ئەو عێراقەی ئەمریکا قبوڵی ناکا

‌ ئاسۆ حاجی

ئەمریکا دەبێ لەوە تێبگا پەیوەندی ئەو لەگەڵ عەرەبی عێڕاق پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراوە کە هەرگیز ناتوانن بەیەکە هەڵبکەن،دەبێ ئەوەش بزانێ پەیوەندی شیعەی کە زۆرینەی عەرەبی عێڕاقن لەگەڵ ئێران پەیوەندیەکی روحی و عەقائیدیە وپەرەپێدانی ئەو پەیوەندیە ئەرکێکی ئاینی و ئەخلاقیە،بۆیە ئەمریکا لایەنی کەم لە عێڕاقی شیعە ناتوانێ رکابەری ئێران بکات،نە بەگۆڕینی کەسی سەرۆک وەزیران و نە بە موجامەلە کردنی شیعە بە بێهێزکردنی سوونە و پشت کردنە کورد،زۆرینەی سوونە ئەمریکا وەک دوژمن تەماشا دەکەن و ئەوەیان تاکە خاڵی هاوبەشە لەگەڵ شیعە و خەریکە کوردیش وێنەی ئەمریکا بەو شێوەیەی ببینێت.

تا لە چاوی ئینگلیزەوە ئەمەریکا تەماشای عێڕاق و ناوچەکە بکات لە ئێستا باشتر نابینێ و لەو پاشەکشێ کردنەی پازدە ساڵە ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران دەیکا دەبێ بەردەوام بێ،لە نموونەی یەمەنەوە بگرە تا عێڕاق و سوریا و لوبنان ئەوە راستی دووبارە دەکەنەوە کە ئەمریکا هەر هەنگاوێک بۆ دواوە داوێ ئێران یان روسیا جێی دەگرنەوە،بۆیە تاکە دەرفەت و تەنها دەرفەت بۆ ئەمریکا ئەوەیە لە ناو ئەو بازنە پیرۆزەی ئینگلیز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشاویەتی بچێتە دەرەوە و تۆزێک دوورتر لە وێنەکە بڕوانێ تا راستیەکان باشتر ببینێ و تێبگا.

لە دوو هەزار و پێنجەوە تا بە ئەمڕۆ دەگا ئەمریکا هیچ نەما لەگەڵ شیعە تاقی نەکاتەوە لە گۆڕینی کەسەکان،لە هەوڵدان بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە لایەنێک یان زیاتر،سەردەمانێک مالیکیان کردە قارەمانی عڕوبە و گووتیان میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەناو دەبا کە ئەوکات تەنها سوپای مەهدی موقتەدا سەدڕ بوون،دواتر سەدڕیان کردە پاڵەوانی چاکسازی و لەناوبردنی گەندەڵی،ئەوجا نۆرەی عەبادی هات و ئێستاش کازمی کە هەموویان ئەنجامەکەیان وەک یەکە ناتوانن لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران بزاڤ بکەن چونکە ئەگەر وا بکەن کۆتاییان دێ،بۆیە ئەنجام مالیکی دەرچوو ئەندامێکی سوپای پاسداران و سەدڕیش قوتابیەکی گوێڕایەڵی حەوزەی قووم و عەبادیش لە بوکەڵەیەک بە دەستی کۆچکردوو قاسم سولەیمانی زیاتر نەبوو،کازمیش لە باشترین حالەتدا ئەوە بوو کە نەیتووانی چەند چەکدارێکی میلیشیاکانی حەشد زیندانی بکا کە کاریان موشەک گرتنە ناوچەی سەوز بوو.

گۆڕین لە ستراتیژیەت و پێداچوونەوە بەو سیاسەتەی کە بۆتە هۆی شکاندنی شکۆی ئەمریکا لە ناوچەکە تاکە رێگایە کە ئەمریکا بتوانێ لایەنی کەمی بەرژەوەندیەکانی بپارێزێ،بەر لە هەموو شتێک ئەمریکا نابێ چیتر وەک پیرۆزی تەماشای سنوورە دەستکردەکانی ئەو ناوچەیە بکات و دەوڵەتەکان لە سەرووی بەرژەوەندی گەل و میللەتان تەماشا بکا و مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

ئەمریکا دەبێ لە خەیاڵی ئەوە بێتە دەرێ کە سیاسەتی بە ناوەندکردنەوەی بەغدا و بەهێزکردنەوەی ناوەند و دروستکردنی دیکتاتۆرێک دەتوانێ بەهۆیانەوە رووبەرووی ئێران ببێتە یان لایەنی کەم دەسەڵات کەم بکاتەوە،چونکە ئێران لە عێڕاقدا خاوەنی زەوی و هێزی سەربازیە،هەروەها لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەگە ملیۆنێک چەکداری راهێندراو و ئامادەی هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی.

بۆ ئەمریکا و خەڵکی ئێراقیش باشترین چارەسەر دابەشبوونی ئەو وڵاتەیە بۆ سێ هەرێمی کۆنفیدڕالی کە ئەنجوومەنێک یەکسان و هاوتا لە بەغدا بووێنەرایەتی هەرسێکیان بکا و بڕیار لەسەر پرس گرنگ و چارەنووسسازەکان بدات،کە دەستووری هەمیشەیی عێڕاقیش پاڵپشتی لە دامەزاراندنی ئەنجوومەنێکی ئەوهایە کە دەسەڵاتی لە سەرەوەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران بێ و بڕیارەکان تێیدا بە سازان و هاوبەشی بێت،ئەگەر نا ئەمریکا رۆژی خۆشتر لەمڕۆ لە عێڕاق نابینێ.


PM:09:29:28/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی