ئەمەو ئەوان

‌شێرزاد شێخانی


هەولێریات
ئەمەو ئەوان

لەزەمانی مەدا ژیان نەوعەكی دی بو ،پێشتر باسی جیاوازیەكانی ئەو سەردەمەو ئێستام لۆ كردینە ، بەران هەندەكجار ناچار دەبم دیسان بگەڕێمەوە سەر باسكردنی ئەو جیاوازییانە، چونكی بەراستی ئەو زەمانی ئەمن باسی دەكەم زۆربەی خەركی بە سەردەمی زێرینی دەناسێنن ، خۆیشی لەراستیدا وابو ، دەیان دەلیلتان لۆ دەهینمەوە كە سەردەمی مە سەردەمەكی زێرین بو لە هەمو رویەكەوە ، با لەخۆمانەوە دەست پێبكەم.. جیلی مە مەخسەدم جیلی شێستو حەفتاكان ، گەنجان بەسەر مەكتەبەی قرتاسیەكاندا دەگەڕان لۆ ئەوەی جوانترین قەلەم بكڕن .

 ئەمن بەخۆم عاشقی قەلەم پاندانی پاڕكەری 45 بوم ، هەبو حەزی لەپاركەری 21 بو، هەبو لە قەلەمی شیڤەر ، ئەوجا قرتاسیەكان موسابەقەیان بو تازەترین مۆدیلی ئەو قەلەمانە بینن چونكی تەڵەبیاتی زۆری لەسەر بو ، جیلی ئێستا لەدوی گەورەترین رامی مۆبایلەكەیتی لۆ ئەوەی رۆژانە رەسمی ئەو خواردنو سفرەی نانی سبەینانو نیوڕانان و ئێواران بگری و لەسەر پەیجەكەی خۆی لەفەیسبوكدا براوی بكاتەوە !. لەزەمانی مەدا گەنج لەدوی دەركەوتنی تازەترین كتێبی جان بۆل سارتەر وكۆڵن ویلسن و كافكا و ئەلبیرتو مۆرافیاو ئەلبێر كامۆ ودۆستۆفیسكی وتۆلستۆی و، كتێبەكانی تەها حوسێن وعەباس عەقادو رۆمانەكانی ئیحسان عەبدولقەدوس و، تازەترین شیعری مەحمود دەروێش وسەمیح القاسم و بەیاتی و مزەفەر نەواب بون ، ئێستا گەنجەكانمان لەدوی تازەترین لایفی ئەستێرە كەریم وشارۆ هەولێرین ، چاوەڕێن بزانن كەینی خۆیان رووت دەكەنەوە !. 

لەزەمانی مەدا رۆژانە جەریدەمان دەخیندەوە بزانین ئاخر ئەخباری شۆڕشەكەی گیڤارا گەیشتە كێندەری ، ئەخباری كاسترۆ و دژایەتی ئەمریكا ، ئەخباری ئەنجیلا دیفیزی ژنە شۆڕشگێڕە رەشپیستەكەی ئەمریكا و، ئاخر ئەخباری پاڵەوانیەتی شۆڕشگێڕانی فێتنام وجەیشی سڕی ئێرلەندا گەیشتە كێ ، ئێستا گەنجەكانمان لەدوی تازەترین ئەخباری هەیفا وەهبی و نانسی عەجرەم و مەروەو رۆلا یەموت و لۆكەو كریستالن بزانن كام لەجلكەكانیان هەرای نایتەوە لەئەنستگرامدا !. لەزەمانی مەدا وێنەی گەنجانی فەڕەنسا لەسەر شەقامەكان لە عانی شۆڕشی قوتابیانی ساری 1968 دا درو دەروونمانی دەهەژاند ، ئێستا رەسمی ستیانەكەی شاكیرا و سیلینا گۆمیز 214 هەزار كۆمینتی لەسەر دەنوسرێ لەسایتە كوردیەكاندا!. لەزەمانی مەدا چایخانەكان مەڵبەندەكی رۆشنبیری گەورە بون و، گەنجان حەلقەیان دەبەست و موناقەشات لەسەر تازەترین بەرهەمی ئەدەبی وفیكری وسیاسی دەكرا ، ئێستا لەچایخانەكان نیوەی گەنجەكانمان بەدەم نێرگەلە كێشانەوەوە چاویان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنە بزانن كەینێ رۆناڵدۆ گۆڵەكەی دەكاو ، میسی جوابی چییە؟!. نیوەكەی دیشیان موناقەشات لەسەر حەفری پرچەكانیان دەكەن بزانن هی كامەیان قەشمەڕترە !. لەزەمانی مەدا گەنجان بە بیری شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی پەروەردە دەكران، ئێستا گەنجان زۆربەیان حەشیشە خۆرن ، هەندەكیشیان حەبی ترامادۆل قووت دەدەن !. لەزەمانی مەدا گەنجەكانمان بەحەیاو شەڕەف بون ، چاویان لەناموسی كەس نەبو ، ئێستا گەنجەكانمان لەسناپ چاتو ماسینجەردا هەزار حیزە فیعلی دەكەن لەشەواندا !. 

لەزەمانی مەدا گەنجەكان سەفەری بەغداو موسڵیان دەكرد لۆ كڕینی كتێب ودیوانە شیعری تازە، ئێستا گەنجان روو لەبەیروت و ئەستەنبۆل دەكەن لۆ رابواردنو سەردانی مەلهاكان !. لەزەمانی مەدا تاجیرەكان بەویژدان بون لەخوای دەترسان ، ئێستا تاجیرەكانمان ویژدانیان لەسەر حدودی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخدا فڕێ دەدەن ، لەحكومەتیش ناترسێن كە ژەهری مار دەرخواردی میللەتەكەیان دەدەن !. لەزەمانی مەدا كاسبكار دەستپاك بون ، سەنعەتكار دەستڕەنگین بون ، ئێستا كاسبكار خینی خەركی دەمژی، سەنعەتكاریش خیانەت لەپییشەكەی دەكا !. بەكورتو موختەسەری ، لەزەمانی مەدا ئەخلاق هەبو ئەخلاق ، ئێستا ئەخلاق نەمایە ئەخلاق.. دە ئەوجا بزانن سەردەمی زێرین فەرقی چییە لەگەر سەردەمی زێراب.. باقی وەلسەلام..


PM:12:12:31/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 2931 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی