بكەنەوە . شاریانە چارەسەری قەیرانەكان بكەن ، چونكە نابێت ئەمان بەزمانی سەردەمی شاخ و شەرعیەتی شۆڕشگێری شاخ ، منەت بەسەر خەڵكدا بكەن و خەتاكانیان لێ قبوڵ بكرێت .

كوڕانی شار دەبێت شەرم لەشاربوونی بیركردنەوەیان نەكەن ، وەك ئەوەی كوڕانی شاخ كردیان .

ئەم كوڕانەی شار كۆمەڵێك ئەزموونی سیاسی دڵخۆشكەرانەیان هەیە كەسەرباری سەرچڵیان لەبڕیارداندا ،بریارەكانیان شاریانە بوو .

پەیوەندی بەستن لەگەڵ كوردانی باكوور و رۆژئاڤا ، كۆمەك و بەهاناچونیانەوە بریارێكی شاریانەبوو . كردنەوەی كەناڵی گفتوگۆ و پێداگری لە رێكەوتنی دەباشانی نێوان گۆڕان و یەكێتی لەوساتانەدا كە گۆڕان لەوپەڕی ناڕەحەتیدابوو لەگەڵ پارتیدا بڕیارێكی شاریانەبوو . پاراستنی كەركوك و كوردستان لە بەحەلەب كردنی دەرئەنجامی ریفراندۆمەكەدا ، بریارێكی شاریانە و ئازایانەبوو . بردنەوە لەگەمەی دیاری كردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا ، یاریەكی شاریانە بوو .

ئەگەر شاخ نەتەوەی دروستكردبێت ، شاریش نیشتمان دروست دەكات . ئەزموونی شاخ نەیتوانی نیشتمان دروستبكات ، ئێمە لەئێستادا پێویستمان بە نیشتمانە . بۆیە ئەركە سەرەكی و قورسەكەی سەرشانی ئەم نەوەیەی شار ، دروست كردنی نیشتمانە ، نیشتمانێك جێگەی هەموومانی تێداببێتەوە بەبێ جیاوازی .


PM:02:04:19/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 1984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی