قوباد تاڵەبانی‌، قوربانیی‌ دەستی‌ هەڤاڵەكانی‌

‌سالار سەراوی

پارتی، گەر کادرێکی فاشیل و فاسدی خۆی بخاتە پۆستێکەوە لە مەسعود بارزانییەوە بۆ ئەندام ناوچەیەکی حزبەکەیان پشتیوانی دەکەن و ناهێڵن بشکێ و بکەوێ. باشترین نمونەش فوئاد حسێن بوو.

کەچی یەکێتی ( بە گۆڕانیشەوە ) جوانترین و باشترین و کادری خۆی بخاتە پۆستێکەوە بەهۆی بەش بەشێنە و تەکەتول و سەر و باڵی ناوخۆی حزبەکەیەوە بەجۆرێک دەیشکێنن و دەیکەن بە ئەهریمەن کە نەک نەیار و دوژمنەکان بەڵکو یەکێتییە عەیارە 24 کانیش رەحمی پێناکەن و دەیخەنە بەر نەشتەر و ورد و خاشی دەکەن.
تێبینیم زۆر زۆرە لەسەر سیاسەت و ئەدائی قوباد تاڵەبانی، بەڵام خەریکە دەبێتە قوربانی دەستی هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆی لەناو حزبەکەیدا.

سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەی مەسرور، قوباد تاڵەبانی بەخۆیی و چوار وەزیرەکەی یەکێتییەوە هاتەوە بۆ سلێمانی و بە مەکتەبی سیاسییان وت ئێمە دەکشێینەوە و فەرموون بڕیاری کۆتایی بدەن، کەچی پێیان وت؛ هەڵەی وا نەکەیت و فەرموون برۆنەوە سەر کار و وەزیفەی خۆتان.!

تۆ بڕوانە ئەو هەموو سایت و پەیجانەی پارتی، ئەلفێک چ بە باش و چ بە خراپ لەسەر قوباد ناڵێن، کەچی فەیسبووک ساڵانێکە پڕبووە لە رەخنە و لۆمە و سەرزەنشتکردنی قوباد.

قوباد ئەگەر هیچ لە حزبایەتی و سیاسەت و حکومداری نەزانێت ئەوا هەر بەقەدەر ئەوانەی تر لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکەی لێی نازانێ، قابیلە ئەمانە سۆپەرمانی سیاسەت بن.!

لە بابەتی کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەراندا ئۆباڵی هەموو ئەو شکستەی بەر یەکێتی دەکەوێ دەیانەوێ بیخەنە سەرشانی قوباد، لەکاتێکدا ئەوەی بەسەر خەڵک و مووچە و گوزەرانیاندا هاتووە رەگ و ڕیشەی ٣٠ سی ساڵی حکومڕانی پێشوتری هەیە. هەڵەن ئەو یەکێتیانەی گەر پێیانوابێ تەنها قوباد تاوانبارە، تاوانباری سەرەکی ئەوانەن کە ئەم دۆخەیان بەم رۆژە گەیاند و ئێستا موزایەدەی سیاسی دەکەن و عەتف و سۆزی خەڵک بەلای خۆیاندا رادەکێشن.

بەهەرحاڵ بە با و بە باران لە عومری بەفر کەم دەبێتەوە، با هەڵبژاردن بکرێ ئەوجا خەڵک لەسەر سندوق وەڵامتان دەداتەوە و لە پەرلەماندا کورسیەکانیشتان دەبینن کە چۆن دەبن بە تەپڵەک.!

پەسنی هیچ سیاسەت و کارێکی یەکێتی ناکەم، یەکێتی لە دۆخێکی شڵەژاودایە، بزنس و نەوت و بازرگانی، بەرپرسەکانی یەکێتی مەست و حەیران کردووە، یەکێتی گەر بە راستی لە خەمی خەڵک و موچەخۆردان دەتوانن زۆر شت بکەن گەر بیانەوێت، سیاسەت لە فەیسبوک و تویتەر و سۆشیال میدیاوە ناکرێ. ئێمە کە لێرە قسە دەکەین و روئیای خۆمان دەڵێین؛ بەناچارییە و دەرچە و جێیەکی تر شک نابەین دوو قسەی لێی بکەین.

کۆتا قسە؛ هەنوکە گەر قوباد تاوانباری پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران بێ، ئەی کێ تاوانبارە لە پێنەدانی مووچەی کادری ئۆرگانەکانی حزبەکەیان کە ساڵانێکە بەدەست خراپی گوزەرانەوە دەناڵێنن.؟!

من لێرەدا تەنها ویستم سەرنجێک لەسەر تێگەیشتن و روئیا و مەنتقی سیاسەتی کادرەکانی یەکێتی بخەمە روو، هیچ ئیشێکم بە هیچ بەرپرسێکی یەکێتی نیە، چۆنی لێک دەدەنەوە بە جەهەننەم.!


PM:07:01:23/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 3312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی