ژەنگ هەڵهێنانی حیزب

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

تێبینی:

ئەم گوتارە بە مەبەستی ڕەخساندنی دیبەیتێکی هەمەلایەنە نوسراوە. بەو هیوایەی کەسانی خاوەن ڕەئی لە بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکان و، بەتایبەتی کەسانی حیزبی (لە هەموو حیزبەکان) بۆچونەکانمان لەگەڵ یەکتر بگۆڕینەوە بەئامانجی ئەوەی بگەینە چارەسەرێکی مەنتیقی و عەمەلی. عەیبە نیە ئینسان باس لە کەمو موڕیەکانی خۆی بکات، عەیبە و نەزانی گەورە ئەوە یە لە ئاست کەم و کوڕیەکانماندا ئەوەندە کوێر بین هەتا ڕۆژێک دێت مێشکمان ژەنگ هەڵدێنێت.

هەندێک کەس دە ڵێن سیاسەت لە ماوەی سی ساڵی ڕابوردوو لە هەرێمی کوردستان پاشە کشەی کردوە. مەبەستیشیان لە سیاسەت شێوازی حوکمڕانیە لە چوارچێوەی دام ودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەندە پێم وایە شێواز و مۆدێلی حیزبایەتی لە شوێنی خۆی چەقیوە و، حکومڕانیەکەش خاوو خلیچک بوە.

بەراوردێکی سەرپێیی ئێستای هەرێمی کوردستان لەگەڵ سی ساڵ بەر لە ئێستا پێمان دەڵێت کە شت کراوە و، شتی زۆریش کراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی شتەکان بە خاوی کراون ئینسان هەست بە گۆڕانکاری گەورە ناکات. هیچ میللەتێک لەسەر گۆی زەوی نادۆزیتەوە حەزی بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری، ئاوی خاوێن و بەنزینی هەرزان نەبێت.

بەڵام لە هەمان کاتدا، زۆرینەی دانیشتوانی سەر زە وی (بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێهەم) بەدەست کێشەی کارەبا، نەبوونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە و بەنزینی گران داد و بێدادیانە. دونیای ئێستا وەک دووسەد و بگرە وەک سەد ساڵ لەمەوپێشیش نیە.

وڵاتانی ئەفەریقا بە هەزاران کیلۆمەتر لە ئۆکرانیا و ڕوسیاوە دورن، کەچی شەڕی نێوان ئەو دوانە نرخی گەنم (نرخی نان)  لە ئەفریقا گران دەکات. لە ئەنجامی شەڕی عەرەب و ئیسرائیل (١٩٧٣) زیانێکی هێجگار گەورە بەر ئابوری جیهان کەوت و، نرخی بەنزین بە جۆرێک بەرز بوە وە کە لە جادەو بان و ئۆتۆبانەکانی ئەوروپا بەزەحمەت ئۆتۆمبیلێک بەدی دەکرا (وڵاتانی عەرەبی ئیمبارگۆی نەوتیان ڕاگەیاند). بڕوانە مەسافەی جوگرافیایی وڵاتانی عەرەبی کە نەوت بەرهەم دەهێنن چەند لە ئەوروپاوە دورن…! بەکورتی، گلۆبالیزەیشن دونیای بەجۆرێک کردوە بە سۆپەرمارکێتێکی گەورە، کە هیچ حکومەتێک یان وڵاتێک ناتوانێت کۆنترۆڵی نرخی شت و مەک لە بازاڕی خۆیدا بکات.

بەواتایەکیتر شتێک بەناوی بازاڕی لۆکاڵ مانایەکی ئەوتۆی نەماوە. ئەمە ش ئەوە دەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان (وەک هەموو حکومەتێکیتر) لەژێر کاریگەری ئابوری نەرێنی دەوروبەر (جیهان) دابوە. ئەم قسانە بە هیچ جۆرێک پاساو نین بۆ ئەو هەڵەو کەم و کورتیانەی کە خۆمان لێی بەرپرسیارین. بەڵام حکومەتەکانی ئێمە لە هەڵسەنگاندندا نەک بە مایە، بەڵکو بە قازانج هەستاونەتەوە. نموونە بۆبەراوردکردن لەگەڵ وڵاتان زۆرن.

ئەی حیزبایەتی لەماوەی ئەم سی ساڵەدا چ گۆڕانکاریەکی بەسەردا هاتوە؟ ئایا حیزبەکان توانیویانە مۆدێلی بەدیل، سەردەمیانە و پێشکەوتوو بۆ سیاسەتکردن بدۆزنەوە؟

حیزب دام و دەزگایەکی مەدە نیە و ناوەندی کاروباری سیاسیە. لەسەردەمی ئێمەدا حیزب کەرەستەیەکە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی خەڵک بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حیزب خەلاق بێت و بەبەردەوام تەزوی ژیان ئۆرگانەکانی بە زیندوویی بهێڵێتەوە. حیزبایەتیش وەک هەموو جموجۆڵێکی تری ناو کۆمەڵگەی ئینسانی کۆمەڵێک بنەماو تایبەتمەندی خۆی هەیە.

مەخابن، ئێمە لە ماوەی ئەم سی ساڵەی ڕابوردودا، نەمانتوانیوە حیزبەکانمان نۆژە ن بکەینەوە و کادری خەلاق، بوێر و خاووەن ڕە ئی  دروست بکەین. لەبری ئەوە حیزبمان کردوە بە تەممەڵخانە، کارگەی پلەبەخشینەوە بە هەوانتە (خاتری ئەم و خاتری ئەو و واستەی ئەو) و ئۆرگانەکانیمان کردۆتە بەخێوکەر (فەرمانگەی سۆشیال).

بۆ ئەوەی دڵێکی زویر ئاشت بکەینەوە پلەیەکی حیزبی پێ دەبەخشین، یان پلەکەی بەرز دەکەینەوە، بێ ئاگا لەوەی کە پلەی حیزبی (لەهەرێمی کوردستان) یەکسانە بە ئیمتیازات. خۆ ئەگەریش پلە بەرز بکەیتەوەو ئیمتیازاتی نەدەیتێ، ئەوا دڵشکانی دووهەم دروست دەبێت.

بەکورتی، ئەم نەریتە سەقەتە وای کرد، هەتا ئاوڕمان دایەوە، بوینە خاوەنی لەشکرێکی حیزبی کە پێویستی بەنان و کرێ خانوو، مەسرە فی مناڵ و دەواو دەرمان و هاتوچۆو … تا دوایی هەیە. دواجاریش حیزب دەبێتە بەرپرس لە دابینکردنی ئەو پێداویستیانە. مەنتیقیشە ئەگەر بڵێین، ئەم بەرپرسیارێتیە وا لە حیزب دەکات کە لە دابینکردنی داهاتدا مونافەسەی حکومەتەکەمان بکات.

ئەم مۆدێلە لەبارچوە لە حیزبایەتی، هیچ مانایەک بۆ سیاسەت ناهێڵێتەوە، یان لانی کەم زۆر لاوازی دەکات. ژیانی ڕۆژانەی حیزبایەتی لەبری ئەوەی تێکهەڵقژانی سیاسی، کۆبونەوەی پڕ بەرهەم و قوتابخانەی پێگەیاندنی جیلی سیاسی داهاتومان بێت، دەبێتە ژیانی بێگاری و ڕۆتینی دەوام و سەری مانگیش وەرگرتنی مووچەکە.

ئەمەیە پاشەکشێ و، ئەمەیە کە ساڵ بە ساڵ زەرەری بە چۆنایەتی (کواڵیتی) حوکمڕانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی ئێمە گەیاندوە. ئەمە ئەو مۆدێلەیە لە حیزبایەتی کە خەریکە ژەنگ هەڵدێنێت.


PM:04:45:04/07/2022

ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی