کۆمیدیای بڕیارەکەی پارێزگاری هەولێر

‌ئومێد قه‌ره‌داخی

ئەو بڕیارەی پارێزگاری هەولێر  بە ناچارکردنی ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێ  بچنە هەولێرەوە بە دەفعکردنی بڕی 50 هەزار دینار وەک تێچوی ئەنجامدانی فەحسی کۆڕۆنا، هەتا بڵێی بڕیارێکی  نامەعقول و ناڕاستە،  ئەوپەڕی نامەسئولانەیە لەبەر گەلێک هۆکار

یەکەم: لە هیچ شوێنێکی دنیادا هاوڵاتی خۆی پارەی فەحسی کۆڕۆنا نادات، بەڵکو حکومەت ئەیدات، ئەوە لانیکەمی بەرپرسیارێتی حکومەتە بەرانبەر بەهاوڵاتی، لە دنیادا حکومەتەکان  سەدان ملیار دۆلاریان تەرخانکردوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی کۆڕۆناوە زیانیان بەرکەوتوە، کە ئەوە ناکرێت، سەندنی پارەی فەحسی کۆڕۆنا بۆ داخڵبون بە هەولێر هیچ نیە جگە لە بردنی دەستێکی ناپاک بۆ گیرفانی هاوڵاتی

دووەم: هەولێر  پایتەختە ، هەموو وەزارەتەکان لەوێن، هەموو هاوڵاتیان پێویستیان بە سەردانی ئەو شارە ئەبێ بۆ رایکردنی مامەڵەکانیان، یانی چی ئەبێ هەر کەسێک پەنجا هەزار بدەن،ئەسڵەن کە سێک کە هیچ کێشەیەکی تەندروستی نیە و لە ساغ ساغترە بۆ ئەبێ فەحسی کۆڕۆنا بکات؟ له کۆێی دنیادا بۆ مرۆڤی ساغ وتەندوست فەحسکراوە؟ ئەم بڕیارەی پارێزگاری هەولێر لە چ شار و چ وڵاتێکی سەر ئەم گۆی زەوییە پیادەکراوه جگە لە هەولێر؟

سێیەم:  سەرۆکی  کابینەی پێشو، ئێستا،کەلە حزبەکەی پارێزگاری هەولێرن، زنجیرەیەک ڕەسم و  باجی تاقەتپڕوکێنیان بەسەر هاوڵاتیدا سەپاندوە،  تێکڕای باجەکان و ڕەسمەکان زیاتر لە 200% لەسەدا دووسەد زیادی کردوە، تۆ  ئەو باجەت سەپاندوە بە چ ڕویەکەوە باجی فەحسی کۆڕۆناش ئەسەپێنیت؟

چوارەم :  لە سایەی سیاسەتی سەربەخۆی ئابووری و گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوتەوە، حکومەت بە دوو  مانگ جارێک مووچە دابەش ئەکات ، بە لێبڕینی 21%،   لە دۆخێکی وادا چۆن ئەکرێ داوای پەنجا لەهاڵاتی بکرێ بۆ داخڵبون بە هەولێر؟


PM:02:24:13/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 2208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی