حیزب وەک سەرچاوەی مەعیشەت

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

حکومەت گیری خواردوە بەدەست بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە زیاد لە یەک ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی کوردستانەوە. لە لایەکیترەوە، حیزب گیری خواردوە بەدەست بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانیانەوە. بەکورتی ئەمە مانای ئەوەیە بە زیادبونی هەر موچەخۆرێک و هەر ئەندامێکی حیزب، بەرپرسیارێتیەکە فراوانتر و ئەرکەکە بۆ هەردولا (حیزب - حکومەت) قورستر ئەبێت. ئەوە جگە لە و گەندەڵیەی کە خەریکە ئێسک و پروسکمان ناهێڵێت.

ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاگوزاری و سەرپێیی قسە بکەین، ئەبێت ٢٥% هێزی کار موچەخۆری حکومەت بن و ٧٥% لە کەرتی تایبەتا ئیش بکەن. لە هەرێمی کوردستان ئەم ڕێژانە پێچەوانە بونەتەوە. کاریگەری کوشەندەی ئەم ژمارە زۆرەی موچەخۆر لەسەر حسابی خزمەتگوزاریەکانی حکومەت بۆ هاوڵاتیان ئەکەوێت. ئەم ژمارە زۆری موچەخۆران وایکردوە کە حکومەت بە ئەرکە سەرەکیەکەی خۆی ڕاناگات، چونکە دابەشکردنی موچە قاسەکەی حکومەت بەتاڵ ئەکات و ئیتر هیچی وا نامێنێتەوە لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکاندا سەرف بکرێن. ئەو ورتە ورتەشی کە ناوی ئۆپۆزسیۆنی لە خۆی ناوە، گلەیی لە وەزارەتی پەروەردە ئەکات کە بۆچی قوتابخانە دروستناکات…! ئەم دەنگە نەشازەی کە ناوی لە خۆی ناوە ئۆپۆزسیۆن، لە کاتێکا ئەمانە هەمو شتێکن بەس ئۆپۆزسیۆن نەبێت، ڕەخنە لە حکومەت ئەگرێت کە بۆچی خەڵک دانامەزرێنێت…! ئەم برادەرانە لە خۆیان ناپرسن: حکومەتێک بە هەزار شەڕەشەق موچەی موچەخۆرانی خۆی پێ بدرێت، ئێستا بە چ عەقڵێک خەڵک دامەزرێنێت و ژمارەی موچەخۆرانی زیاد بکات و قوڕەکە بۆ خۆی خەست تر بکاتەوە؟…

مەسەلەی حیزبایەتیش وایە، چونکە سەرچاوەی هەمو کەموکوڕیەکانی حکومەت حیزبە. ئیشکردن و ماندو بون بۆ مەعیشەتی ژیان سەربەرزیە بۆ ئینسان. ئێمە بە هەزاران ئەندامی حیزبمان هەیە کە مەغدورە و، کە لە ئیلتیزام و دەوامی بارەگا تەواو ئەبێت، لە ناو بازاڕ ئیشی دەستگێڕی ئەکات. لە لایەکیترە وە بە لێشاو خەڵکی لایەنەکانی تر (ئەگەر هەواڵی ڕاگەیاندنەکان ڕاست بن) دێنە ناو ڕیزی حیزبەکەمانەو. باشە ئەگەر ئێمە توانای چاککردنی باری ژیان و گوزەرانی هەڤاڵەکانی خۆمان نەبێت، ئیتر چۆن ئەتوانین موچەو ئیمتیازات پێشکەش بە خەڵکێکی تازە هاتو بکەین کە هەتا دوێنێ بەس خوا ئەزانێ چیان بە پارتی نەکردوە؟!… ئەگەر هەڤاڵانی ئێمە لەم ئەتوارەی حیزب عاجز ببن ناحەقیانە؟… وەک ئەوە وایە منداڵی دایک و باوکێک برسی بن، کەچی دایک و باوکەکە تەبەننی مناڵی دراوسێکەیان بکەن و نوقڵ و شەکرۆکە بارانیان بکەن…!

لە هەڵبژاردنەکاندا، دەنگی ئینسانێک کەرامەتێتی و، کەرامەتی ئینسانیش کڕین و فرۆشتنی پێوە ناکرێت. رابەر و مەرجەعی ئێمەی پارتیەکان سەرۆک مەسعود بارزانیە. لێرەوە جورئەت ئەکەم بڵێم کە سەرۆک بارزانی دژی تیجارەتکردنە بە شەخسیەت و کەرامەتی ئینسانەوە و، هەر هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی جەنابیان کەسێکی بە ئیمانە و بڕوای تەواوی بە فەرمودەی خودا هەیە (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِىٓ ءَادَمَ). هەر بۆیەش، هەر هەڤاڵێکی ئێمە کە پۆستی حیزبی هەیە ولە خەللاقیەتی سیاسەت و حیزبایەتی ئەزانێت، ئەبێت لەپێشا خزمەتی کەوادری موستەحەقی خۆمان بکات، نەک باری سەرۆک وەزیران و مەکتەبی سیاسی و جەنابی سەرۆک وەزیرانیش بۆ داهاتویەکی دورو درێژ قورس و قورستر بکات و خاڵک دامەزرێنێت، ئیمتیازات تەوزیع بکات و پلەی حیزبی ببەخشێتەوە . ئەم پیاوەتیانە هەموی پارەی تێ ئەچێت و، پیاوەتیەکەش لەسەر حسابی هەڤاڵە دەستکورتەکانی ئێمەن. ئەگەر ئێمە سەر بە ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانین، ئەوا ئەوا جەنابیان ئەفەرموێت [کەسی سیاسی ئەبێت خزمەتکاری میللەت بێت]، نەک ببێتە بار بەسەر میللەتەوە و حیزبایەتیش ببێتە سەرچاوەی مەعیشەت.


PM:03:05:09/12/2023

ئه‌م بابه‌ته 1164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی