ئەوە شكۆی ئەوقافە دەشكێت نەك NRT

‌ره‌حمان غه‌ریب


ئەمڕۆ پەیامنێری كەناڵی ئین ئار تی ، پێی وتم : هەرچەندە بە فەرمی بانگهێشتكرابوین بۆ كۆنفرانسی وەزارەتی ئەوقاف، بەڵام بە پاساوی جیا جیای وەك ئەوەی " دەعوەت نەكراون" درەنگ هاتوون" پاسەوانەكانی سەرۆكی حكومەت، رێگریان لێكردین، نەیانهێشت بچینە ناو هۆڵی كۆنگرەكە.

بە حوكمی ئەوەی لایەنی بانگهێشتكەر بۆ كۆنفراسەكەی ئەمڕۆ وەزارەتی ئەوقافە، ئیدی لە روی پرۆتۆكۆلەوە ئەوەی كە دەبێت لە بەردەم رای گشتی شەرمەزار بێت ، وەزیرو وەزارەتەكەی ئەوقافە، نەك لایەنێكی تر.

كە پاسەوانەكانی سەرۆكی حكومەت ، هۆڵی چالاكییەكەی وەزارەتی ئەوقاف بە بەرەی جەنگی خازرو بەعشیقە، دەشوبهێنن، پەیامنێرەكەی ئین ئارتی دەرئەكەن، ئەوە هەق نیە كەس بە ئەندازەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی،ئیحراج بێت، ئاخر ئەو بوو فراونكردنی ئازادی رۆژنامەنوسی خستە نێو بەرنامەی كابینەكەی، نەك كەسێكی تر. ئەو دەبێت بە یەك مسافە لە نێوان كەناڵەكانی میدیادا بوەستێت، نەك مەلا و ئەندامانی كۆنفرانسی "بەرەو ووتارێكی ئاینی هاوسەنگ لەسەر بنەمای مرۆڤ دۆستی و ئاشتی كۆمەڵایەتی".

كە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینییەوە بۆ كۆنفرانسەكە بانگهێشتكرابن، بۆ دەبێت پاسەوانەكان پێیان بڵێن ناوی ئێوە لە كەناڵە بانگهێشتكراوەكاندا نییە" بۆچی پاسەوانەكان بانگهێشتنامە دەنێرن یا بەشی میدیاو لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەكەی ئەوقاف؟.

ئەوە تەنها NRT نییە جیاكاری و رێگری بەرمبەر دەكرێت پێشتریش بەشی میدیای بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی رایانگەیاندبوو كە رێگە نادەن تیمەكانی كەناڵی KNN و پەیام روماڵی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بكەن لە میحورەكانی موصل.

ئەوەی دەبێت بێ باك نەبێت لە دەركردنی بڕیاری قەدەغەكردنی روماڵی بەرەكانی جەنگ بۆ هەریەك لە كەناڵەكانی NRT و KNN و PAYAM، ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆیە ئێمە لە سەنتەری میترۆ لە رێگەی یاداشتێكەوە داوامان لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد، چاو بەو بڕیارانەدا بخشێننەوە و پەیامنێرانی ئەو كەناڵانە لە روماڵكردنی هەواڵی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەگەی كوردستان ئازاد بكەن.

ئەوان بێدەنگیان هەڵبژارد، بۆیە چەندین رێكخراوی بەناوبانگی نێودەڵەتی لەسەر ئەم پرسە هاتنە دەنگ، ئەم كابینەیە ئەگەر باكی نییە لە ناوبانگی خۆی، با باكی بە ناوبانگی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت كە بە هۆی پێشێلكاری و یاساشكێنی و بەرتەسكردنەوەی ئازادی رۆژنامەنوسی، ناوبانگی بۆ ئازادی میدیا لە وڵاتە خراپەكان ، نزیك دەبێتەوە.


PM:03:08:08/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 5719 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی