کۆدەتا شکستخواردوەکەی ترامپ چیمان پێ دەڵێت؟

‌د. کاوە مەحمود


لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراودا کە بە تەواوی لە گەڵ  ڕێبازی ترامپیزم دەگونجێت، سەرۆکی شکستخواردووی دووا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، دووا فیشەکی چرۆکی خۆی وەشاند، و لە ڕێگای وروژاندنی ناوەندی شۆڤینی و ڕاستڕەو لە گوڕەپانی سیاسی ئەمەریکا رۆژی چوارشەمە 6ی کانونی دووەم پەلاماری کۆبونەوەی ئەنجومەنی پیرانی لە باڵاخانەی کاپیتۆل دا، بەو مەبەستەی کە دەنگدانی ئەنجومەنی پیران لە سەر پەسەندکردنی بایدن براوەی هەڵبژاردن، نەکرێت.

 ئەم هەنگاوەی ترامپ ڕەنگدانەوەی ڕێباز و ئاراستە سیاسییەکانی پێشترێتی، کە لە سەرەتاوە مەترسی لە ئاکامی هەڵبژاردنەکاندا هەبوو، و دەیویست هەلبژاردن دووا بخرێت، و دوواتریش هەر لە سەرەتای دەستپێکی هەڵبژاردن باسی گزی و تەزویری دەکرد، و هەنگاوی پەلاماردانی کاپیتۆلیش هاوکات لە گەڵ دەرکەوتنی ئاکامەکانی هەڵبژاردنەوەی ولایەتی جۆرجیا بوو کە کۆمارییەکان دوو کورسی ئەنجومەنی پیرانی ئەو ولایەتەیان دۆڕاند، و بەم شیوەیە هاوسەنگی نێوان دیموکراتییەکان و کۆمارییەکان لە نێو ئەنجومەنی پیران گەڕایەوە، و جێگیری سەرۆک کامالا هاریس توانای یەکلاکردنەوەی بریارەکانی ئەو ئەنجومەنەی دەبێت.

پەلاماردانی کاپیتۆل بە هاندانی ڕاستەوخۆی ترامپ بوو، و کاتێکیش جەماوەری ڕاستڕەو و فاشی ئەو باڵاخانەیەیان گرت، ترامپ دەستخۆشییان لێکرد و باسی ئەوەی کرد کە لایەنگرانی ئەو لەوێدا هەن، و ئەو کارەیان جێگای شانازی گەلە کە دەبێ دسەڵات بۆ ترامپ بگەڕێتەوە، و ئاکامەکانی هەڵبژاردن قەبوڵ نەکرێت.

کاتێک خۆپیشاندەرانی ڕاستڕەو پەلاماری باڵاخانەی کاپیتۆڵیان دا، پاسەوانی نیشتمانی کە بە بریاری کۆشکی سپی جموجۆڵ دەکەن، بێ دەنگ بوون، و بەشێک لە ئەندامانی کۆماریی ئەنجومەنی پیران کورتبینانە خەونیان بە سەرکەوتنی کۆدەتای ترامپ دەبینی، کە لەو قەناعەتەدا بوو ئەنجومەنی پیران لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران هەڵبژاردنی بایدن پۆچەڵ دەکەنەوە.

بەڵام دیسانەوە کورتبینی خەونی فاشییەکان و خوێندنەوەی هەڵەیان بۆ دوبارەکردنەوەی مێژووی ناوەڕاستەکانی سەدەی ڕابووردوو لە ئۆروپا، یان لاسایکردنەوەی ئەزمونی حوکمرانە دیکتاتۆرییەکانی جیهانی سێیەم وای لە ترامپ کرد کە بە عقلیەتی بەشداری لە زۆرانبازی و گرێبەستی بازرگانی بیر لە مانەوەی لە دەسەڵاتدا بکاتەوە، ئەوە بوو نەک تەنها ڕای گشتی لە ئەمەریکا و تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی سەر بە کۆمارییەکان، و خودی مایک بینس جێگری سەرۆک سەرگۆنەی هەلوێستەکی ترامپی کرد، سەرانی ئۆروپا هەڵویست و کارەکانی ترامپیان بە قیزەوەن دانا.

کۆدەتاکەی ترامپ بەردەوامبوونی سیاسەت و کردەوە و ڕفتاری سیاسی ئەم کەسایەتییە کە نوێنەری ڕاستەقینەی ڕەوتە ڕاستڕەو و شۆڤینییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، کە پەنای بردە بەر گوتارێکی پۆپۆلیستی قیزەون و ئاراستەی گوتاری بوخز و ڕق و قینە، و هەنگاوەکانی درووستکردنی دیوار لەگەڵ مەکسیک، و دەرچوونی لە یۆنسکۆ و لە رێکەوتننامەی پاریس دەربارەی ژینگە، و گاڵتە و گەمەکردن بە تەندروستی خەڵک لە ماوەی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، و دۆستایەتی کردنی سەرجەم حوکمرانە دیکتاتۆر و شۆڤینییەکانی جیهان.

سیاسەتەکانی ترامپ و هەنگاوەکانی لە بواری ناوخۆی ئەمەریکا و سیاسەتی دەرەکی و پەیوەندی نێودەوڵەتی و ڕەفتارکردن لە گەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە چوارچێوەی رێبازیک کۆدەکرێتەوە کە دەتوانیین پێی بڵێن ترامپیزم کە نوێترین بەرجەستەبوونی قەیرانی سەرمایەداری هاوچەرخ و مۆدیلی نیولیبرالیزمە، و بە شێوازی جۆراجۆر دەردەکەوێت.

دووای تێپەربوونی ساڵێک لە سەر هەڵبژاردنی ترامپ سەردانی بەرپرسێکی فرە گەورەی کوردم لە دەوڵەتی عێراق لە بەغدا کرد بە مەبەستی پیرۆزبایی لێکردنی. بەرپرسی برادەرم پێی وتم: تۆی کۆمۆنیست هەردەم دەڵێی سەرمایەداری لە قەیراندایە، بزانە ئەوە ترامپ ساڵێکە لە حوکم خەریکە قەیران لە سەرمایەداریدا ناهێلێت. لە وەڵامدا پێم ووت: قوربان بوونی ترامپ بە سەرۆک ڕەنگدانەوەی قەیرانی سەرمایەدارییە.

پێم وایە زۆر بە ڕوونی دەرکەوت کە ترامپ نمونەیەکە بۆ بوونی قەیرانی سەرمایەداری کە بە هاتنی بایدنیش لەوانەیە ئەو قەیرانە بە بوونی نموونەی بایدن لە حوکمدا هێوەرتر بێت، بەڵام چارەسەر نابێت.


PM:03:20:11/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی