بارزانی، پێشمەرگایەتی وەک عەقیدە

‌ ئاسۆ حاجی

سەرۆک بارزانی کە ئێستا مەرجەعی بزاڤی کوردایەتی(بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان)ە و بە گیانێکی پێشمەرگانە رابەرایەتی دەکات، ئەو پێشمەرگایەتیەی شەشت ساڵە بۆتە مەزنترین ناسناو و پێناسە و شانازی کە هەرگیز بە هیچ وەسف و پلە و پۆستێکی دیکەی نەگۆڕیوەتەوە، ئەو باوەڕەی بارزانی درێژکراوەی هەمان ئەو مێژووەیە کە بیری نەتەوەیی لە فەیلەسوفانی مەزن ئەحمەدێ خانی و مەلای جزیری لەلایەن شێخ عەبدولسەلامی یەکەمەوە تێکەڵ بە خواپەرستی و عیرفان بووە و لە لە بارزان وەک عەقیدەیەک رسکاوە و بۆتە ئەو رێبازەی کە مانەوەی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتیمان پێیوەیە گرێدراوە.

لە مێژووی زیاتر لە سەت ساڵی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا، ناوی مەسعود بارزانی بە پیتی گەورە دەنوسرێت، چونکە بۆتە زاکیرەی هاوبەشی هەموو کوردستانیەکی سەربەخۆخواز لە سەرتاسەری کوردستانی گەورە، ناوی بۆتە هاوواتای ناوی سەرکردە و رابەرە مێژوویەکانی کوردستان، رابەرانی وەک شێخ عوبەیدوللا، شێخ رەزا، شێخ مەحمود، قازی محەمەد و مستەفا بارزانی، ئەمڕۆ لە زاکیرەی هەموو کوردێکی نەتەوەیی و هەموو کوردستانیەکی سەربەخۆخواز مەسعود بارزانیەک بە هەموو واتا و شانازیێکەوە ئامادەیی هەیە.

مەسعود بارزانی وەک خاوەن و رابەری مەزنتری رووداو لە مێژووی نوێی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان دەمێنێتەوە، وەک وەچەرخانێک لەو مێژووە پێناسە دەکرێ، وەک رابەرێکی بە هەڵوێست لە بەرامبەر گەلەکەی ناوی دەهێندرێت، کە بۆ یەکەمین جار توانی ئیرادەی گەلی کوردستان بە سەر ئیرادەی داگیرکەرانی کوردستان سەربخا، لە سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 2017/9/25 کە زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا و باوەڕیان بە سەرۆکەکەیان کرد کە پێشمەرگانە بۆ مافەکانیان ئامادەیی هەموو قوربانیەک بوو.

ئەو مێژووە کە خاڵی جیاکردنەوەی دوو قۆناغە لە مێژووی کوردستان و ناوچەکەدا، لە بڕیاری خەڵکی کوردستان لە چارەنووسی خۆیان، هەروەها بێدەنگی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کە رێگەیان بە داگیرکەران دایەوە کە ئەو مافە بە گەلی کوردستان رەوا نەبینن، ولاتانی داگیرکەر لە جیاتی رێزگرتن لە بڕیاری کوردستانیان، ئەوە پەلاماری کوردستانیان دایەوە و ئەگەر گیانی پێشمەرگایەتی مەسعود بارزانی و باوەڕی پێشمەرگەکانی بارزانی بە کوردستان و دۆزە رەواکەی نەبوایە، ئێستا شتێک بەناوی قەوارەی دەستوری کوردستان نەمابوو، رەنگە لە باشترین حالەتدا شتێکی کارتۆنی وەک سەردەمی رژێمی بەعس هەبووایە کە لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەبردرابوایەکە نیوەی جوگرافیای باشوری کوردستانیان رادەستی داگیرکەران کردەوە. بارزانی لەو مێژووە یەکلاکەرەوەیدا بڕیاری خۆنەچەماندنی دا، خۆنەچەماندن ئەو چەمکە نوێیەی ئەو رووداوانە خستیانە ناو فەرهەنگی سیاسی کوردستان و بارزانی لە رێگەیەوە قوتابخانە و باوەڕی کوردایەتی تێدا ژیاندەوە و بە ناوی خۆیەوە گرێیدا کە ئێستا وەک قوتابخانەی خۆنەچەماندن باسی لێوە دەکرێ.


PM:03:32:20/05/2022

ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی