نەجەف بێدەنگی دەشکێنێ؟

‌ ئاسۆ حاجی

دوای بەدیارکەوتنی ئادگاری قۆناغی نوێی سیاسی لە عێڕاق و باڵا دەست بوونی رەوتی سەدڕ لە بڕیار سیاسی و یەکلایی کردنەوەی هاوکێشەکان و بەلاداخستنی دۆخەکە بەلایەک، پرسیار دەربارەی هەڵوێستی نەجەف و مەرجەعیە دێتە گۆڕێ، کە بە دڵنیایەوە ئێستا کەوتوونەتە بەردەم پرسیارێکی گرنگ و چارەنووسساز، ئایا خۆزگە و داواکاریەکانی سەدڕ تەنها لە چوارچێوەی کاری حوکمەتداری دەمێنێتەوە، یان پەل بۆ نەجەفیش دەهاوێژێ و ئەویش بەشێکە لە خۆزگەکانی، بۆ کۆنتڕۆلکردنی دڵ و عەقڵی شیعە!

ئەق ئەگەر زۆر بەهێزە، لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان، سەدڕ لە رێگای حکومەتەوە پارە و داهاتێکی زۆر زیاتر لە ئێستای دەکوێتە ژێر دەست و دەتوانێ باشتر و زیاتر کۆنتڕۆلی کۆمەڵگای شیعە بکات. دووەمیان، پیری و پەککەوتەیی مەرجەعی ئێستا سەید عەلی سیستانی، حەزەکەی سەدڕی گەورەتر کردووە، چونکە لە کاتی کۆچی دوایی کردنی سیستانی رەنگە بە ئاسانی بتوانێ بەو ئامانجەشی بگات.

گەیشتنی سەدڕ بەو ئامانجانەی لە کۆنتڕۆل کردنی بەغدا و نەجەف، واتا تەواو گواستنەوەی ئەزموونی ئێرانیە بۆ عێڕاق و کۆبوونەوەی دەسەڵاتی دین و دونیا لە دەستی کەسێک دا. لە ساڵانی رابردوو نەجەف چەندین جار ئەو رۆڵەی بینیەوە و دەستی خستۆتە کاروباری سیاسی و بڕیاری داوە کە نە حکومەت و نە پەڕەلەمان و دادگای باڵا نەیتوانیوە لاملی لە بڕیارەکانی بکەن، بە پێچەوانەوە تەواو گوێڕایەل و ملکەچی بوونە، بەڵام بەو مۆدێلە ئێرانیەی کە سەدڕ چاوی لێیە، ئەوە حەوزەی نەجەف دەبێتە سەرچاوەی هەموو بڕیارەکانی کە پێویستە پەڕلەمان حکومەت دەریبکەن.

بێدەنگ بوونی نەجەف تا ئێستا لە بەردەم ئەو گۆڕانکاریانە، جێگای پرسیارە، ئایا نەجەف لەگەڵ ئەو رێکارانەیە کە سەدڕ بانگەشەی بۆ دەکات؟ ئایا ئەوانەی لە پشتەوەی سەدڕن نەجەفیان قایل کردیە؟ یان ئەوەتە نەجەف لە بێدەنگیدا بە حیساباتی خۆی دادەچێتەوە و لە کاتی پێویست و یەکلاکەرەوە بێدەنگیەکەی دەشکێنێ و هەڵوێستی خۆی بە روونی رادەگەیەنێ.


PM:08:43:14/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی