لە جوغزی سەربەخۆییدا گەڕان بە دوای بەیەکەوە ژیان

‌د. کاوە مەحمود


لە پاش ڕوخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە ساڵی 2003 دا بەشێکی زۆری رێکخراوە نێوەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن لە گەڵ رێکخراوە لۆکاڵییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی، چالاکییەکی فراوانیان سەبارەت بە بەیەکەوە ژیان لە عێراقدا ئەنجامدا. حکومەتی عێراق  بۆ ماوەیەک وەزارەتێکی بەناو ئاشتبونەوەی نیشتمانی درووست کرد. چالاکییەکانی تایبەت بەم بوارە سەدان کۆر و کۆبونەوە بوون. بەشێک لە چالاکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراقدا بۆ ئەم بوارە تەرخان کرابوو.

لە میانەی ئەم کۆر و کۆبونەوانەدا ژمارەیەک لە کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و حزبی سەر بە گەل و نەتەوە و ئاین و ئاینزا جیاجیاکانی دەوڵەتی عێراق کۆدەکرانەوە، و دوای ئەوەی هەندی لە پێکهاتەکان کە ژمارەیان کەمە باسی هەلومەرجی خراپی خۆیانیان دەکرد و ئاماژەیان بۆ دیاردەکانی چەوساوە و فشار کە دەرهەقیان کراوە، و داوای پاراستن و مامەڵەکردن لە گەڵیاندا وەک هاوڵاتی نەک مرۆڤی پلە دوو، دەکرد، پێکهاتە و نەتەوەی زۆربەش باسی ئەوەیان دەکرد کە بە هیچ شێوەیەک جیاوازی نییە، و هەموومان برا یەکترین و یەک ماف و یەک چارەنوسمان هەیە، و کۆڕ و کۆبونەوەکە تەواو دەبوو، و هەر پێش دەرچوونی بەشداربووان هەواڵی کوشتن و فڕاندن خەڵکی بە ئامادەبووان دەگەیشت.

دوای هەموو ئەو کۆبونەوانە کە خەرجییەکی زۆری تیادا بەکارهێنراوە، ئەمڕۆ تابلۆیەکی تراجیدی سەیر لە نێو ئەم دەوڵەتە درووست بووە. لە ئاکامی شەڕی شیعە و سوننە لە بەغدا و هەندی پارێزگای دیکەدا ریزبەندییەکی دیموگرافی نوێ پەیدا بوو. هەندێ گەڕەک لە بەغدا بە تەواوی پێکهاتەی دانیشتوانەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هات. لە بەسڕا کرستیان و ئەرمەن بە دەگمەن بەدی دەکرێن، سابئەی مندائیی لە عەمارە و ناسریە نەمان، کوردی ئێزیدی دووچاری جینوساید بوو، کورد بە ناچاری لە دوز و داقوق دەردێن، و کوردانی کەرکوک سەرکوت دەکرێن. کرستیان و کوردی ئێزدی ئەو دەوڵەتە جێدەهێڵن. تێکرای نەتەوە و پیکهاتەکان لە دڵەڕاوکی دەژین و باوەڕیان بە دوارۆژ نییە. سەڕەڕای ئەم تابلۆیە کۆڕ و کۆبونەوەی نەزۆک و بێ سوودە سەبارەت بەیەکەوە ژیان لەسەر هەمان ریتم بەردەوامە.

باسکردنی ئەم تابلو ناهەموار و دژوارە مانای بانگەشەکردن بۆ فەرامۆشکردنی پێداویستی بەیەکەوە ژیان نییە. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: بۆچی ئەم دۆخە هاتۆتە کایەوە و ئایا بێکەوە ژیان بەم جۆرە ئەنجام دەدرێت؟!

 خاڵی دەستپێک بۆ گرتنەبەری رێگای نوێ، بیرکردنەوەیە بە میتۆدێکی نوێ و جیاواز لە لۆجیک و میتۆدی پێشتر کە لە سەرەتاوە هەر لایەنێک بە کۆمەڵێک خاڵی نەگۆر و پیرۆز دەستیان بە گفتوگۆ لە گەڵ بەرامبەردا دەکرد.

هۆکارەکانی نەزۆکی هەوڵ و تەقەڵاکانی پێشتر بۆ فەرامۆش کردنی کۆمەڵێک خاڵ دەگەرێتەوە لە سەرووی هەموویانەوە فەرامۆشکردنی قەیرانی دەوڵەتی عێراق و تەماشاکردنی چوارچێوەی دەوڵەت لە ڕوانگەیەکی پیرۆزی ئەوتۆوە کە بواری گفتوگۆکردنی لەسەر نییە. خاڵی دووەم پەیوەندی بە باوەڕ نەبوونی زۆربەیە بەچەمکی عەدالەتی ڕاگوزاری بە جۆرێک گەیشتۆتە ئەو حاڵەتەی کە تەنانەت رێکخراوە نێودەوڵەتییە بیانییەکانیش داوا لە کچە قوربانییەکی ئێزیدی بکەن کە جینوساید دەرهەقی کراوە و کەس و کاری کۆژراوە و خۆشی دەستدرێژی لە سەر کراوە و چەندین جار فرۆشراوە کە قبوڵی بەیەکەوە ژیان لە گەڵ جەلادەکەی بکات!

بە شێک لە گرفتەکانی دیکەی سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵانەی بۆ بەیەکەوە ژیان دراوە، بریتییە لە دەستنیشانکردنی سنوور بۆ داواکاری ڕەوای گەل و پیکهاتیەک بە جۆرێک پێی دەوترێ نابێ داواکارییەکی لەو سنوورەی بۆی دەستنیشان دەکرێ ، دەربچێت!

چارەسەری دیموکراسی و عادیلانەی بەردەوام بۆ ئەم گرفتە بە فەرامۆشکردنی خودی بابەتەکە و بازدان بە سەریدا ئەنجام نادرێت. بۆیە هەر گفتوگۆیەک کە خوازیاربین بەرهەمی هەبێت گرنگە ئەم خاڵانە بە هەند وەربگرێت:

ـــ دەستنیشانکردنی ناوەڕۆکی مەسەلەکان و پاشخانە مێژووییەکەی.

ـــ پەرەسەندن و بارودۆخی ئێستای بابەتەکە.

ـــ دەستنیشانکردنی مەبەست لە چارەسەرکردن.

ــ ئاماژەکردن بە ئەو رێگایانەی چارەسەرێکی بەردەوام نەک کاتی، دابین دەکات.

لەم ڕوانگەیەوە ئێجگار گرنگە کە بابەتی بەیەکەوە ژیان بە چەمکی شوناسی ئەو گەل و پێکهاتانەی لە نێو دەوڵەتی عێراقدا بە زۆر کۆکراونەتەوە، ببەسترێتەوە، و چارەسەرەکان بازدان بەسەر تایبەتمەندی شوناسەکاندا نەبێت.

گەڕان بە دوای بەیەکەوە ژیان وا پێویست دەکات لاینە سیاسیەکانی عێراق دوور لە چەمکی پیرۆزی دەوڵەت و بوونی تابۆ لە باسەکاندا، گفتوگۆی کراوە بکەن، و هیچ بابەتێک لەسەر مێزی ئەو گفتوگۆیانە قەدەغە نەبێت. بەیەکەوەژیانی گەلان پێویستی بە ئیرادە و ویستی ئازاد و سەربەخۆی گەلانە.

مەرجەکانی سەرخستنی ئەم گفتوگۆیانە لە کۆمەڵێک خاڵدا بەرجەستە دەبێت: 

1ـ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان. 

2ـ دوور بوون لە بەکارهێنانی گوتاری ئاینی یان بانگەشەی نەتەوەیی شۆڤینی بۆ وروژاندنی جەماوەر سەبارەت بەو بابەتانەی کە جێگای ناکۆکین.

3ـ هیچ نەتەوە و پێکهاتیەک لە گفتوگۆ سەبارەت بە بابەتی بەیەکەوە ژیان فەرامۆش نەکرێت.

4ـ  بیرکردنەوە لە پاراستنی سەرجەم دانیشتوانی دەوڵەتی عێراق بە تێکرای گەل و نەتەوە و ئاینەکانییەوە بە جۆرێک کە ئاشتی کۆمەلایەتی مسۆگەر بکرێت.

5ـ پشتبەستن بە پرنسیپەکانی دیموکراسی ومافی مرۆڤ و قایل بوون بە مافی گەلان بۆ دەستنیشانکردن و بریاردانی چارەنوسی خۆیان، لە تێکرای گفتوگۆکاندا.

6- پاراستنی ئازادییە دیموکراسییەکان و بەشداریپێکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە گفتوگۆکاندا. 

ئەمە رێگایەکە بۆ ئەوەی بابەتی بەیەکەوە ژیان بەرەوە ئاسۆیەکی کراوە ببرێت.


PM:09:00:01/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 4400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی