من ئەترسم، تۆقیوم....

‌سیروان غەریب

ئەوەی من بناسێت، ئەزانێت لەبوارەکەی خۆمدا، "ڕۆژنامەوانی"چاو نەترس بووم.
روماڵی شەڕە سەختەکانی پێشمەرگەو گرپە توندڕەوە ئیسلامییەکان، ئەمریکاو عێراق، پێشمەرگەو موجاهیدی خەلقم کردووە.

زۆربەی ڕوماڵی  ناوچە گەرمەکان و جێ ناکۆکەکان لەژیانی ڕۆژنامەوانیم لەمیدیای ئەهلی بەمن سپێردرابوو.

چەندین جار لەمەرگ گەڕاومەتەوە... زۆر جار دەستم لەجەستەی خۆم ئەدا بۆ ئەوەی بزانم بریندار نیم؟

زۆرن ئەو ساتەنای لەمەرگ گەڕاومەتەوە چاو نەترسانە دوبارە بۆ شەڕو ناوچەیەکی تری گەرم و جێ ناکۆک ڕۆشتوومەتەوە.

بەڵام ئێستا ترس دایگرتووم، ئەڵێم ئەم ڤایرۆسە کە ژیانی ڕاوەستاندووە ئەگەر بەرم بکەوێت وەک فیشەکێک نیە یان بۆمبێکی چێنراو کە تەنها خۆت بپێکێت، بەڵکو کە بەرت کەوت تۆ دەبیتە هۆکاری بەرکەوتن بۆ چەندین مرۆڤی تر، لەپێشیانەوە ئازیزانت.

بۆیە جیاوازی هەیە لەنێوان ئازایەتی ئەمڕۆو دوێنێ، ئازایەتی  ئەمڕۆ ئەوەیە خۆپارێزی بکەیت و  ئازیزانت بپارێزیت لەو ڤایرۆسەی کە ڕەنگە بەهۆی خۆنەپارێزی تۆوە چەندین ئازیزت بەر بکەون.

جاران ئەگەر بەرکەوتمایە، زیانی تەنها بۆخۆم بوو، بەڵام ئێستا کە بەرکەوم زیانم بۆ ئێوەشە.

ئێستا ئەزانن بۆ ئەترسم و تۆقیوم؟


PM:01:36:20/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی