لە یادی دامەزراندنی یەکێتیدا (2023)

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

ئەم گوتارە پیرۆزباییەکی سادە نیە بە بۆ نەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە. بەڵکو زیاتر سەیرکردنێکی هەل و مەرجی ئێستای (هەرێم)ی کوردستانە و ڕۆڵی یەکێتیە، لە دیدگای کەسێک، کە بۆ یەک ڕۆژیش لە ژیانیا، نە جەلالی و نە یەکێتیش بوە.

پێش هەرشتێک، پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەو یەکێتیانە ئەکەم کە کوڕ، برا، باوک، خوشک، مام، خاڵ و کەسانی ئەزیزی خۆیان لەدەستدا لە پێناو خۆشبەختی گەل و سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان لە ڕێگەی خۆبەستنەوەیان بە ڕیزی ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە. ئینجا پیرۆزبایی لەو ئینسانە خۆنەویستانە ئەکەم، کە بە بڕینی هەوراز و بە سەرما، گەرما و برسێتی، هەژاری گیرفان، شەونخونی، ئاوارەیی، ترس لە مردن و ئازاری فیشەک، درێژەیان بە شۆڕش داو، تەسلیمی زاڵم نەبوون. هەرچەنە بەشێکی زۆری وزەی ئەم قوربانیانە، لە شەڕی نەگریسی براکوژی و لە پێناو (هیچ)دا بەهەدەر چو… بەداخەوە.

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا هەرێمی کوردستانی عێراق حاڵەتێکی دوو ئیدارەیی بەسەر ئەبات. پارتی و یەکێتی گەڕاونەتەوە بۆ سەردە می عەقڵیەتی کۆن. گەڕاونەتەوە بۆ سەردە مێکی کۆن، کە جێی شانازی نیە… سەردەمی عەقڵیەتی یەکتر قوبوڵ نەکردن… سەردەمی لوت بەرزی… سەردەمی خۆ لە میللەت و نیشتیمان بەزلتر زانین.

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، کورد مەبدە ئی خزمەتکارو کۆیلەیی عەرەبی پێ پەتی هەڵبژاردوە. یەکێتی و پارتی پێشبڕکێی دۆستایەتی عەرەبی شۆڤێنیست لەگەڵ یەکتر لە بەغدا ئەکەن (بەشیعە و سونەشیەوە).

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا و لە شاری سلێمانی، شتێک دروست بوە بە ناوی نەوەی نوێ و کەس نازانێ باوک و دایکی (سیاسی) ئەم نەوەی نوێیە کێیە (بۆیە ئەڵێم شت چونکە نەوەی نوێ نە حیزبە و نە ڕێکخراوێکی سیاسیە هەتا بیرو باوەڕ و بەرنامەی هەبێت، بۆیە بەس شتە و هیچی تر). هەندێک کەس ئەڵێن پاراستن و پارتی نەوەی نوێی دروستی کردوە، هەندێک ئەڵێن یەکێتی دەوڵەمەندی کردوە و دروستکراوی خۆیەتی، هەندێکیش ئەڵێن ئەمریەکیەکان دروستیان کردوە. ئەگەر پاراستن و پارتی دروستکەری  ئەم شتە بن ئەوا زۆر کورت بینن. ئەگەر یەکێتی ئەم شتەی دروست کردبێت بە مەبەستی لاواز کردنی لایەنەکانی تر، ئەوا ئەوەندەی تر فەزای سیاسی سلێمانی بەرەو پۆپۆلیزم ئەبات. خەڵک ئەڵێن: سەیرە ساحێبی کۆشکی نەوەی نوێ پارەی کارەبا و پشکی هاوبەشەکانی چاڤیلەند نادات و کەچی نە حکومەتەکەی کاک قوباد تاڵەبانی و نە عەنتەریاتەکەی کاک باڤڵ تاڵەبانی دەرەقەتی نایەن…! خەڵک ئەڵێن: ساحێبی کۆشکەکەی نەوەی نوێ شەریکی هەندێک لە برادەرانی یەکێتیە…! خەڵک ئەڵێن: ئەگەر یەکێتی لە پیاو کوشتن بێت پێویست ناکات فیشەکەکە بنێت بە ڕانی کەسێکەوە، بۆ نەینا بە سەریەوە؟…

بڕواش ناکەم ئەمەریکیەکان ئەوەندە بێ عەقڵ بن قومار لەسەر وەرە قەیەکی سوتاو بکەن. ئەگەر واش بکەن، ئەوا ئەم شتە وەک خزمەتکارێک سەیر ئەکەن و  بۆ مەرامی خۆیان بەکاری ئەهێنن و هەر کات ئیشیان پێی نەما توڕی ئەدە نە ناو زبڵدانەوە. بۆ ئێران و تورکیاش بێ گومان بە هەمان شێوە.

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر پێویستی بە یەکێتی نەماوە، چونکە هێزەکانی پەکەکەی بە جۆرێک لە هەورامان، شارەزور، شاڕباژێڕ و پژدەر جێگیر کردوە کە بە ئیعازێکی بیسیمی فەرماندەیی سوپای پاسداران لە ماوەی لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا پەکەکە هەموو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەگرێتە ژێر دە ست و، ئینجا بە ناوی کوردایەتیشەوە ناوی کانتۆنی سلێمانی لێ ئەنێت. ئەو کاتەش، تەنانەت یەک (بەناو) ڕۆشنبیری و (بەناو) پۆست مۆدێرنەی کوردیش بە پەکەکە  ناڵێت لە پێناوی چیدا وا ئەکەیت؟…!

پارتی و یەکێتی کاتێک گەورە ئەبن کە خزمەتکاری خەڵکی کورد بن… هەمو قەسر و سەروە ت و دەسەڵاتەکانی تری ژیان (بۆ کەسانی سیاسی کورد) کاتێک بایەخیان هەیە کە لەخزمەتی خەڵکی کورد و تاپۆی ڕەشی خاکی پیرۆزی کوردستانا بن. خاکی پیرۆزی کوردستان موڵکی گشتیە. بینا و کێڵگەی  ماڵی ئەو کەسانەی کە بە پارە کڕیویانە و شوێنی نیشتەجێبون و بازرگانیان لەسەر دروست کردوە موڵکی خۆیانە، بەڵام زەویەکەی قابیلی کڕین و فرۆشتن نیە، چونکە کوردستانە… کوردستان تەنها موڵکی هەمو کوردە و یەک تاقە بستیشی بۆ فرۆشتن نیە. کوردستان ئەوەندە پیرۆزە کە نرخەکەی بە هەمو دراو و زێر و گەوهەری دونیا ناپێورێت. نرخی مەترێک لە زەوی کوردستان بەرامبەری هەموو ئەوروپا و ئەمەریکایە.

قیمەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە خۆشبەختی کورد و سەرفرازی  خاکی پیرۆزی کوردستانەوەیە، هەر ئەوە و بە س. ئەگەر یەکێتی حەزی لە گەورە بون و بە هێز بونە، ئەبێت دڵی خەڵکی کورد ڕازی بکات و سەروەری خاک بپارێزێت. چونکە سەرکەوتن تەنیا لەوێدایە.

پیرۆزە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.


AM:08:12:01/06/2023

ئه‌م بابه‌ته 1040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی