ئاڵا یان مرۆڤ؟

‌ ئاسۆ حاجی

قوتابیان بەبێ بێ ڕێزی کردن بە ئاڵا، دەیانتوانی پەیامەکەیان باشتر بگەیێنن، سۆزی خەڵکیش زیاتر بۆخۆیان رابکشێن، لەو رێگەیشەوە فشاریان زۆرتر و  داواکانیان باشتر جێبگرێ، بەڵام بەو بێ رێزیەی کە بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان کرد، بە دەستی خۆیان بە فیتی کەسانی پۆپۆلیستی سیاسی هەڵتۆقیو ئامانجەکانیان لەبار برد، لە خانەی کەسانی خاوەن ماف چوونە دەرێ و بوونە کەسانی گێرەشێوێن و داری دەستی ئەو سیاسیانەی زیاتر لە بیست ساڵە بە گژ هەموو پیرۆزیەکان دادەچنەوە، لەبەر دەرکی دوژمن و داگیرکەران هاواری خۆهەڕاجکردن دەکەن و شاباش و ئافەرین لە داگیرکەران وەردەگرن.

ئاڵا موڵکی حیزبێک نیە، موڵکی حکومەتیش نیە، رەمز و هێماش نیە بۆ هیچ کەس و بنەماڵە و گروپێک، بەڵکو ئاڵا رەمزی تێکۆشان و قوربانیدانی زیاتر لە سەت ساڵی میللەتێکی ژێر دەستەیە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی، ئەو ئاڵایە بە خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسکی هەزارن دایکە شەهید و دەست و مەچەکی هەزاران پێشمەرگە پارێزگاری لێکراوە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ کە لە سەر بارەگاکانی دامەزراوە فەرمیەکانی قەوارەی سیاسی و دەستوری هەرێمی کوردستان بشەکێتەوە.

زۆر کەس بۆ رەوایی دان بەو کارە نا بەجێیە، بەراوردی ئازاردان و خوێنی قوتابیان دەکەن بە ئاڵا و خەڵک دەخەنە بەردەم پرسیاری ئەوەی، کامەیان پیرۆزترە! بێگومان مرۆڤ و ئاڵا هەردووکیان پیرۆزن، هەرگیز ئەو بەراوردکاریە لەجێی خۆیدا نیە، چونکە خۆنیشاندان و داواکردنی ماف لەلایەک و بەرپەرچدانەوەیان و ئازارادان و گرتنی خۆپیشاندەران هیچ پەیوەندیان بە ئاڵاوە نیە تا سوکایەتی پێ بکرێ.

پەڕلەمانتاران لەهەموو فڕاکسیۆنەکان ئەوانەی کوردستان و ئاڵاکەیان لا پیرۆزە لە گەڵ کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەتی پەڕلەمان بۆ قسەکردن دەربارەی داواکاری قوتابیان بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی خوێندن، دەبوایە داوا بکرێ لە هەمان دانیشتن قسە دەربارەی ئەو بێڕێزیانە بکرێ کە دەربارەی ئاڵای کوردستان دەکرێ، پێویستە کار بۆ ئەوە بکەن بە پڕۆژە یاسایەک ئەو کارە نابەجێیانە قەدەغە بکرێن و وەک تاوان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێ، بە یاسا سزای ئەوانە بدرێ کە بێ رێزی بە ئاڵای کوردستان دەکەن.


PM:01:05:24/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی