وەدیهێنانی ئاشتی ناوخۆیی

‌د. کاوە مەحمود

وەدیهێنانی ئاشتی ناوخۆیی و گەشەپێدان و حوکمرانی باش سێ کوچکەی کارکردنە بۆ سەربەخۆیی نیشتمانی
د. کاوە محمود
لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا واقیعێکی ئاڵۆزی پڕ لە ئاستەنگ بەدی دەکرێت، و چاوگەکانی بارگرژی و قەیران لە بەردەم گەشەپێدانی ئابوری و نەبوونی هاوسەنگی نێودەوڵەتی و فراوانبوونی بۆشایی نێوان باکوری دەوڵەمەند و باشوری هەژار، و زیادبوونی ئەو گرفتانەی پەیوەندییان بە شوناسەوە هەیە، تەشەنەی کردوە. پرۆپاگندەکانی جیهانگیری بۆ نەهێشتنی تایبەتمەندی ڕۆشنبیری لە دەیەی ڕابووردوودا نەیتوانی تایبەتمەندییە شوناسی و کەلتورییەکان لا بدات و ئێستا گرفتەکانی شوناس نەک تەنانەت باشوری زەوی بەڵکو باکورە دەوڵەمەندەکەشی دەگرێتەوە، و لە وڵاتانی وەک ئیسپانیا و بەریتانیا و شوێنی دیکەش بەدی دەکرێت.

مەترسییەکانی سەرهەڵدانی سەر لەنوێی قەیرانی ئابوری، و زیادبوونی خەرجی سەربازی، و بڵاوبونەوەی پۆپۆلیستی و گوتاری ڕق و قەبۆڵنەکردنی بەرامبەر، تێکرای ئەم دیاردانە کە مۆرکێکی جیهانی هەیە، لە دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتمەندی خودی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانی بەسەردا دابەش کراوە بە دی دەکرێت و ئەمەش هاوکاتە لە گەڵ بوونی پاشخانێکی مێژوویی کە وای کردوە گرفتەکان تەنها بواری دەوڵەت نەگرێتەوە بەڵکو تەواوی گرفتەکان لە نێو کۆمەڵگاکاندا بە دی دەکرێت.

ئەم گرفتانە سێ کوچکەیەکی ئاڵۆزی قەیراناوی درووست کردووە، و مەترسی گەورەش لێیان ئەوەیە کە ئەگەر و توانای بەرهەمهێنانەوەیان لە لایەن هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ناوچەیە هەیە.

گرفتی یەکەم پەیوەندی بە نەبوونی توانا بۆ درووست کردن و بەرقەراربوونی ئاشتی لەم کۆمەڵگایانە هەیە. هۆکاری سەرەکی ئەم بابەتە بۆ هەڵوێستی نەتەوەی باڵادەست لەم دەوڵەتانە دەگەڕێتەوە کە دوور لە نەریتەکانی مودێرنیزم دەستی بەسەر ئیدارەی دەوڵەتدا گرتوە. نەتەوەی باڵادەست پێی وایە درووستکردنی دەوڵەت بەو جۆرەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کراوە مافێکی مێژووی بە خۆی و و هێزە سەرەکییەکانی بەخشیوە، و ئەو تاقمەی کە فەرمانڕەوایەش دەکات خۆی بە خاوەنی دەوڵەت دەزانی و پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکەش دەبێ ڕۆڵی وابەستەیی ببینن. نموونەی ئەم جۆرە دەوڵەتانە لە عێراق و سوریا و لوبنان و تەنانەت لە تورکیا و ئێران بە زەقی بەدی دەکرێن. هەرچەندە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان باسی بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکەن، و چەندین چالاکی و خەرجیان لەم بوارەدا سەرف کردوە، بەڵام شاڵاوی یەکتر قەبوڵنەکردن و قایل نەبوون بە تایبەتمەندی بەرامبەر و بەرپاکردنی شاڵاوی شەڕی تایفەگەری و تێکەڵکردنی بە شوڤینیستی نەتەوەیی و دەمارگیری و توندڕەوی ئاینی و تەنانەت ئەنجامدانی تیرۆری دەوڵەت و تیرۆری تایفەگەری و ئاینی، بنەمای مامەڵکردن لە گەڵ بەرامبەردا بووە، و هەردەم نەتەوە و تایفەی باڵادەست خۆی بە خاوەن دەوڵەت زانیوە و پێکهاتەو و نەتەوە و تایفەکانی دیکە دوور لە چەمکی هاوڵاتیبوون بە کەسایەتی پلە دوو و کەمتر زانراون، و بەردەوامی داوایان لێکراوە لە نێو زۆربەدا بتوێنەوە بۆ ئەوەی بە هاوڵاتی دلسۆز لە لایەن نەتەوەی باڵادەست بژمێردرێن.

گرفتی دووەم پەیوەندی بە نەبوونی توانای ئەنجامدانی گەشەپێدان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەمەش جگە لەوەی پەیوەندی بە وابەستەیی بۆرژوای حوکمران بە ناوەندە سەرمایەدارەکانەوە هەیە، تاقمی حوکمران لەو وڵاتانەدا دەوڵەت بە غەنیمە و دەسکەوتی خۆیان زانیوە، و باشترین ئاماژە بۆ ئەم دیاردەیە قەوارەی ئەو گەندەڵیەیە کە تاقمی حوکمران لە عێراق و لە لوبنان ئەنجامیان داوە. جگە لە گەندەڵی و تاڵانی بەردەوامی تاقمی حوکمران، نەبوونی ئاشتی لەو ولاتانەدا کە دیسانەوە بە هۆی سیاسەتی حوکمرانانەوە بووە، هۆکارێکی دیکەی نەبوونی گەشەپێدانە.

گرفتی سێیەم پەیوەندی بە نەبوونی حوکمرانی باشەوە هەیە کە بێگومان جێبەجێکردنی بنەماکانی حوکمرانی باش مانای گەڕانەوە بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ و بنیاتنانی دامەزراوەکان و ڕوونی و شەفافیەت، و کارکردن بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و واڵابوونی ئازادییەکان لە نێو کۆمەڵگادا، و بنبڕکردنی تاڵان و گەندەڵی، و لە کاتی دابینکردنی ئەم ئازادیانە و ئەنجامدانی گەشەپێدان و وەدیهێنانی حوکمرانی باش ئەوا زەمینە بۆ دەسەڵاتدارانی نەتەوە باڵادەست و تاڵانکەران بۆ بەردەوامبوون لە سیاسەتەکانیان، نامێنێت.

نەبوونی تواناکان بۆ وەدیهێنانی ئاشتی و گەشەپێدان و حوکمرانی باش سێ بابەتن بە یەکەوە گرێدراوەن و گرفتیش لەوە دایە کە دەسەڵاتدارانی نەتەوە و تاقمی باڵادەست بە هۆی هۆشمەندی چەواشە و ئەنجامنەدانی پرۆسەی مودێرنیزم لەم کۆمەڵگایانە توانیویانە لە رێگای چەواشەکردنی هۆشمەندی هێزە کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوە سەردەست، ڕەوابوون بە کارو و سیاسەتی چەواشەکاری بدەن و خۆیان وا دەرخەن کە پارێزەری بەرژەوەندی تایفەی باڵادەست و نەتەوەی باڵادەست و پارێزەری یەکیتی خاکی دەوڵەتی نیشتمانیین کە تا ئێستا گرفت لە درووستبوونی ئەم چەمکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، و تەنانەت لە کاتی نەمانی توانای بەردەوامبونیان لە حوکمدا ئەوا توانای ئەوەیان هەیە کە ئەلتەرناتیفی خۆیان بە هەمان عەقلیەت و داواکاری سیاسی خۆیان دابرێژن.

لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبەڕووی گرفتی ئاشتی و نەبوونی گەشەپێدان و حوکمرانی باش دەبینەوە. لەوانەیە دۆستانی گەلەکەمان و ڕای گشتی خاوەن ویژدان زۆر گلەیی ئەوەمان لێ نەکەن کە بۆچی ئاشتی لەم دەوڵەتانەی کە کوردستان بە سەریدا دابەشکراوە، نییە. هەڵبەتە هۆکاری سەرەکی نەبوونی ئەو جۆرە ئاشتییە بۆ هەڵوێستی حوکمرانانی نەتەوەی باڵادەست دەگەرێتەوە کە توانیویانە پەرژینێک لە هێزی کۆمەڵایەتی ئەو نەتەوەیە لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە و ڕەوا بوون بە کارەکانیان کە دژ بە ئاشتییە، ببەخشن، بەڵام دۆستانی گەلی کوردستان مافی خۆیانە کە گلی لە ڕەوشی ئاشتی ناوخۆیی لە نێو هەرێمی کوردستان و لە نێوان هێزە سیاسیەکانی لە هەر پارچەیەکی کوردستان بکەن کە چاوەڕوانی کاری هاوبەشی تێکۆشەرانەیان لێ دەکرێت.

لە هەمان کاتدا ڕای گشتی جیهان و دۆستەکانی گەلی کوردستان کە دەبینین هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمایەتی خۆی هەیە مافی خۆیانە کە گلەیی لە نەبوونی گەشەپێدانی ئابوری و خۆشگوزەرانی و نەبوونی بنەماکانی حوکمرانی باش بکەن کە هەردووکیان گرفتی سەرەکین و دووچاری هەرێمی کوردستان بۆتەوە.

بە نیسبەت گەلی کوردستان ئاشتی و گەشەپێدان و حوکمرانی باش سێ کوچکەی ژیانین بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان کە پێویستی بە یەکێتی ریزەکانی گەلە، و بێ دانانی بەرنامەی کارا بۆ ئەنجامدانی ئاشتی ناوخۆیی سەقامگیر و ئەنجامدانی گەشەپێدان و حوکمرانی باش، ئەرکە نیشتمانییەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و سەربەخۆیی نایەتە دی.
1


PM:08:23:09/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 3344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی