جنێو بە خواکانیان مەدەن

‌عەلی حەمەساڵح

جنێو بە خواکانیان مەدەن، با جنێو بە خواکەمان نەدەن، سوکایەتی بەخۆیان و باوڕیان مەکەن، با بێڕێزی بە پێغەمبەرو ئاینەکەمان نەکەن!

پێش ھەمووشت من موسوڵمانێکی مولتەزیمم، بەڵام شەڕە جنێوە نە بەشێکە لە ئاکاری موسوڵمان و نە بەشێکە لە ئاکاری پێغەمەبەر(درودی خودای لەسەربێت).

وەڵامی بێڕیزی ئەوان بە پێغمبەر(درودی خودای لەسەربێت) بە لۆژیک و پەیامی عەقڵانی دەدرێتەوە.
دژ بەم بێڕێزیەی بەرامبەر پێغمبەرمان (درودی خودای لەسەربێت) دەکرێت، ئێمە  ژمارەیەک پەرلەمانتار یاداشتێک ئامادەدەکەین و دەیدەینە کونسوڵگەری فەڕەنسا..

دەکرێت یەکێتی زانایان پەیامێکی ڕون بەناوی موسوڵمانانی کوردستانەوە بداتە کونسوڵگەری فەڕەنسی..
دەکرێت لێکۆڵەرەوان لەباری ئیسلام و پێغەمبەر(درودی خودای لەسەربێت)و پەیامەکەی ، بەزمانی ئینگلیزی( ئەگەر فەڕەنسی بێت باشترە) پەیامەکە بگەیەنن..

سەرباری ئەو ھەموو ئازارو بێڕێزیەی بەرامبەر پێغەمبەر (درودی خودای لەسەر بێت) کرا لە مەکە، لە ھێچ شوێنێک بە شەڕە جنێو وەڵامی نەداوە، بەڵکو بەخۆگری و ئاکاری بەرز زیاتر پەیامەکەی گەیاندو سەرکەوت.

ئەم جنێوەی ھەندێک کەس بەرامبەر ماکرۆن  دەیکات،  بابەتە ماکرۆن نیە، دروستبوونی کەلتورێکە ھەرچیت بەدڵ نەبێ لە بری ڕەخنەو دیالۆکی ژیرانە، جنێوی پێبدە..

مامۆستا شەماڵ خودا لێی خۆش ببێت، جارێکیان بەسەرھاتێکی گێڕایەوە: وتی: بەڕێزێک پیاوێکی باش بوو، دڵودەرونێکی باشی ھەبوو، بەڵام مەشروبی دەخواردەوە، وەردە وردە ئیمان لە ناخیدا چەکەرەی دەکرد، ڕۆژێک گوێی لە وتاربێژێک بوو، دەیوت: ئەوەی مەشروب بخوات خوێڕیە!!
ھاتبوو وتبوی: مامۆستا شەماڵ تۆ خوێڕێتی چیت لە من دیوە؟..

بە دڵنیایی ئاینی ئیسلام ڕۆژ بەڕۆژ گەشە دەکات، بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە ماوەی 130 ساڵی ڕابردودا لە ئاینی پێنجەمەوە بوە بە ئاینی دوەم، پاش 50 ساڵی ئایندە دەبێتە ئاینی یەکەم..

ئیسلام بەڕەوشتی بەرزو ناتوندووتیژی گەشە دەکات، نەک شەڕە جنێو خۆتەقاندنەوەو خەڵک سەربڕین

ماکرۆن و ژنەکەی جنێوەکانی تۆ نابینن!  بەم جنێوانە خەڵک فێری شەڕە جنێو دەکەیت!!

باشترین خزمەتێک بەدین؛ دەتوانیت لە پاڵ وەڵامی عەقڵانی بۆ ئەوانەی دژایەتی ئیسلام دەکەن، بەرامبەر زوڵم و گەندەڵی و ستەمکاری دەسەڵاتی کوردی بوەستینەوە.


AM:11:52:26/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 2144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی