ئێمە و مامۆستایان

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

کێشە ی هەرە سەرە کی سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا نەبوونی سەندیکای، ئەگەر سەبەخۆش نا، سەندیکای ئۆتۆنۆمە. سەندیکاکان لەژێر دەسەڵات و بڕیاری حیزبدان. ڕە تکردنەوە ی هەیمەنەی حیزب بەسەر سەندیکاکانەوە بەو مانایە نایەت کە دەستی حیزب ببەسترێت لە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ سەندیکاکان بەمەبەستی هاوکاری و بەرژەوەندی دوولایەنە (بۆ نموونە لە کاتی هەڵبژاردنەکان). بەڵام قۆرخکردن شتێکە و، هاوکاری دوولایەنە شتێکیترە. سەندیکا گرنگترین جەمسەرن لە تێکهەڵقژانی سیاسی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، کە دەبێتە هۆکاری بەرە وپێش چوونی کۆمەڵگە.

مامۆستایانی کوردستان توێژێکی گرنگ و زێدە پێویستن بۆ ئێستاو داهاتوی کۆمەڵگەکەمان. تەنانەت لە ڕابوردوشدا مامۆستایان لەسەنگەری پێشەوەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا بوون. هەمیشە بە شانازیە وە باس لە وە دەکەم کە بەندە لەسەر دەستی مامۆستایانی شۆڕشی ئەیلول فێری خوێندەواری بووم. لە ساڵانی نەوەد دا مامۆستایان بە بێ مووچە وانەیان دەگوتەوە و دروشمە نیشتیمانی و شۆڕشگێڕانەکەیان هەتا ئێستاش لە گوێی زۆربەما ندا دەزرنگێتەوە ``من مامۆستام و سەری بەرزم بۆ مووچە نەوی ناکەم``.  

لێرەدا مەبەستمە مەسەلەی مامۆستایان و ئەرکی ئێمەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان لە چەند خاڵی سەرەکیدا کورت بکەمەوە:

وەک لە پێشەکی ئەم گوتارەدا ئیشارەم پێدا، مامۆستا وەک هەموو پیشەوەرێکیتر پێویستی بە سەندیکای مامۆستایان هەیە. سەندیکایەکی مامۆستایان کە خۆی بڕیار لەسەر ناوەڕۆکی پەیرەو و، بەستنی کۆنگرە و، هەڵبژاردنی سەرکردایەتی سەندیکاکەی بدات. ئاساییە ئەندامانی سەندیکا ئینتیمای حیزبیان هەبێت، بەڵام نابێت مەرام و مەبدەئی سەندیکاکە کە مەرام و مەبدەئێکی پیشەییە لەبیر بکەن. بەداخەوە ئەو جۆرە لە سەندیکای مامۆستایان لە کوردستان وجودی نیە و، خەتاکەش لە ئێمە وە یە. تەنانەت لە دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، کە سەندیکایەکی (بەحساب) سەربەخۆ دروست بو کە هەواداری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بزوتنەوەکە لێنەگەڕا سەندیکاکە ڕێچکەی سروشتی خۆی بگرێتەبەر و هەڵەکەی ئێمە و یێکێتی نیشتیمانی دوبارە کردەوە و قۆرخی جوڵانەوەکەی کرد، هەر بۆیەش هیچی لی سەوز نەبوەوە. بوونی سەندیکایەکی مامۆستایان کە سەربەخۆ بێت هەنگاوێکی زۆر گرنگ و گەورە یە بۆ مسۆگەرکردنی مافە کۆمەڵایەتیەکان لە هەرێمی کوردستان.

- مامۆستا پێویستی بە مووچە و خانە نشینیەکی شایستە هەیە بۆ ئەوەی پەروەردەی کولتوری و زانستی مناڵانی نیشتیمان بکات. چونکە هیچ مامۆستایەک ناتوانێت بەبێ شوێنێکی نیشتەجێ بوون، مسۆگەر بوونی بژێوی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی، بە باشی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

مامۆستا پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و گونجاوە بۆ ئەوەی ڕەنجەکەی بەرهەمی هەبێت. خۆ ئێستا سەردە می شۆڕشی ئەیلول نیە مامۆستا لای ئاسایی بێت لە ترسی قەسفی تەیارە لە ئەشکەوتا وانەکانی بڵێتەوە. دروستکردنی قوتابخانە زەرورەتێکی گرنگە. چۆن چاوەڕوان بین مامۆستایان لە پۆلێکدا بە ٤٠ قوتابیەوە، لە قوتابخانەیەکی دوو یان سێ دەوامیدا، بە تەوالێتی پیس و نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە وانەکانی بڵێتەوە و مناڵەکانمان فێری کەلتور و زانست بکات؟

دواجار سیاسە تکردن بە بێ واقیعبینی دە بێتە شیعر و شانامە. ئێمە دەزانین کە بەم قەیرانە داراییەوە کە ڕوی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردوە، مەحاڵە حکومەت بتوانێت ئەو خاڵانەی سەرەوە بۆ مامۆستایان (خۆبەخۆ بۆ قوتابیانیش) جێ بە جێ بکات. لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو زۆرترین بەشی میزانیەی دە وڵەت کەرتی پەروەردە دە یبات. بەڵام کە پارە نەبوو، گەر ئیرادە ش هەبێت، توانای جێبەجێ کردنی بەرنامەکان نابێت. هەربۆیەش گرنگە گوڕو تینی پڕۆسەی چاکسازی سارد نەبێتەوە و، سامانی وڵات چیدی لەمە زیاتر بە فیڕۆ نەدرێت. دەبێت وەزارەتی پەروەردە توند و تۆڵ بکەین و، کەرتی پەروەردە وەک پێشمەرگە و تەندروستی لە ئەولەویاتی بەرنامەی حوکمڕانیمان بێت. ئێمەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان کە لەدەسەڵاتدا بووین، یان ئێستا لەدەسەڵاتداین لەئاست مامۆستایانی کوردستان و موعاناتیان بەرپرسیاری یەکەمین. نابێت لەم بەرپرسیارێتیە ڕا بکەین و، دەبێت بە کردەوە چارەسەری کێشەکانیان بکەین، هەنگاو بە هەنگاو، لە پڕۆسێسێکدا و بە ئیرادەیەکی جدییەوە.


PM:09:25:15/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 1748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی